سیسی ستایشی ترەمپ دەکات: ئەو تاکە کەسە دەتوانێت ئاشتی بێنێتە دی
سیسی، سەرۆکی میسر، ستایشی ترەمپی کرد بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی غەززە و بە "دەستکەوتێکی گەورە" ناوی برد، رایگەیاند ترەمپ تاکە سەرکردەیە کە دەتوانێت ئاشتی لە ناوچەکەدا بێنێتە دی.
هاوکات ترەمپیش رۆڵی سیسی لە پرۆسەی ئاشتیدا بە "زۆر گرنگ" وەسفکرد و ئاماژەی بەوەدا حەماس رێز لە میسر دەگرێت.
لێدوانەکانی ترەمپ لە میسر:
ترەمپ رایگەیاند: "بە قۆناغێکی زۆر نایابدا تێدەپەڕین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. سیسی رۆڵێکی زۆر گرنگی بینی لە پڕۆسەی ئاشتیدا، چونکە حەماس رێز لە میسر دەگرێت."
سەبارەت بە ئێران، ترەمپ وتی: "ئێران زەبرێکی زۆر سەختی بەرکەوتووە و پێویستی بە یارمەتییە و پەیوەست دەبێت (بە رێککەوتنەکە). ئێران ناتوانێت لە ژێر گەمارۆکاندا بەردەوام بێت و پێم وایە ئەوان دەیانەوێت رێککەوتنێک ئەنجام بدەن."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد: "پێشبینی دەکەین پێشکەوتنێکی زۆر گەورە و بەرچاو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ببینین" و جەختی لەوە کردەوە کە "گفتوگۆکانی قۆناغی دووەمی رێککەوتنەکەی غەززە دەستیان پێکردووە."
لێدوانەکانی سیسی:
سیسی، سەرۆکی میسر، ستایشی ترەمپی کرد و وتی: "بەڕێز سەرۆک کارێکی نایابت ئەنجامدا." هەروەها رایگەیاند: "سەرۆک ترەمپ تاکە کەسە کە دەتوانێت رێککەوتنەکەی غەززە ئەنجام بدات و ئاشتی لە ناوچەکەماندا بەدی بهێنێت."
سیسی داوای کرد: "پێویستە پاشماوەی تەرمەکان بە زووترین کات رادەستی ئیسرائیل بکرێنەوە و هاوکارییەکان بگەیەنرێن و قۆناغەکانی دیکەی رێککەوتنەکە تەواو بکرێن."
ترەمپیش دووپاتی کردەوە کە "سیسی رۆڵێکی زۆر گرنگی لەگەڵ حەماسدا بینیوە و حەماس رێز لە میسر دەگرێت."
ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دوای سەردانێکی چەند کاتژمێری بۆ ئیسرائیل، گەیشتە شاری شەرم شێخی میسر بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی ئاشتی شەرم شێخ.
فڕۆکەی ترەمپ لە چوونەژوورەوەی بۆ ئاسمانی میسر تاوەکو نیشتنەوەی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شەرم شێخ، لەلایەن ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگیی میسرییەوە یاوەریکرا، ئەوەش وەک پێشوازییەک لە سەردانەکەی ترەمپ و وەک رێزێک بۆ رۆڵی لە راگرتنی شەڕی غەززە.
لوتکەی ئاشتی بە سەرپەرشتی میسر و ئەمریکا بەڕێوەدەچێت:
لوتکەی ئاشتی شەرم شێخ یان "لوتکەی نێودەوڵەتیی ئاشتی"، بە سەرپەرشتی هاوبەشی عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر و ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەڕێوەدەچێت. ئامانجی لووتکەکە ئیمزاکردنی پلانێکی گشتگیرە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی زیاتر لە دوو ساڵەی غەززە، لەگەڵ تیشک خستنە سەر دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی هەرێمی، ئاوەدانکردنەوەی غەززە و دڵنیابوون لە سەقامگیریی ئاسایش و سیاسی لە ناوچەکەدا.
پلانی ترەمپ بۆ راگرتنی شەڕ لە غەززە، 20 خاڵ لەخۆدەگرێت، کە بە راگرتنی هەمیشەیی شەڕ، ئازادکردنی سەرجەم دیلەکان، ئاوەدانکردنەوەی غەززە دەستپێدەکات، و تاوەکو دەگاتە دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر سەقامگیریی ئاسایش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەشداربووان و خەڵاتکردنی ترەمپ لە میسر:
لە لووتکەکەدا سەرکردە و نوێنەرانی زیاتر لە 30 وڵات و رێکخراوی هەرێمی و جیهانی بەشدارن، لەوانە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی، لەگەڵ وڵاتانی وەک (فەرەنسا، بەریتانیا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، قەتەر، ئوردن، کوەیت، بەحرەین، ئیمارات، تورکیا و پاکستان).
سەرۆکایەتیی میسر رایگەیاندووە کە سیسی بڕیاری داوە "قەڵادەی نیل" –کە بەرزترین خەڵاتی فەرمیی میسرە– پێشکەش بە ترەمپ بکات، ئەوەش وەک رێزێک بۆ رۆڵی دیاری لە پشتگیریکردنی هەوڵەکانی ئاشتی، نەهێشتنی ململانێکان، و دوایین رۆڵی سەرەکیی لە راگرتنی شەڕی غەززە.
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەردەمی زێڕین دەستیپێکرد، هەروەها ئەمڕۆ رۆژێكی پڕ هیوا و خۆشییە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لەبەردەم پەرلەمانی ئیسرائیل وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، شانازی دەکەم لە پەرلەمانی ئیسرائیلم و لە پاش دوو ساڵی سەخت 20 بارمتە گەڕانەوە ماڵەكانیان.
وتیشی، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەشە بەخۆیەوە دەیبینێت و بەرەو ئاسۆیەکی روون دەڕوات، هەروەها لەئێستا بەدواوە سەردەمی زێڕین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێدەکات.
دۆناڵد ترەمپ لەبەشێكی دیکەی وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەوەی ئەمڕۆ رودەدات تەنها كۆتایی جەنگ نییە، بەڵکو سەرەتای دەستپێكردنی ئاشتییە.
ئەوەشی خستەڕوو، گروپەچەکدارەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێدەنگ کران و تیرۆر راگیراوە.
سەبارەت بە راگرتنی جەنگەکان سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرایکرد، راگرتنی هەشت جەنگ لەماوەی هەشت مانگدا کارێکی مەزنە و کاردەکەم بۆ ئەوەی هەموو جەنگەکان بوەستێنم.
پێشکەوتوترین و باشرین چەکمان هەیە، تەنانەت هەندێک جۆر چەکمان کە تا ئێستا کەس خەونیشی پێوە نەبینیەوە، بۆیە هیوادارین پەنا بۆ بەکارهێنانی نەبەین، "ترەمپ وادەڵێت"
هەر وتارەکەیدا سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد، دێوەزمەی شەڕی درێژخایەن و ئازاربەخش بۆ ئیسرائیل و فەلەستین کۆتاییهات.
راشیگەیاند، سوپاسی وڵاتە عەرەبییەکان و ئیسلامییەکان دەکەم بۆ هەوڵەکانیان لە راگرتنی جەنگ و هاوکارییەکانیان بۆ دوبارە بنیادنانەوەی کەرتی غەززە.
بڕیارە ئەمڕۆ لوتكەی شەرم شێخ بۆ ئاشتی بە سەرۆكایەتی سەرۆكی میسر و ئەمریكا بەبەشداری زیاتر لە 20 سەرۆكی دیكە بەڕێوەبچێت.
سەرۆكایەتی میسر بڵاویكردەوە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لوتكەیەكی نێودەوڵەتی بەناونیشانی "لوتكەی شەرم شێخ بۆ ئاشتی " بە ئامانجی كۆتایی هێنان بە جەنگی غەززە بەرێوەدەچێت عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسر و دۆناڵد ترەمپ هاوتا ئەمریكیەكەی سەرپەرشتی لوتكەكە دەكەن.
راشیگەیاند، لە لوتكەكەدا سەركردەی زیاتر لە 20 وڵات و نوێنەری ژمارەیەك ڕێكخراوی نێودەوڵەتی و ناوچەیی بەشدار دەكەن، بەڵام ئێران رایگەیاندووە كە بەشداری لە لوتكەكەدا ناكەن، هەروەها حەماسیش لە رێگای نێوەندگیرەوە بەشداری تیدا دەكەن.
سەرۆكایەتی میسر ئاشکراشیکرد، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەشداری لە لوتکەکەدا دەکات.
لە ئێستاشدا، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق و ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا گەیشتونەتە شەرم شێخ، بڕیاریشە لە پەراوێزی لوتكەكەدا چەندین كۆبوونەوەی دوو قۆڵی لە نێوان سەركردەوە وەزیران و دیپلۆماسیەكاندا بەڕێوەبچێت.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا گەیشتە تەلئەبیب و لەلایەن بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە پێشوازی لێکرا.
بڕیارە لە سەردانەکەیدا دۆناڵد ترەمپ سەردانی کەسوکاری بارمتە ئیسرائیلییەکان بکات.
هاوکات، دوای ئیسرائیل سەرۆکی ئەمریکا سەردانی میسر دەکات، بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی شەرم شێخ بۆ ئاشتی.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانی ئەمڕۆ ئاڵوگۆڕی بارمتە ئیسرائیلییەکان بەرانبەر بە دەستگیرکراوە فەلەستینییەکان دەستیپێکرد و حەماس حەوت بارمتەی ئازادکرد، لە بەرانبەردا ئیسرائیل هەزار و 716 زیندانیكراوی فەلەستینی لە كۆمەڵگەی ناسریە ئازادكرد

سوپای پاکستان رایگەیاند، شەوی ڕابردوو لە هێرشەکانی سەر بنکەسەربازییەکانیان لەلایەن تاڵیبانەوە زیاتر لە 200 چەکداری تاڵیبان و ئەندامانی داعش و گروپی تی تی پی کوژراون، و لە بەرامبەردا 23 سەربازیان کوژراوە و 29 سەربازی تریان بریندار بوون.
سوپای پاکستان راگەیەندراوێكی لەسەر شەڕوپێکدادانەکانی دوێنێ شەوی نێوان وڵاتەکەیان و تاڵیبان بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتوو؛ زیاتر لە 20 چەکداریان کوشتووە کە سەر بە تاڵیبانی پاکستان، تاڵیبان و چەکداری داعش بوون، دەستیشیان گرتووە بەسەر 21 بنکەی سەربازی تاڵیباندا.
ئەمڕۆ یەکشەمە، دوای شەڕی دوێنێ شەوی نێوانیان، پاکستان و تاڵیبان ئاماری جیاواز لەبارەی شەڕەکەوە بڵاو دەکەنەوە، تاڵیبان رایگەیاندوە 58سەربازی پاکستانیان کشتوە و پاکستانیش دەڵێت؛ زیاتر لە 200 چەکداری تاڵیبان کوژراون.
پاکستان پشتڕاستیشیکردوەتەوە، سەرەرای هۆشدارییەکانی تاڵیبان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە هێرشی ئاسمانی چەند بنکەیەکی ئەمنی تاڵیبانیان لە پارێزگاکانی هێلمەند، پاکتیکا و قەندەهار کردوەتە ئامانج و سەرۆک وەزیرانی پاکستان، شەهباز شەریف رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی وەڵامێکی توندی تاڵیبانیان داوەتەوە.
ئەمە لە کاتێكدایە، تاڵیبان لەسەر زاری وتەبێژەکەی رایگەیاندوە؛ هێزەکانیان لە کاتی پێکدادانەکانی دوێنێشەودا، رایگەیاند 25 بنکەی سەربازی پاکستانیان کۆنتڕۆڵکردوە و 58 سەربازیشیان کوشتوە و 30 سەربازی تریش بریندارن.
دوای کوژرانی دەیان کەس لە هێرشەکانی دوێنێی سەر سنووری نێوان پاکستان و ئەفغانستان، هێشتا هەردوولا هەڕەشە لەیەکتر دەکەن و وڵاتانی نێوەندگیریش لە هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکەدان.
ذەبیحوڵڵا موجاهید، وتەبێژی حکومەتی ئەفغانستان، رۆژی یەکشەممە رایگەیاند کە هێزەکانیان لە ئۆپەراسیۆنێکی شەوانەدا لەسەر سنوور 58 سەربازی پاکستانییان کوشتووە.
