جیهانجیهان

دوای رووداوەكانی رۆژی دووشەممە، لێپرسراوانی ئەمریكا پێشبینی دەكەن ترەمپ لە ماوەی چەند رۆژێكدا رێگە بە دەستپێكردنەوەی هێرش بۆ سەر ئێران بدات. 

بەپێی راپۆرتێكی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دەیویست خۆی لە شەڕ بەدوور بگرێت و لەوە زیاتر لە جەنگ  تێوەنەگلێت، بەڵام بەهۆی رووداوەكانی دوێنێ لێپرسراوانی ئەمریكا فشاری زیاتریان خستووەتەسەر بۆ ئەوەی فەرمان بكات بە دەستپێكردنەوەی هێرشەكان بۆ سەر ئێران.

هەروەها لیندسی گراهام سیناتۆری كۆمارییەكان كە پشتیوانی دەستوەردانی ئەمریكای لە ئێران كردووە وتویەتی، ئێران بە تەواوی ئاگربەستی پێشێل كردووە و كردەوەكانی نیشانی دەدەن كە وڵاتێك نییە لەگەڵ دیپلۆماسیەتدا بێت، بۆیە پێویستە ترەمپ بە هێرشێكی گەورە و بەهێز و بەئازار، بەڵام كورتخایەن وەڵام بداتەوە.  

خودی ترەمپ لە دوایین لێدوانیدا وتویەتی، لەگەڵ جەنگدا نییە بۆ سەر ئێران، بەڵام ناهێڵێت ببنە خاوەن چەكی ئەتۆمی، دەشڵێت ئێران كەشتیگەلی دەریایی و مووشەك و سەركردەشی نەماوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی گواستنەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کارکردنی زیاتر لە 20 هەزار شۆفێری بارهەڵگری راگرت بەهۆی شارەزانەبوونیان لە زمانی ئینگلیزیدا، ئەمەش لە چوارچێوەی هەڵمەتێک بۆ رێکخستنەوەی کەرتی گواستنەوەی کاڵاکان و سنووردارکردنی دامەزراندنی کۆچبەرانی نایاسایی لەو کەرتەدا.

شۆن دەفی، وەزیری گواستنەوەی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە تۆری "ئێکس" ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی نزیکەی 28 هەزار مۆڵەتی شۆفێریی کە بە شێوەی نایاسایی دەرکرابوون هەڵوەشاندووەتەوە، هەروەها جەختی کردەوە کە رێکارەکان لەمە زیاتریش دەڕۆن.

ئەم بڕیارانە پشت دەبەستن بەو رێسایانەی کە لە کۆتایی ئابی 2025دا راگەیەندران، کە شۆفێران پابەند دەکات بە هەبوونی ئاستێکی باشی زمانی ئینگلیزی تاوەکو بتوانن لەگەڵ کارمەندانی جێبەجێکردنی یاسا پەیوەندی بکەن و ناوەڕۆکی بارەکانیان لە خاڵەکانی پشکنیندا ئاشکرا بکەن.

ئەم رێکارانە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدایە بۆ توندکردنی چاودێریی سەر بازاڕی کار لەو کەرتانەی کە هێزی کارێکی زۆریان تێدایە، لە پێش هەمووشیانەوە کەرتی گواستنەوەی وشکانی کە بە دەمارێکی سەرەکیی ئابووری ئەمریکا دادەنرێت.

لە دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ هەڵمەتێکی بێپێشینەی دژی کۆچبەران دەستپێکردووە، کە تەنانەت ئەو کەسانەشی گرتووەتەوە کە چەندین دەیەیە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەژین. لە سڕکردنی بەرنامەکانی پەنابەری و هەڵوەشاندنەوەی مافی وەرگرتنی ڕەگەزنامە لە ڕێگەی لەدایکبوونەوە، تاوەکو دیپۆرتکردنەوەی زۆرتر لە ٢.٥ ملیۆن کۆچبەر تەنها لە ساڵی یەکەمدا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، ئەمڕۆ دووشەممە، رایگەیاند کە کاتی راگەیاندنی پلانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ کشانەوەی 5000 سەرباز لە ئەڵمانیا، جێگەی سەرسوڕمان بوو.

