جیهانجیهان

سیاماک نەمازی زیندانییەکی ئەمریکییە لە ئێران لە نامەیەکی کراوەدا رایگەیاندووە، پێویستە تیشک بخرێتە سەر ژیانی بارمتە ئەمریکییەکان لە ئێران کە لە ژیانێکی کارەساتباردان.

وتیشی، بۆ ماوەی حەوت رۆژ مانگرتن لە خۆراک رادەگەیەنێت. 

ئاماژەی بەوەشدا، تەنھا خودی جۆ بایدن دەسەڵاتی رزگارکردنیانی ھەیە و ئەگەر سور بێت دەتوانێت بیانگەڕێنێتەوە وڵاتی خۆیان. 

سیاماک نامازی بازرگانە و لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٥ بە تۆمەتی سیخوڕی لە ئێران دەستگیرکراوە، باوکیشی بەناوی باقر نەمازی کە کارمەندی پێشوو بووە لە رێکخراوی یونسێف لە سەردانێکیدا بۆ ئێران بۆ رزگارکردنی کوڕەکەی، دەستگیرکراو دواتر رێگەی پێدرا ئێران بەجێبھێڵێت.   

لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووشدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتۆن ھەوڵی جدی دەدات بۆ ئازادکردنی ئەو ئەمریکییانەی لە ئێران دەستگیرکراون.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بە بەشداری زیاتر لە ٢٥٠٠ سەرکردە و نوێنەری وڵاتان و سەرمایەداران و کەسایەتییە جیھانییەکان،  ٥٣یەمین کۆڕبەندی ئابوریی جیھان ناسراو بە "داڤۆس" بە ناونیشانی (ھەماھەنگی لە جیھانێکی پەرتەوازەدا) لە سویسرا ئەمشەو دەستپێدەکات و تا ٢٠ی مانگ بەردەوام دەبێت.

د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق بۆ بەشداری لە کۆڕبەندەکە گەیشتە داڤۆس و لە ڕۆژانی کۆڕبەندەکەدا، لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردەی وڵاتانی جیھان و سەرۆکی دامەزراوە ئابوورییە جیھان کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێک و گەیاندنی وێنەی ڕاستەقینەی ئەو سەقامگیرییە ئەمنی و ئابوورییەی کە عێراق بەخۆیەوە بینیوە، کە کەشێکی گونجاوە بۆ ڕاکێشانی وەبەرھێنان کە یارمەتی عێراق دەدات لە پەرەپێدانی ژێرخانی ئابوری و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ھاووڵاتیان.

تەوەری سەرەکی کۆڕبەندی ئەمساڵ گفتوگۆکردن دەبێت لەبارەی، قەیرانی خۆراک و وزە و ھەڵئاوسان و سستی گەشەی ئابوری-پیشەسازی و رۆڵی کەرتی تایبەت و کێشە کۆمەڵایەتییەکان و مەترسیە جیۆسیاسییەکان.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مایکڵ ماکول سەرۆکی لیژنەی دەرەوە لە ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، داوای لە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوە کردووە زنجیرەیەک بەڵگەنامەی تایبەت و یاداشتە ھەواڵگرییە ئاڵوگۆڕکراوەکانیان لەگەڵ تاڵیبان رادەستبکات.

وتیشی، ئیدارەی بایدن چەندین جار داواکاریی وردبینی رەتکردۆتەوەو بەردەوامە لە شاردنەوەی زانیارییەکان لەبارەی کشانەوە لە ئەفغانستان، جەختیشی کردەوە ئەگەر ئیدارەی بایدن بەردەوام بێت لە رەتکردنەوەی داواکارییەکانیان لیژنەکەیان پەنادەباتە بەر بژاردەی ناچارکردن.

لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠٢١ جۆبایدن سەرۆکی ئەمریکا فەرمانیکرد بە کشانەوەی ھێزەکانیان لە ئەنفغانستان، لە ٢٦ی ئاب لە ھێرشێکی تاڵیبان بۆ سەر فرۆکەخانەی کابوڵ ١٧٣ کەس کوژران کە ١٣یان ئەمریکی بوون، ئەوەش ئیدارەی بایدنی رووبەڕووی رەخنەی توندکردەوە.

ا
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

 لە میانی کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە تایبەت بوو بە رەوشی ئۆکراین ، نوێنەری ئەمریکا رایگەیاند، لەمانگی ئابی رابردوەوە ئێران سەدان فڕۆکەی بێفرۆکەوانی رادەستی  روسیا کردووە،  کە ئەوەش پێشێلکردنی بڕیاری ژمارە ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشە.

رونیشیکردەوە، روسیا فرۆکەی بێفرۆکەوانی ئێرانی بەکاردەھێنێت بۆ کردنە ئامانجی ژیرخانی وزەی ئۆکراین و ملیۆنان مەدەنی ئۆکراینی لەم وەرزی زستانەدا بێبەشبوون بە کارەبا و خزمەتگوزاری.

نوێنەری ئەمریکا ئاشکراشیکرد، ئێران بەنیازە سەدان مووشەکی بالیستی بە روسیا بفرۆشێت. داواشی لەو وڵاتە کرد لە ھەنگاوانە پاشگەزبێتەوەو پشتیوانی ئاشتی لە ئۆکراین بکات.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەسەڵاتی دادوەری ئێران رایگەیاند، بەربەیانی ئەمڕۆ (عەلیڕەزا ئەکبەری) جێگری پێشووتری وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە، بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ بەریتانیا و تێوەگلان لە دۆسیەی کوشتنی (موحسن فەخریزادە) زانانی ئەتۆمیی ئێران، لەسێدارەدراوە.

پێشتر ئەمریکا و بەریتانیا ناڕەزایەتییان سەبارەت بە سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر (ئەکبەری)دا دەربڕیبوو و داوایان لە ئێران کردبوو سزاکە ھەڵبوەشێنێتەوە.

(عەلیڕەزا ئەکبەری) تەمەن ٦١ ساڵ لە ساڵی ١٩٩٧ بۆ ٢٠٠٢ جێگری (عەلی شەمخانی) وەزیری بەرگری ئەو کاتی ئێران بوو، ساڵی ٢٠٠٩ چووە بەریتانیا و مافی پەنابەرێتی لەو وڵاتە وەرگرت، ساڵی ٢٠١٩ لەسەر بانگھێشتی (شەمخانی) گەڕایەوە ئێران و دەستگیرکرا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی بەرگری روسیا لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئۆپراسیۆنی کۆنترۆڵکردنی شاری سۆلیدار گروپێکی تێکەڵ لە ھێزەکان ئەنجامیانداوەو ھێرشی راستەوخۆ بۆ سەر ناوچەکانی نیشتەجێبون لە سایەی جموجۆڵی ئازایانەو بڕوابەخۆبوونی خۆبەخشان بووە لە یەکەکانی گروپی ڤاگنەر.

روسیا رۆژی ھەینی کۆنترۆڵکردنی شاری سۆلیداری لە رۆژھەڵاتی ئۆکراین راگەیاند، شاری سۆلیدار بە بوونی کانی خوێ بەناوبانگەو یەکەم دەستکەوتی گەورەی روسیایە لە شەش مانگی رابردوودا، بەڵام ئۆکراین ھێشتا  رەتیدەکاتەوە شارەکە لە لایەن روسیاوە کۆنترۆڵکرابێت و دەڵێت ھێزەکانیان ھێشتا لە شارەکەدان.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کیریاکۆس میستۆتاکیس سەرۆک وەزیرانی یۆنان لە میانەی کۆنگرەیەکەدا رایگەیاند، بە دوری دەزانێت ئاڵۆزییەکانیان لەگەڵ تورکیا بگاتە ئەو ئاستەی رووبەرووبوونەوەی چەکداری دروست بکات، بەڵام ئەوەی نیگەرانی کردوون، لێدوانی توندی سەرکردەکانی تورکیایە، کە ئاماژەن بۆ ئەوەی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا بە حزبی کراوە و تورکیا ستراتیژییەتییەکی نادروست پەیڕەو دەکات.

سەرۆک وەزیرانی یۆنان ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ وتووێژ لەگەڵ ئەنقەرە بە پشتبەستن بە یاسای نێودەوڵەتی دەربڕی و دووپاتی کردەوە، تاکە چارەسەری ناکۆکییەکانی نێوانیان وتووێژە.
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ماریا زاخارۆڤا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند، بەھۆی بەردەوامبوونی حکومەتی بەریتانیا لەسەر دژایەتییەکانی بۆ روسیا، بڕیاریانداوە ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیرانی بەریتانیا و نوێنەرانی دەستەی پاراستنی یاسا و رۆژنامەوانی لە بەریتانیا بخەن لیستی سزاکانیان.

وتیشی، سزاکانیان جەیمس کلێڤەرلی وەزیری دەرەوە و مایکل جۆف وەزیری گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و نەدیم زەھاوی و پاتریک ساندەرز سوپاسالاری بەریتانیا و ژمارەیەک کەسی تر دەگرنەوە.