ذەبیحوڵڵا موجاهید لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی: "لەم پێکدادانانەدا 58 سەربازی پاکستانی کوژران و 30ی دیکەش بریندار بوون"، ئاماژەی بەوەشدا کە "9 لە هێزەکانی تاڵیبانیش کوژراون".
هەروەها ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەمیر خان موتق، وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان، رایگەیاند کە وڵاتەکەی "ئامانجەکانی بەدەست هێناوە" لە ئۆپەراسیۆنەکەی شەوی شەممە دژی پاکستان.
وەزیرەکە بە رۆژنامەنووسانی وت کە ئەفغانستان "دەیەوێت پەیوەندی باشی لەگەڵ پاکستان هەبێت"، بەڵام هەڕەشەی ئەوەشی کرد کە "ئەگەر ئیسلامئاباد نەیویست دیالۆگ بکات، ئەوا بە شێوازی دیکە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا دەکەن". ناوبراو وتیشی کە "دۆخی سنوور لەگەڵ پاکستان لە ئێستادا ئاساییە"، داوای لە ئیسلامئاباد کرد "کێشەی بزوتنەوە چەکدارییەکان لەناو سنورەکانی خۆیدا کۆنتڕۆڵ بکات".
لەلایەکی دیکەوە، وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان رایگەیاند؛ کە قەتەر و سعودیە دوای ئاڵوگۆڕی تەقە لە نێوان ئەفغانستان و پاکستان شەوی شەممە، نێوەندگیرییان کردووە. هەردوو وڵاتیش لە راگەیەندراوێکدا نیگەرانی خۆیان لەبارەی پێکدادانەکانەوە دەربڕی.
لابەرامبەردا، شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان، ئەمڕۆ یەکشەممە هۆشداریدا بە بزوتنەوەی تاڵیبان و جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی "لە بەرگریکردن لە خاکەکەیدا سازش ناکات" و "هەر پڕوپاگەندەیەک بە وەڵامێکی توند و کاریگەر وەڵام دەدرێتەوە".
شەریف لە لێدوانێکدا کە رۆژنامەی "زە نەیشن"ی پاکستانی بڵاوی کردووەتەوە، وتی کە سوپا وەڵامێکی بەهێز و کاریگەری دایەوە بۆ "دەستدرێژیی ئەفغانستان" لە ناوچە سنورییەکاندا و شانازی بە "لێهاتوویی پیشەیی بەرزی هێزە چەکدارەکانی پاکستان" کرد.
بەرپرسانی پاکستانی رایانگەیاند کە وڵاتەکەیان رۆژی یەکشەممە دوای ئاڵوگۆڕی تەقەی شەوانە، دەروازە سنورییەکانی لەگەڵ ئەفغانستان داخستووە.
هێزەکانی ئەفغانستان درەنگانی شەوی شەممە ئاگریان لە بنکە سنورییەکانی پاکستان بەردا، وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان رایگەیاند کە ئەمە وەڵامێک بوو بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی پاکستان لە ئەفغانستان هەفتەی رابردوو.
هەردوو وڵات رایانگەیاند کە ژمارەیەک بنکەی سنوری لایەنەکەی دیکەیان وێران کردووە. بەرپرسانی ئەمنیی پاکستان گرتە ڤیدیۆییەکانیان بڵاوکردەوە کە گوایە تۆپبارانکردنی بنکە ئەفغانییەکان نیشان دەدات.
بەرپرسانی ئەمنیی پاکستان رایانگەیاند کە ئاڵوگۆڕی هێرشەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە وەستاوە، بەڵام بەپێی قسەی بەرپرسانی خۆجێیی و دانیشتووان، لە ناوچەی کورامی پاکستان، تەقەی پچڕ پچڕ بەردەوام بووە.
ئێران ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی رەتدەكاتەوە.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی دانوستانیان لەگەڵ ئەوروپا هیچ ئەنجامی ئەرێنی نابێت و ئەوروپییەكان هیچ هەنگاوێكی ئەرێنی نانێن ، بۆیە هیچ هۆكارێك نابینن بۆ ئەوەی دانوستان لەگەڵیاندا دەستپێكەنەوە سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران .
لێدوانەكانی وەزیری دەرەوەی ئێران لەكاتێكدایە ، فەرەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا رۆژی هەینی لە راگەیەندراوێكی هاوبەشدا رایانگەیاند ، سورن لەسەر ئەوەی لەگەڵ ئێران دەست بە دانوستان بكەنەوە بۆ ئەوەی بگەنە رێكەوتنێكی گشتگیر و لە رێیەوە گەرەنتی ئەوە بكەن كە ئێران نابێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی.
بەپێی راگەیاندنی میدیاکان، تەقینەوەیەکی گەورە لە کارگەیەکی دروستکردنی تەقەمەنی لە ویلایەتی تێنیسی ئەمریکا، بووە هۆی گیانلەدەستدانی 16 کەس.
تەقینەوەکە رۆژی هەینی لە شارۆچکەی باکسنۆرد، لە کارگەیەکی سەر بە کۆمپانیای "ئاکیورێت ئێنێرجێتیک سیستەمز" رویدا، کە تایبەتە بە دروستکردن و بەرهەم هێنانی تەقەمەنی سەربازی.
بەپێی راپۆرتە میدیاییەکان، تەقینەوەکە تەواوی باڵەخانەیەکی گەورەی کارگەکەی وێران کردووە و چەندین کیلۆمەتریش ئەولاتر دانیشتوانی ناوچەکە هەستیان بە لەرینەوە کردووە.
شەڕ و پێکدادانی توند لە نێوان هێزەکانی بزوتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانستان و پاسەوانانی سنوری پاکستان رویدا و بەپێی هەواڵەکانی میدیاکانی ئەو دوو وڵاتە کورژا و بریندار لە هەردوولا هەیە.
میدیاکانی ئەفغانستان بڵاویانکردوەتەوە، فەیلەقی 201ـی سوپای سەر بە حکومەتی تاڵیبان، رایگەیاندووە، هێرشەکانیان بۆ سەر بنکە سنورییەکانی پاکستان دەستپێکردووە، وەک وەڵامێک بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسلام ئاباد بۆ سەر کابول لە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو.
ئاماژە بەوەشکراوە، هێرشەکان لە ناوچە سنورییەکانی نێوان ویلایەتەکانی لە رۆژهەڵاتی ئەفغانستان دەستیپێکردووە.
هاوکات بەپێی سەرچاوە هەواڵییەکان ماوەی چەند سەعاتێکە پێکدادانەکان بەردەوامن و تادێت رووبەڕووبونەوەکان توندتر دەبن.
بەپێی زانیارییەکانی سوپای پاکستان، لەئەنجامی شەڕ و پێکدانانەکان لە ناوچە سنورییەکان، پێنج سەربازی پاکستان کوژراون و دوو سەربازی دیکەش برینداربوون، دوو بنکەی ئەمنی و سەربازی وڵاتەکەی خاپورکراون.
پەروین بوڵدان دەڵێت، پرۆسەی ئاشتی بەردەوامە و پێویستە پرۆسەكە خێراتر بكرێت و كۆمسیۆنی پشتیوانیش سەردانی ئیمراڵی بكات.
پەروین بوڵدان ئەندامی وەفدی ئیمراڵی دەم پارتی رایگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی باس لە پەككەوتنی پرۆسەی ئاشتی دەكەن لە توركیا دورن لە راستییەوە، وتیشی، هەرچەندە پرۆسەكە لەسەرخۆ بێت، بەڵام هێشتا بەردەوامە و ئەو لەسەرخۆییەش لە بەڕێوەچوونی پرۆسەكەدا ئاستەنگ دروست دەكات و باشتر وایە خێراتر بكرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە كۆتا دیداری وەفدەكەیاندا بۆ ئیمراڵی عەبدوڵا ئۆجەلان پێی راگەیاندوون، پێویستە هەنگاوەكان پێكەوە بنرێن، بەپێچەوانەوە نەیارانی ئاشتی زیاتر دەبن و ئاستەنگی زیاتر دەخەنە بەردەم پرۆسەكە.
پەروین بوڵدان راشیگەیاند، ئۆجەلان داوایكردووە كۆمسیۆنی ئاشتی لە قۆناغەكانی داهاتووتریدا بچێتە ئیمراڵی و سەردانی بكەن، چاوەڕوانیش دەكرێت وەفدێكی پێنج كەسی كە پێكهاتوون لە ئەندامانی كۆمسیۆن لە داهاتوودا سەردانی ئیمراڵی بكەن.