کالاس لە کاتی گەیشتنی بۆ لووتکەی کۆمەڵگەی سیاسی ئەوروپا لە ئەرمینیا، وتی: کاتی ئەم راگەیاندنە کتوپڕە.. پێموایە ئەمە دەری دەخات کە پێویستە پایەی ئەوروپی لەناو هاوپەیمانی ناتۆدا بەهێزتر بکرێت و پێویستە هەوڵی زیاتر بدرێت، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە: بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەوروپا تەنها بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەوروپا نییە، بەڵکو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاش دەگرێتەوە.

ئەم لێدوانانە دوای ئەوە هات کە مارک روتە، ئەمینداری گشتیی ناتۆ، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ رایگەیاندبوو کە وڵاتانی ئەوروپا پەیامێکیان لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە پێگەیشتووە و ئێستا کار دەکەن بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکانی پەیوەست بە بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکان.

 روتە لە پەراوێزی لووتکەی ئەرمینیا بە رۆژنامەنووسانی وت: هەندێک ناڕەزایەتی لە لایەنی ئەمریکاوە هەبوو، بەڵام ئەوروپییەکان گوێیان گرت.

شایەنی باسە، پێشتر ترەمپ هەندێک لە وڵاتانی ناتۆی تۆمەتبار کردبوو بەوەی کە کەمتەرخەمن لە پشتگیریکردنی ئەمریکا لە جەنگی دژ بە ئێران، هەروەها رەخنەی لێگرتبوون کە بەشداری ناکەن لە دابینکردنی ئاسایشی گەشتیاری دەریایی لە گەرووی هورمز.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سکای نیوز لەبارەی هێرشەکانی ئەم دواییە بۆسەر جولەکەکانی بەڕیتانیا لە لەندەنی پایتەختی وڵاتەکە راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و تییدا باس لە زیادبوونی دژیاتیکردنیان دەکات.

تەلەفیزیۆنی سکای نیوزی بەڕیتانی راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا بەکورتیی شیکاریی بۆ هێرشەکەی چوارشەممەی رابردوو دەکات بۆسەر دوو پیاوی جولەکە کە بە چەقۆ هێرشیانکرابوویەسەر.

ئەوەشی روونکردووەتەوە، هێرشکەرەکە دوای کەمێک لە ئەنجامدانی تاوانەکەی دەستگیرکرا و دواتر مارک رۆوڵی، بەڕێوەبەری پۆلیسی لەندەنیش لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی تایمز رایگەیاند، تاوانبار کێشەی دەرونیی هەیە و ئەم هێرشانەش بوونەتە دیاردە.

مارک رۆوڵی لە چاوپێکەوتنەکەدا ئاماژەی بە چەمکێکی دەرونشیکاریی 'ژاک لاکان' گەورە دەرونشیکاری فەرەنسیی سەدەی 20 کرد و وتی، تەواوی گروپە رەگەزپەرست و تیرۆرستییەکان لیستێکیان هەیە کە پڕە لەو کەسانەی رقیان لێیانە، چونکە لە دەرونی خۆیاندا بەردەوام 'کەسێکی دیکە' دەدۆزنەوە بۆ ئەوەی لۆمەی بکەن بۆ ئەو نەهامەتییانەی لە ژیانیاندا بەسەریاندا دێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆكی ئەمریكا رایدەگەیەنێت، ئەگەری زۆرە پێشنیازە نوێیەكەی ئێران رەتبكاتەوە و جەنگ دەستپێبكاتەوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، رایگەیاند، بە گومانە ئەو پێشنیازە نوێیەی ئێران قبووڵ بكرێت، چونكە ئێرانییەكان هێشتا باجی ئەو تاوانانەیان نەداوە كە لە ماوەی 47 ساڵی رابردوودا بەرامبەر بە مرۆڤایەتی و جیهان كردوویانە.