دوای ھێرشی روسیا بۆ سەر ئۆکراین، بەریتانیا کۆمەڵێک پاکێجی سزای بەسەر مۆسکۆدا سەپاند و گەشتکردن بۆ بەریتانیاشی لە ژمارەیەک وەزیر و بەرپرسی دیاری روسیا قەدەغە کرد.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئیبراھیم کاڵن وتەبێژی سەرۆکایەتیی تورکیا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، تورکیا پشتیووانی لەو پڕۆسە سیاسییە دەکات، کە لە کۆتاییەکانی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردووەوە، بە کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی تورکیا و سوریا لە مۆسکۆ دەستیپێکردووە.

ئیبراھیم کاڵن وتیشی، ھێشتا ئەگەر ھەیە لە ھەرکاتێکدا ئۆپراسیۆنی زەمینی لە سوریا ئەنجامبدەن، کە ئەوەش دەکەوێتە سەر ئاستی ھەڕەشەکان.

٢٠ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، تورکیا ئۆپراسیۆنێکی ئاسمانی لە رۆژئاوای کوردستان دەستپێکرد و ھەڕەشەی ئەنجامدانی ھێرشی زەمینی کرد، بەڵام ھۆشداری و ناڕەزایەتییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا، ئەنجامدانی ئەو ھێرشەیان راگرتووە.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

میریک گارلاند وەزیری دادی ئەمریکا رایگەیاند، داواکارێکی گشتی بێلایەنی دامەزراندووە، بۆ لێکۆڵینەوە لەو بەڵگەنامە نھێنیانەی لە نوسینگەیەکی ماڵی بایدن دۆزراونەتەوە. 

وتیشی ئەو داواکارە و مافی لێکۆڵینەوەی ھەیە لەگەڵ ھەر کەسێک کە لەو دۆسیەیە تێوەگلاوە و یاسای پێشێلکردووە. 

ھاوکات کارین جان پییر وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، ھەماھەنگی ھەیە لەگەڵ وەزارەتی داد سەبارەت بەو بەڵگەنامانە، بەڵام خودی بایدن ھیچ زانیارییەکی لە بارەی بوونی ئەو بەڵگەنامانە و ناوەڕۆکەکانیان نییە.

پێشتریش بایدن وتبووی، ئامادەیە ھەماھەنگی بکات لەگەل وەزارەتی داد و بەجدی لەگەڵ ئەو دۆسیەیە مامەڵە دەکات.   

تۆڕی سی ئێن ئێنی ئەمریکی ئاشکرایکردبوو، ١٠ بەڵگەنامەی نھێنی لە نوسینگەی پێشووی جۆ بایدن لە ویلایەتی دیلاوێر دۆزراونەتەوە، کە  بۆ ساڵانی نێوان ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٦ دەگەڕێنەوە، کە ئەوکات بایدن جێگری سەرۆکی ئەمریکا بووە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رێکخراوی کەشناسی جیھانی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەھۆی قەتیسبوونی گەرمیا و دەردانی گازە گەرمەکانەوە لەوکاتەوەی پلەکانی گەرما تۆمار دەکرێن،  ھەشت ساڵی رابردوو گەرمترین ساڵ بوون لە جیھاندا، بەشێوەیەک ساڵی ٢٠١٦ گەرمترین بووە و دواتر لە ساڵانی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ بەرزترین پلەی گەرما تۆمارکراون. 

ساڵی ٢٠٢٢ش ھەشتەمین ساڵ بووە لەسەر یەک کە تێکڕای پلەی گەرمی بەرزتر بووە لەو ئاستەی بەر لە شۆڕشی پیشەسازی لە ساڵانی ١٨٥٠ و ١٩٠٠ تۆمارکراوە.

رێکخراوی کەشناسی جیھانی ھۆشداریشیدا لەوەی، تێپەڕاندنی ١.٥ پلەی سیلیزی و گەرمتربوونی جیھان لەگەڵ تێپەڕبوونی کات زیاتر دەبێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئۆکتای لە لێدوانێکیدا بۆ میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند، تورکیا بۆ بەئەندامبوونی سوید لە ھاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی ناتۆ ناتوانێت گڵۆپی سەوز ھەڵبکات، لێبوردەش نابن بەرامبەریان چونکە رێگە بە چالاکییەکانی ئەو لایەنانە دەدەن کە مەترسی ئەمنی لەسەر تورکیا دروست دەکەن. 

وتیشی، سوید پابەند نەبووە بە زۆرینەی ئەو بەڵێنانەی لە رێککەوتنی سێقۆڵی دابووی، ھەروەھا لە جدییەتی تورکیاش تێنەگەیشتووە، بۆیە ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت بە ئەندامبوونی لە ناتۆ وەک خەونێک دەمێنێتەوە. 

