وەزارەتی دەرەوەی تایوان: سزاکانی چین قبوڵ ناکەین و مل بۆ فشارەکان کەچ ناکەین
کوردسات نیوز
١٦ی ئابی ٢٠٢٢
سەرچاوەکانی ھەواڵی چین ئاشکرایانکرد، لەنێو ئەو حەوت لێپرسراوەدا کە چین سزای بەسەردا سەپاندون، بەڕێوەبەری نوسینگەی کاروباری تایوان لە چین و باڵیۆزی تایوان لە واشنتۆن و ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تایوان ھەن.
وتەبێژی نوسینگەی کاروبارەکانی تایوانیش رایگەیاندووە، ئەوانەی سزا دراون رێگەیان پێنادرێت سەردانی چین و ھۆنگ کۆنگ و ماکاو بکەن و ئەو کۆمپانیا و وەبەرھێنەرانەش کە پەیوەندییان بەو لێپرسراوانەوە ھەیە ، رێگەیان پێنادرێت لە چین کار بکەن.
لە بەرامبەریشدا وەزارەتی دەرەوەی تایوان رایگەیاندووە، وڵاتەکەیان سزاکان قبوڵ ناکات و مل بۆ فشارەکانی چین کەچ ناکات.
لەلایەکی تریشەوە "تسای ئینج وین" سەرۆکی تایوان لە میانی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا رایگەیاندووە، مانۆرە سەربازییەکانی چین کاریگەری لەسەر ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە دروستکردووە و لەگەڵ ھاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانیاندا ھەماھەنگییان ھەیە بۆ چاودێریکردنی رەوشەکە.