ترەمپ ئاماژەی بەوەشكردوە، ئەگەر بێتو ئێران هەڵە بكات ئەوە هێرشی سەربازی نوێ بۆ سەر ئێران دەستپێدەكاتەوە ئەوەی ماویشە لە ناوی دەبەن.

ئەم قسانەی ترەمپ لەدوای ئەوەدێت كە میدیاكانی ئێران بڵاویانردەوە، تاران پێشنیارێكی 14 خاڵی پێشكەشی پاكستا كردووە، كە تێیدا داوای كۆتاییهێنان بە شەڕ لە هەموو بەرەكان و دانانی سیستمێكی نوێ بۆ گەروی هورمز دەكات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەهۆی چەند چالاکییەکی سەربازی لەسەر سنورەکان، هێزەکانی ئۆکراین لەسەر سنووری بیلاڕوس خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند؛ هێزەکانیان لەسەر سنوری نێوان ئۆکراین و بیلاڕوس چەند "جووڵەیەکی نائاساییان" لە لایەن وڵاتی بیلاڕووسەوە تۆمار کردووە.

زیلینسکی ئاماژەی بەوەکرد: "دوێنێ چالاکییەکی نائاساییان لەسەر سنورەکانیان لەگەڵ بیلاڕوس بەدیکرد، کە لە لایەن بیلاڕوسەکانەوە ئەنجام دەدرا."

سەرۆکی ئۆکراین جەختیشی کردەوە، سوپای وڵاتەکەی بە وردی چاودێری هەموو وردەکارییەکان دەکات و وتی: "بارودۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە، هەموو جووڵەیەک دەبینن و لە کاتی پێویستدا وەڵامێکی گونجاویان دەبێت."

تا ئێستا سەرۆکی ئۆکراینا هیچ زانیارییەکی زیاتری لەسەر جۆری چالاکییەکان و قەبارەی هێزەکان ئاشکرا نەکردووە، هاوکات فەرماندەیی هێزی ئاسمانی و پاسەوانی سنوری ئۆکراینیش هیچ لێدوانێکی رەسمیان لەسەر ئەو بابەتە نەداوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمساڵ رەوشی رۆژنامەگەریی لە جیهاندا بەراورد بە 25 ساڵی رابردوو لە نزمترین ئاستدایە و عیراقیش حەوت پلە پاشەكشەی كردووە.

رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنوور راپۆرتێكی لەبارەی رەوشی رۆژنامەگەریی لە جیهاندا بڵاوكردووەتەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ رەوشی رۆژنامەگەریی لە 180 وڵات كردووە، بە پێی راپۆرتەكەش لە زیاتر لە 70%ی وڵاتانی جیهاندا، كاری رۆژنامەوانی بەتەواوی قورس بووە و رۆژنامەنووسان روبەڕووی فشار و هەڕەشە دەبنەوە و زیاتر لە نیوەی وڵاتانی جیهانیش لە ئاستی  دژوار  یان  زۆر مەترسیدارن بۆ ئازادیی رۆژنامەگەریی.

ئاماژەی بەوەشكردووە، هەموو ئەو وڵاتانەی هەڵسەنگاندنیان بۆ كراوە، لە 25 ساڵی رابردوودا هێندەی ئێستا رەوشی رۆژنامەگەریی تیایاندا بەو ئاستە نزم نەبووە.