ھاوکات میدیای رەسمی سوید بڵاویکردووەتەوە، حکومەتی سوید رادەستکردنەوەی چوار کەسی بە تورکیا رەتکردووەتەوە، کە تورکیا تۆمەتباری کردوون بەوەی دەستیان ھەبووە لە کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی ٢٠١٦دا.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سودانی لەگەڵ سەرۆکی ئەڵمانیا کۆبووەتەوە و پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان بەغداد و بەرلین و چۆنێتی پتەوکردنیان تاوتوێ کردووە. 
ھەروەھا گفتوگۆیان لەبارەی چەندین دۆسیەی تری ھەرێمی و نێودەوڵەتی کردووە، کە جێی بایەخی ھاوبەش بووە.

ھەر لە کۆبوونەوەکە تاوتوێی میکانیزمەکانی ھاریکری و ئاڵوگۆڕ لە نێوان ھەردوو وڵات و شێوازەکانی پێشخستن و فراوانکردنی لە بوارە جیاجاکانی ئابوری و وزەدا کرا، کە لە بەرژەوەندی ھەردوو وڵات و پێشکەوتنی گەلدا بێت. 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، عەلی رەزا ئەکبەری، دوای ماوەیەک لە دەستگیرکردنی لەسەر ئەو سکاڵایانەی لەسەری تۆمارکراوە، رەوانەی دادگا کراوە و بە ئامادەبوونی پارێزەرەکەی لەسەر بنەمای ئەو بەڵگەنامە دروستانەی لە دۆسیەکەیدابوون، بەتۆمەتی سیخوڕی بۆ بەریتانیا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە.

ھاوکات وەزارەتی ئاسایشی ئێران رایگەیاندوە، ئەکبەری دیارترین سیخوڕی دەزگای ھەواڵگری بەریتانیایە و زانیاری گرنگی کۆکردۆتەوە و رادەستی دەزگاکەی کردووە.

عەلی رەزا ئەکبەری خاوەنی ھەردوو رەگەزنامەی ئێرانی و بەریتانییە و یەکێکە لە کەسە نزیکەکانی  عەلی شەمخانی ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و  لە ساڵانی ١٩٩٧و ٢٠٠٥ کە شەمخانی وەزیری بەرگری بووە ئەکبەریش جێگری بووە.

حکومەتی بەریتانیاش ئیدانەی سزاکەی سەر ئەکبەری کرد و  رایگەیاند، پاڵنەرەکانی سیاسی بووە و  داوا دەکەن بەزووترین کات ئازاد بکرێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

چاوشئۆغلو بەر لە سەردانی بۆ وڵاتی رواندا بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، دیداری نێوان وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و سوریا و روسیا لەوانەیە لە سەرەتای مانگی داھاتوو بەڕێوەبچێت، وتیشی، چەند وادەیەک بۆ دیداری ھەرسێ وەزیر لە ھەفتەی داھاتوودا خراونەتەڕوو، بەڵام وادەکان لەگەڵ بەرنامەکانیان نەگونجاوە و ھێشتا بڕیاری کۆتایی لەسەر وادەیەکی دیاریکراو بۆ کۆبوونەوەکە نەدراوە.

تورکیا و سوریا لە ھەوڵی ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانیاندان و لە ٢٨ی کانونی یەکەمی رابردوو وەزیرانی بەرگری ھەردوو وڵات دوای ١١ ساڵ بۆ یەکەمجار لە مۆسکۆ کۆبوونەوە و پێشبینیش دەکرێت دوای کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوە، سەرۆکی ھەرسێ وڵات کۆببنەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

میدیای ئێران بڵاویکردەوە، لە ماڵێکدا لە شاری بۆکان، تەقینەوەی غاز روویداوە و تاوەکو ئێستا تەرمی سێ کەس لەژێر داروپەردوی خانووەکەدا دەرھێندراون و سێ برینداریش رەوانەی نەخۆشخانە کراون.

ئاماژە بەوەشکراوە، بەھۆی رووداوەکە خانوویەک بە تەواوەتی داڕماوە و زیان بەر دوو خانووی دیکەش کەوتووە.
رەسوڵ مەعروفی بەڕێوەبەری ئاگرکوژێنەوەی بۆکان رایگەیاند، تا ئێستا ھۆکاری سەرەکی رووداوەکە نادیارە، بەڵام بارودۆخ و شێوازی تێکچوونی خانووەکە ھاوشێوەی تەقینەوەی غازە.

وتیشی، رەنگە چەند کەسێک یان تەرمی دیکە لە ژێر پاشماوەی خانووەکەدا ھەبێت، ھەربۆیە ھەموو ھەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی بە خێرایی پاشماوەکان لاببەن.


 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...405406407408409...641