دوای هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەپاندنی باجی گومرگی زیاتر بەسەر کاڵاکانی چیندا، نرخی نەوت4% دابەزی. ئەم دابەزینە بەهۆی نیگەرانی وەبەرهێنەرانەوە دێت کە پەرەسەندنی جەنگی بازرگانی ئابوری جیهان خاو دەکاتەوە و داواکاری لەسەر نەوتی خاو کەم دەکاتەوە.
لە دواین مامەڵەکانی رۆژی هەینی، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت بۆ 62.73 دۆلار دابەزی، کە نزمترین ئاستە لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا. هاوکات، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریکا 4.24% دابەزی و گەیشتە 58.98 دۆلار.
ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیاڵ رایگەیاندبوو کە "ناچار دەبم، وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە روی داراییەوە بەرپەرچی هەنگاوەکەیان بدەمەوە" و ئاماژەی بەوەدا کە سەپاندنی باجی گومرگی یەکێکە لەو سیاسەتانەی جێبەجێی دەکەن.
جگە لە هەڕەشەکانی ترەمپ، نرخی نەوت بەهۆی زیادبوونی خستنەڕووی نەوتی خاو لەلایەن وڵاتانی ئۆپێک پڵەسەوە کە بڕیارە مانگانە 137 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرهەمهێنانی نەوت بەرز بکەنەوە، زیاتر کەوتووەتە ژێر فشار.
کەمبوونەوەی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، بەتایبەتی دوای ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل، کاریگەری نەرێنی لەسەر نرخی نەوت هەبووە.
هێلیما کرۆفت، بەرپرسی ستراتیژیی کاڵاکان لە دامەزراوەی بانکی ئار بی سی، دەڵێت: "بەشداربووانی بازاڕ دەرفەتەکە دەقۆزنەوە و سەرنجەکانیان لە جیۆپۆلیتیکەوە بۆ خستنەڕوویی نەوتی خاو بۆ بازاڕەکانی جیهان دەگۆڕن."
سەرەڕای ئەوەی نرخی نەوت لەمساڵدا زیاتر لە 4% بەهاکەی خۆی لەدەستداوە، بەڵام ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکا پێشبینی دەکات نرخی نەوت لە ساڵی داهاتوودا بە نزمی بمێنێتەوە و تێکڕای نرخی نەوتی خاوی برێنت 50.43 دۆلار بێت.
دوێنێ هەینی پزیشکێک رایگەیاند کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دوای ئەنجامدانی دووەم پشکنینی پزیشکی ئەمساڵ، خاوەنی تەندروستییەکی باشە و ئەمەش وەک دەنگۆیەک بۆ ئەو تۆمەتانە دێت کە دەدرانە پاڵ تەندروستی ترەمپ.
ترەمپ، کە تەمەنی 79 ساڵە و بەتەمەنترین سەرۆکی هەڵبژێردراوە لە مێژوی ئەمریکادا، بەیانی دوێنێ، سەردانی سەنتەری پزیشکی واڵتەر ریدی کرد لە نزیک واشنتۆن بۆ ئەنجامدانی پشکنینی ساڵانەی خۆی. کاتێک رۆژنامەنووسان دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی پرسیاریان لێکرد سەبارەت بە ئەنجامەکە، ترەمپ وەک نیشانەی رازیبوون لە دۆخی خۆی؛ پەنجە گەورەی بەرز کردەوە.
دکتۆر شۆن باربابێلا، پزیشکی ترەمپ، لە نامەیەکدا کە کۆشکی سپی بڵاوی کردەوە، نووسیویەتی: "سەرۆک ترەمپ بەردەوامە لە نیشاندانی تەندروستییەکی گشتی نایاب." ئەو وتیشی: "تەمەنی دڵی، کە پێوەرێکی پشتپێبەستراوە بۆ چالاکی دڵ و بۆرییەکانی خوێن لە رێگەی ئەنجامدانی نەخشاندنێکەوە، نزیکەی 14 ساڵ لە تەمەنی کەمترە. ناوبراو بەردەوامە لە پابەندبوون بە خشتەیەکی رۆژانەی پڕ لە کار بەبێ هیچ سنووردارکردنێک."
باربابێلا وتیشی کە ترەمپ چەندین پشکنینی ئەنجامداوە و ژەمێکی بەهێزکەری ڤاکسینی کۆڤید-19 و ژەمێکی ساڵانەی هەڵامەتی وەرگرتووە.
ترەمپ کحول ناخواتەوە و جگەرە ناکێشێت، بەڵام حەز و خولیای بۆ خواردنەوە گازییەکان و ژەمە خێراکان ناشارێتەوە، وەک ئەوەی ئاژانسی "فرانس پرێس" بڵاوی کردووەتەوە.
لێتیتیا جەیمس، داواکاری گشتی نیویۆرک، کە نەیاری سەرسەختی دۆناڵد ترەمپە، بە تۆمەتی ساختەکاری لە بانکەکان و لێدوانی ناڕاست بۆ دامەزراوەیەکی دارایی لە سەر کڕینی خانوویەک لە ڤێرجینیا تۆمەتبارکراوە و ئەگەری سزادانی بۆ 30 ساڵ لە ئارادایە.
بەپێی هەواڵێکی کەناڵی ئێن بی سی، جەیمسی تەمەن 66 ساڵ، ئەگەر تاوانەکانی بەسەردا ساغببێتەوە ئەگەری سزادانی بۆ 30 ساڵ زیندانیکردن و پێژاردنی بە یەک ملیۆن دۆلار لە ئارادایە.
دۆناڵد ترەمپ کە ماوەی چەند مانگێکە داوای لێپێچینەوە لە لێتیتیا جەیمسی داواکاری گشتی نیویۆرک دەکات و پێشتریش لە سۆشیال میدیاوە بەبێ ئەوەی بەڵگەی بۆ بخاتەروو، وتبوی “ئەو کچە زۆر تاوانبارە”.
لا خۆیەوە جەیمس کە سەر بە دیموکراتەکانە، ئەو تۆمەتانەی بە بێ بنەما و سیاسی ناوبرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئەو دۆسیەیە بەشێکە لە "خراپ بەکارهێنانی سیستەمی دادوەری بۆ تۆڵەسەندنەوەی سیاسی بە هەر نرخێک بێت" لەلایەن ترەمپەوە.
ئەمە لە کاتێكدایە، ئەو دادوەرەی نیویۆرک چەندین جار رووبەڕوی ترەمپ بووەتەوە و ساڵی 2024 گورزێکی کوشندەی لە ترەمپ دا بە دەرکردنی بڕیارێک کە مۆڵەتی بازرگانی خۆیی و دوو کوڕە تازە پێگەیشتووەکەی بۆ ماوەی سێ ساڵ هەڵوەشاندەوە و چەندین جاریتریش بە راستەوخۆ هێرشیان کردوەتە سەر یەکتری.
میلانیا ترەمپ، هاوسەرەکەی دۆناڵد ترەمپ، رایگەیاند؛ ئەو لە سێ مانگی ڕابردودا پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ پوتن هەبوە و بە راستەوخۆ قسەی لەگەڵ کردوە و توانیویەتی رازیبکات هەشت منداڵی ئۆکراینی کە لە روسیا دەستبەسەر بوون بگەڕێنێتەوە بۆ خێزانەکانیان.
ئەمڕۆ هەینی، خانمی یەکەمی ئەمریکا لە وتارێکیدا لە کۆشکی سپی، ئاشکرای کرد لەگەڵ پوتن بە شێوەیەکی تایبەت و کەسی پەیوەندیان هەبووە، لەسەر پرسی گەڕانەوەی ئەو منداڵانەی ئۆکراین کە لە روسیا دەستبەسەرکراون.
خانمی یەکەمی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکردوە؛ ئەو و سەرۆک پوتن هێڵێکی راستەوخۆی پەیوەندیان هەبووە سەبارەت بە حاڵ و رەوشی ئەو منداڵانە و لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا هەردووکیان بە نیازپاکییەوە سەرقاڵی چەندین کۆبوونەوەی ئاشکرا نەکراو بوون.
خانمی یەکەمی ئەمریکا جەختیشیکردوەتەوە، نوێنەرەکی لەگەڵ تیمی سەرۆکی روسیا، هەماهەنگ بوون و کاریان کردووە بۆ دڵنیابوون لە گەڕانەوەی ئەو منداڵانە بۆ خێزانەکانیان بە سەلامەتی .