بەپێی راپۆرتەكەی رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنوور، عیراق ئەمساڵ لە پلەی 162میندایە كە بەراورد بە ساڵی رابردوو حەوت پلە پاشەكشەی كردووە، ئێرانیش گەیشتووەتە پلەی 177، توركیا 163 و سوریا لە پلەی 141 دایە، 10 وڵاتیش وەك خراپترین وڵات بۆ ئازادی رۆژنامەوانی پۆلینكراون.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەهۆی جیاوازی زۆر لە مەرجەکان و هەبوونی دووبەرەکی لە ناوخۆی تاران، هەوڵە نوێیەکانی ئێران بۆ ئاشتی لە لایەن واشنتۆنەوە رەتکرانەوە، ترەمپیش دەڵێت؛ ئێران دەیەوێت رێككەوتن بكات، بەڵام من بەدڵم نییە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە ململانێکانی لەگەڵ تاران رایگەیاند؛ بە دوایین پێشنیازی ئێران بۆ ئاشتی رازی نەبووە و تاران داوای کۆمەڵێک شت دەکات کە واشنتۆن ناتوانێت قبوڵیان بکات.

ترەمپ ئاماژەی بەوەکرد، هەرچەندە ئێران دەیەوێت رێککەوتن بکات، بەڵام ئەو بەو پێشنیازە دڵخۆش نییە و وتی: "ئێرانییەکان لە گەیشتن بە رێککەوتن نزیک نین"، هەروەها ئاماژەی بە بوونی دووبەرەکی لە ناو سەرکردایەتی ئێران کرد و وتی، بەهۆی ئەو دابەشبوونەی لە تاران هەیە هیچ پێشکەوتنێک لە گفتوگۆ تەلەفۆنییەکاندا بەدی ناکرێت.

سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی توندی ئاراستەی تاران کرد و رایگەیاند: "یان ئێرانییەکان لەناودەبەین یان دەبێت لەگەڵمان رێکبکەون، ئەوان ئەوەی دەیانەوێت لەگەڵ ئێمە بەدەستی ناهێنن". جەختیشی کردەوە کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پاکستان وەک نێوندگیر بەردەوام دەبێت.

لە لایەکی ترەمپ، ترەمپ نیگەرانی خۆی بەرانبەر هەڵوێستی ئیسپانیا و ئیتاڵیا دەربڕی و هەڕەشەی بەرزکردنەوەی باجی سەر ئۆتۆمبێلی یەکێتی ئەوروپای کرد بەهۆی پابەندنەبوونیان بە رێککەوتنەکان. سەبارەت بە عیراقیش، پاڵپشتی خۆی بۆ سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عیراق دووپاتکردەوە.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ترەمپ هیوای خواست بە کۆتاییهاتنی شەڕ جارێکی تر نرخی سووتەمەنی لە جیهاندا دابەزێت، وتیشی، کە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ چین "بێ وێنە" دەبێت و بە ئەگەرێکی زۆریشەوە بەشداری لوتکەی گروپی حەوت لە فەرەنسا دەکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

واشنتۆن گرێبەستێكی 100 ملیۆن دۆلاری بۆ پوچەڵكردنەوەی مینەكانی ئێران لە گەروی هورمز ئیمزا دەكات.

هێزی دەریایی ئەمریكا هەنگاوێكی نوێ بۆ روبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانی ئێران لە گەروی هورمز دەنێت و پەنا بۆ تەكنەلۆژیای زیرەكیی دەستكرد دەبات، لەو چوارچێوەیەدا گرێبەستێكی بە بەهای نزیكەی 100 ملیۆن دۆلار لەگەڵ كۆمپانیای ئەمریكی دۆمینۆ داتا لاب ئیمزا كردووە، بە مەبەستی پەرەپێدانی سیستمێكی پێشكەوتوو بۆ دۆزینەوە و دەستنیشانكردنی مینە چێندراوەكانی ئێران لە گەروی هورمز.

