رێكخراوی نەتەوەیەكگرتوەكان ئاشكرایكرد، لە ئەنجامی هێرشكردنە سەر شێخ مەقسود و ئەشرفییە لە حەلەب نزیكەی 30 هەزار خێزان ئاوارەبوون.

نوسینگەی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ هەماهەنگی كاروباری مرۆیی لە سوریا لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە، بەهۆی پەرەسەندنی گرژییەكان و لە ئەنجامی هێرشكردنە سەر هەردوو گەڕەكی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە، تائێستا نزیكەی 30 هەزار خێزان لەو دوو گەڕەكە ئاوارە بوون، زیاتر لە 20 هەزاریان بۆ عەفرین گواستراونەتەوە، هەروەها هەزار و 100 كەسیش لە نۆ ناوەندی حەوانەوەی بەكۆمەڵدا نیشتەجێكراون و شوێنە ئایینییەكانیان وەك پەناگەی كاتی بۆ تەرخانكراوە.

جەختی لەوەشكردوەتەوە، رەوشی مرۆیی بەرەو خراپی دەچێت لەگەڵ سنورداركردنی هاتوچۆ، راگرتنی خوێندن لە خوێندنگە و زانكۆكان، تیمەكانی وەڵامدانەوەش كار دەكەن بۆ دابەشكردنی هاوكارییەكان.

رێكخراوی نەتەوەیەكگرتوەكان داواشدەكات، هەموو لایەنەكان پابەندبن بە پاراستنی مەدەنییەكان و پاراستنی دامەزراوەكانی تەندروستی و خزمەتگوزارییەكانی ئاو و راگرتنی هێرشەكان بۆ سەر خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكان.