سەرۆك وەزیرانی دانیمارك: گرینلاند بە ساتێكی هەستیاردا تێپەڕدەبێت
شنیار
١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
سەرۆك وەزیرانی دانیمارك دەڵێت، دورگەی گرینلاند بە ساتێكی هەستیاردا تێپەڕدەبێت و سەرۆكی ئەمریكاش پلان بۆ دەسبەسەرداگرتنی ئامادە دەكات.
میتە فریدریكسن سەرۆك وەزیرانی دانیمارك لە كۆبوونەوەیەكیدا لەگەڵ پارتە سیاسییەكانی وڵاتەكەی رایگەیاند، ململانێیەكی زۆر لەسەر دورگەی گرینلاند هەیە و ئێستا ساتێكی هەستیارە، وتیشی، رەوشەكە مەترسیدارترە لەوەی دەبینرێت.
رۆژنامەی دەیلی مەیڵی بەریتانیش بڵاویكردەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دوای سەركەوتنی لە هێرشەكەی سەر ڤەنزوێلا، فەرمانی بە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە تایبەتەكانی سوپای ئەمریكا كردووە پلانێكی تایبەت بۆ داگیركردنی دورگەی گرینلاند ئامادە بكات، باسی لەوەشكردووە، فەرماندە سەربازییەكان دژی پلانەكەن و بە شێتانە و نایاسایی وەسفی دەكەن، هەوڵیش دەدەن بە پێشنیازكردنی ئۆپراسیۆنی تر، سەرنجی ترەمپ لەسەر ئەو دورگەیە لابدەن.