ئەم تەكنەلۆژیا نوێیە توانایەكی بێپێشینە دەداتە هێزە دەریاییەكانی ئەمریكا تاوەكو بە خێراییەكی زۆر و ورد، شوێن و جۆری ئەو مینانە دیاری بكەن كە لە كەنداو جێگیر كراون.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا ئاماژەی بەوە كردبوو پڕۆسەی پاككردنەوەی گەرووی هورمز لە مینە چێندراوەكانی ئێران كارێكی ئاڵۆزە و رەنگە چەندین مانگ بخایەنێت، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت بە پشتبەستن بە زیرەكیی دەستكرد، ئەو ماوەیە زۆر كەم بكرێتەوە و سەلامەتیی هێڵە بازرگانییەكان زیاتر پارێزراو بێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەندامانی کۆماری لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا داوایان لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ کردووە روونی بکاتەوە کە چۆن لێکدانەوە بۆ مۆڵەتی60 رۆژەی یاسای "دەسەڵاتەکانی جەنگ" دەکات لە چوارچێوەی هەڵمەتە سەربازییەکانیدا دژ بە ئێران.

گرنگی ئەم داواکارییە لەوەدایە کە وادەی کۆتایی 60 رۆژەکە نزیک دەبێتەوە، ئەمەش سەرۆک ناچار دەکات یان مۆڵەت لە کۆنگرێس وەربگرێت یان کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بهێنێت، بەتایبەت کە یەکەم هێرشەکان دژ بە ئێران لە 28ی شوباتی رابردوو دەستیان پێکرد.

پیت هیگسێت، وەزیری بەرگری، لە کاتی شایەتیدانی لەبەردەم لێژنەی هێزە چەکدارەکانی ئەنجومەنی پیران، دیدگایەکی جیاوازی خستە روو، ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە دەکرێت کاتژمێرەکە بوەستێت یان بە شێوەیەکی کاتی رابگیرێت لە ماوەی راگەیاندنی ئاگربەستدا.

لەو چوارچێوەیەدا، وادیارە کۆمارییەکان، تەنانەت ئەوانەشی دوودڵ بوون لە پشتگیریکردنی بڕیاری دەسەڵاتەکانی جەنگ، کراوە بوون بەرامبەر لێکدانەوەکەی هیگسێت.

سیناتۆر تۆد یۆنگ بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: پێدەچێت جۆرێک لە نەرمی بۆ خۆی دابین کردبێت، ئێمەش چاوەڕێی هەر شتێک دەکەین کە بۆمانی بنێرن.

لای خۆشیەوە، سیناتۆر جۆش هاوڵی وتی: پێشبینی دەکەم ئیدارەکە ئاگادارییەکی رەسمیمان بۆ بنێرێت کە تێیدا هەڵوێستی خۆی بەپێی یاساکە دیاری بکات، یان بە داواکردنی 30 رۆژی زیادە، یان روونکردنەوەی پێویستییان بە کاتی زیاتر بەهۆی هۆکارێکی دیاریکراوەوە.

لە بەرامبەردا، دیموکراتەکان بە توندی بەڵگەکانی هیگسێتیان رەتکردەوە، سیناتۆر تیم کەین روونی کردەوە کە "ئاگربەست واتە نەکەوتنی بۆمب، بەڵام بەواتای نەمانی کردەوەی دوژمنکارانە نایەت.

ئەگەر سوپای ئەمریکا بەکاربهێنین بۆ گەمارۆدانی هەموو ئەو شتانەی دەچنە ناو ئێران یان لێی دەچنە دەرەوە، ئەوا ئەمە هێشتا بە دوژمنکاری هەژمار دەکرێت، کەین جەختی کردەوە کە ئەم وەڵامەی وەزیر دەری دەخات ئەوان دەزانن کێشەی 60 رۆژەکەیان هەیە و هەوڵ دەدەن پاساوێک بدۆزنەوە بۆ خۆدزینەوە لێی.

ئەم مشتومڕەی ئێستا سەبارەت بە مۆڵەتی 60 رۆژ لەگەڵ ئێران، ململانێیەکی هاوشێوەی نێوان کۆنگرێس و کۆشکی سپی لە کاتی جەنگی لیبیا لە ساڵی ٢٠١١دا دەهێنێتەوە یاد. لەو کاتەدا، باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، باسی لەوە دەکرد کە بەشداریکردنی ئەمریکا – کە پێدانی زانیاری هەواڵگری و سووتەمەنی بە فڕۆکەکانی هاوپەیمانانی دەگرتەوە – نەگەیشتووەتە ئاستی "کردەوەی دوژمنکارانە" بەپێی یاساکە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن ئاشكرای كردووە، چاوەڕوان دەكرێت ئەمڕۆ ئێران پێشنیازێكی نوێ پێشكەش بكات.

دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا پێشنیازەكەی ئێرانی رەتكردەوە لەبارەی كردنەوەی گەروی هورمز و لابردنی گەمارۆكانی سەر ئەو وڵاتە، تۆڕیی هەواڵی سی ئێن ئێن ئاشكرای كردووە، چاوەڕوان دەكرێت ئەمڕۆ ئێران لەڕێی نێوەندگری پاكستانەوە پێشنیازێكی نوێ پێشكەش دەكات.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە سی ئێن ئێنی راگەیاندووە، دانوستانەكان بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆیانەوە بینیوە و لە قۆناغێكی باشدان.

لە بەرانبەردا، دۆناڵد ترەپ ئاماژەی بەوەكرد، ئێران بەهۆی لاوازبوونی سەرجەم توانا سەربازی و ئابورییەكانی، ئێستا پێگەی لە دانوستانەكاندا لاوازبووە و پێویستە بە زوویی رێككەوتن بكات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە راپۆرتێکی نوێدا ئاشکرای کرد کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەلایەن ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، زانیاریی وردی پێدراوە دەربارەی چەند پلانێکی سەربازیی نوێ دژی ئێران. ئامانج لەم پلانانە شکاندنی بنبەستی دانوستانە ئەتۆمییەکان یان وەشاندنی "لێدانی کۆتاییە" لە تاران.

ئەو پلانانەی کە پێشکەش بە ترەمپ کراون و جەنەڕاڵ دان کین، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکاش تێیدا ئامادە بووە، چەن خاڵێکی لەخۆ گرتوە تییدا: ئەنجامدانی زنجیرە هێرشێکی ئاسمانی "کورت و بەهێز" بۆ سەر ژێرخانی ئێران، وکۆنترۆڵکردنی بەشێک لە گەرووی هورمز لە رێگەی هێزی زەمینییەوە بۆ پاراستنی هێڵە بازرگانییەکان، وئۆپەراسیۆنی هێزە تایبەتەکان بۆ دەستبەسەرداگرتنی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو.

ئەم ئامادەکارییانە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەرهێنانەوەی مووشەکە ژێرخاکییەکانی ئێران دێت، کە وای کردووە ترەمپ بیەوێت پێش سەردانەکەی بۆ چین، بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بدات.

هاوکات بەرپرسێکی باڵا لە ئیدارەی ترەمپ رایگەیاند، کە کردەوە شەڕەنگێزییە راستەوخۆکانی نێوان واشنتۆن و تاران لە رووی یاساییەوە کۆتاییان هاتووە، ئەمەش دوای ئەوەی هەردوولا پابەند بوون بە ئاگربەستێک کە لە 7ی نیسانی رابردووەوە دەستی پێکردووە.

لەلایەکی دیکەوە، ترەمپ ئەمڕۆ هەینی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "نیوزماکس" دووپاتی کردەوە کە جەنگ بە کردەیی کۆتایی هاتووە و وتی: ئێمە پێشتر لە جەنگەکەدا بردوومانەتەوە، بەڵام من سەرکەوتنم بە جیاوازییەکی گەورەتر دەوێت.

