دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پێویستە وڵاتەکەی ببێتە خاوەنی دورگەی گرینلاند بۆ ئەوەی رێگری بکات لەوەی روسیا و چین دەستی بەسەردا بگرن، راشیگەیاند "وڵاتان دەبێت خاوەندارێتی بکەن، نەک بە کرێی بگرن".

لە وەڵامی پرسیارێکی بی بی سی-دا، ترەمپ وتی: "دەبێت بەرگری لە گرینلاند بکەین". ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان کارەکە ئەنجام دەدەن جا بە "رێگە ئاسانەکە بێت یان بە زەحمەت". پێشتر کۆشکی سپی ئاشکرای کردبوو، ئیدارەی ترەمپ تاوتوێی کڕینی ئەو هەرێمە نیمچە سەربەخۆیە دەکات کە ئەندامی ناتۆیە و سەر بە دانیمارکە، تەنانەت بژاردەی بەکارهێنانی هێزیش بۆ لکاندنی بە ئەمریکاوە بەدوور نەزانراوە.

لە بەرامبەردا، دانیمارک و گرینلاند جەختیان کردۆتەوە کە خاکەکەیان بۆ فرۆشتن نییە. حکومەتی دانیمارک هۆشداریداوە لەوەی هەر جوڵەیەکی سەربازی دەبێتە هۆی کۆتاییهێنان بە هاوپەیمانێتی بەرگری ئەتڵەسی (ناتۆ).

گرینلاند بەهۆی پێگە جوگرافییەکەیەوە لەنێوان ئەمریکای باکور و جەمسەری باکور، گرنگییەکی ستراتیژی هەیە بۆ دانانی سیستمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لە هێرشی موشەکی و چاودێریکردنی کەشتییەکان. ترەمپ بانگەشەی ئەوە دەکات کە ناوچەکە "پڕ بووە لە کەشتی روسیا و چین"، ئەمە لە کاتێکدایە ئەمریکا خۆی بنکەیەکی سەربازی لەو دورگەیە هەیە.

ترەمپ دەڵێت رێککەوتنی بەکرێگرتن بەس نییە و وتی: "خەڵکی چین و روسیام خۆشدەوێت، بەڵام نامەوێت لە گرینلاند دراوسێم بن، ئەوە روونادات و دەبێت ناتۆش لەوە تێبگات".