لەگەڵ ئەم لێدوانانەشدا، پیت هیگسێس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران "تا ئەو کاتەی پێویست بێت" بەردەوام دەبێتم، ئاماژەی بەوەش کرد کە مەودای ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکانیان بۆ زەریای هیندی و هێمن فراوانتر کردووە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ بەردەوامیی سیاسەتی "فشاری زۆرینە" سەرەڕای وەستانی شەڕی مەیدانی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆكی ئەمریكا رەتیدەكاتەوە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانیان بۆسەر ئێران بە جەنگ ناوببات و دەشڵێت ئێران خواستی  گەیشتنە بە رێككەوتنی هەیە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، لە پەراوێزی رێورەسمی ئیمزاكردنی چەند فەرمانێكی خانەنشینكردندا لەبارەی پرسی ئێرانەوە رایگەیاند، لەمێژ بوو دەبوو پڕۆسەیەكی سەربازیی فراوان دژی ئێران ئەنجام بدەن، گەر نا ئەو وڵاتە دەبووە خاوەنی چەكی ئەتۆمی.
جەختیشیكردەوە، ئێران زۆر پەرۆش و پێداگرە لەسەر گەیشتن بە رێككەوتن، وتیشی، جگە لە خۆی و ژمارەیەكی زۆر كەم لە كەسانی نزیكی كەس ئاگاداری ناوەڕۆكی ئەو گفتوگۆیانە نییە كە لەگەل ئێران  ئەنجام دەدرێن.
راشیگەیاند، 90%ـی توانای ئێرانمان بۆ بەرهەمهێنانی موشەك لەناوبردووە و ئابووری ئەو وڵاتەش لە لێواری هەرەسهێناندایە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

روسیا پێشنیازێك بۆ ئاگربەستی مرۆیی لەگەڵ ئۆكراین رادەگەیەنێت و كێیڤیش داوای وردەكاری پێشنیازەكە دەكات.

ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆكی ئۆكراین رایگەیاند، وڵاتەكەی بە رەسمی داوای زانیاری و وردەكاریی زیاتری لە مۆسكۆ كردووە سەبارەت بەو پێشنیازەی بۆ ئاگربەستێكی مرۆیی خستوویەتیەڕوو.

ئەم ئاگربەستە بڕیارە لە 9ی ئایاردا بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، كە هاوكاتە لەگەڵ یادی سەركەوتنی یەكێتی سۆڤیەت بەسەر ئەڵمانیای نازی لە جەنگی جیهانی دووەمدا.

زیلینسکی جەختی لەوە كردەوە، كیێڤ بەردەوام دەبێت لە هەوڵە دیپلۆماسییەكانی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی گشتگیر كە ببێتە هۆی كۆتاییهێنانی یەكجارەكی بە جەنگ لە ئۆكرانیا.

لەلایەكی دیكەوە، دیمیتری پیسكۆف، وتەبێژی كۆشكی كرملن، ئاماژەی بەوەكرد، ڤلادیمێر پوتن لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، باسی لەم پێشنیازە كردووە، راشیگەیاند، بەمنزیكانە وردەكارییەكانی ئاگربەستەكە بڵاودەكرێنەوە، بەبێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەك بە كات و ماوەی دیاریكراوی ئاگربەستەكە بدات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دەرەوەی پاکستان جەخت لە بەردەوامی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی دەکاتەوە بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاشکرایدەکات، کەناڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ واشنتۆن و تاران بە کراوەیی ماونەتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی پاکستان رایگەیاند، وڵاتەکەی پابەندە بە بەردەوامبوون لە ئاسانکاری بۆ گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، بە ئامانجی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان و کەمکردنەوەی پێکدادانەکان.

ئیسلام ئاباد ئاماژەی بەوەکردووە، لەگەڵ چەندین دەوڵەتی ناوچەکە لە پەیوەندیدایە بۆ چەسپاندنی ئارامی و دڵنیابوونەوە لە بەردەوامیی ئاگربەست.

ئەم هەوڵانەی پاکستان لە چوارچێوەی نێوەندگیرییەکی چالاکدایە بۆ میوانداریکردنی خولێکی نوێی دانوستانەکان لەنێوان هەردوو لایەندا.

ئەم جوڵە دیپلۆماسییانەی پاکستان دوای ئەوە دێت، کە لە 28ی شوباتی رابردوو گرژییە سەربازییەکان لەنێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەلایەک و ئێران لەلایەکی تر پەرەی سەند، بەڵام لە 8ـی نیساندا و بە نێوەندگیری حکومەتی پاکستان، هەردوولا گەیشتنە رێککەوتنی "ئاگربەستێکی کاتی".

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رێكخراوێكی نێودەوڵەتی بۆ مافی رۆژنامەنوسان هۆشداریدەدات لەوەی ئازادیی رۆژنامەگەری لە جیهاندا گەیشتووەتە نزمترین ئاستی 25 ساڵی رابردوو.

رێكخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور لە نوێترین راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا هۆشداری دەدات، لەوەی ئازادیی رۆژنامەگەری لە جیهاندا لە دۆخێكی كارەساتباردایە، بەپێی ریزبەندی ساڵی 2026، دۆخی رۆژنامەگەری لە زیاتر لە نیوەی وڵاتانی جیهان بە سەخت یان زۆر مەترسیدار وەسف كراوە.
رێكخراوەكە ئاماژەی بەوەشكردوە، لە ئێستا یاسا و كۆتوبەندی توندی بۆ رۆژنامەنوسان دانراوە، زیادبوونی ئەو كۆتوبەندانەشە وایكردوە كاریگەریان لەسەر كارە رۆژنامەوانییەكانیان هەبێت.
یەكێكی تر لە هۆكارەكانی كەمبونەوەی ئازادی رۆژنامەنوسی بۆ ئەوەدەگەڕێتەوە بە بیانوی سیاسەتی ئاسایشی نەتەوەیی، كوتوبەند خراوەتە سەر دەنگە ئازادەكان.
بەپێی ئامارەكانی رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنور، كەمبوونەوەی ڕێژەی ئازادیبەپێی وڵاتەكان جیاوازە، لەو وڵاتانەی دانیشتووانەكەی لە وڵاتانی خاوەن دۆخی باش دەژین، لە 2002 تا ئێستا بە رێژەی لە 1% دابەزیووە، تەنها حەوت وڵاتی باكووری ئەوروپا لە لیستی وڵاتە"باشەكاندان و نەرویج لە پلەی یەكەمدایە، فەرەنساش لە پلەی 25ەمدایە.
سەبارەت بە ئەمریكاش دوای دووبارە هەڵبژاردنەوەی دۆناڵد ترەمپ، ئەمریكا حەوت پلە پاشەكشەی كردووە و كەوتووەتە پلەی 64 هەمینی، راپۆرتەكە ئاماژە بەوە دەكات كە ترەمپ هێرشكردنە سەر رۆژنامەنووسانی كردووەتە نەریتێكی سیستماتیك.
ئەوەی زۆرترین رێژەی پاشەكشەی رۆژنامەنوسانی تیدا تۆماركراوە وڵاتی نەیجریایە37 پلە دابەزیوە، ئەمەش بەهۆی هێرشی گروپە چەكدارەكان و سەركوتی ئەنجومەنە سەربازییەكان.
وڵاتانی عەرەبی و ناوچەكەش لە راپۆرتە بەدەرنەبوون، سعوودی ١14 پلە دابەزیوە و گەیشتووەتە پلەی 176 هەمین، ئەمەش دوای تێچوونی دۆخەكە و لەسێدارەدانی نووسەر "توركی جاسر" لە حوزەیرانی 2025دا.
لە كۆتای لیستەكەی پەیامنێرانی بێسنور هەر یەك لە ئێرتیریا ئێران، چین و كۆریای باكوور دێت كە ئازادی رۆژنامەنوسی تێیاندا هەر زۆر تیدا كەمبووەتەوە.
لە كۆتایی راپۆرتەكەدا، رێكخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور جەخت دەكاتەوە لەوەی جیهان لە ئێستادا شایەدی شەپۆلێكی بەهێزی سەركوتكاری و بەكارهێنانی توندوتیژییە دژی رۆژنامەنووسان، بە جۆرێك كە گۆڕەپانی كاركردنی ئازاد رۆژ بە رۆژ تەسكتر دەبێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...3435363738...629