ئەکسیۆس: ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکردە
ساکۆ
١١ی ئایاری ٢٠٢٦
ماڵپەڕی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمریکی، لە زاری چەند لێپرسراوێکی باڵای سیاسی و سەربازیی ئەمریکا بڵاویکردەوە، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان دەکات ئەگەر دانوستانەکان شکست بهێنن و نەگەنە رێککەوتنێکی جێگیر.
ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، واشنتۆن ماوەی 10 رۆژ چاوەڕێی وەڵامی تاران بوو بۆ ئەوەی رەشنووسی پێشنیازێک کە جەنگەکە بەیەکجاریی کۆتایی پێبهێنێت، بگاتە دەستی و کۆشکی سپی گەشبین بوو کە هەڵوێستەکانی ئێران بەرەو رێککەوتن هەنگاو بنێن، بەڵام وەڵامەکەی تاران کە رۆژی یەکشەممە گەیشت، نەرێنی بوو و وەک ئەوە نەبوو کە ئەمریکا چاوەڕێی دەکرد.
لەلایەکی دیکەشەوە، سەرۆکی ئەمریکا بە ماڵپەڕەکەی راگەیاندووە، ئاگربەستەکەیان لەگەڵ ئێراندا لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکردە و لە رەوشێکی خراپ دایە و خەریکە گیان دەسپێرێت.
هاوکات ماڵپەڕەکە، بەپێی لێکدانەوەی لێدوان و وتەی لێپرسراوە سەربازی و سیاسییەکانی ئەمریکا لەبارەی رەوشەکەوە، شرۆڤە و شیکارێکی بۆ ئەو ئەگەرانە کردووە کە لە ئەگەری شکستهێنانی یەکجارەکیی ئاگربەستەکە، دەشێت رووبدەن و ئەمانەن:
1. . یەکێک لەو بژاردانەی ترەمپ تاوتوێی دەکات، دەستپێکردنەوەی "پڕۆژەی ئازادی"یە، کە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمریکایە بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەروی هورمز.
2. بژاردەیەکی دیکە، دەستپێکردنەوەی هەڵمەتی بۆردومانکردن و لێدانی %25ـی ئەو ئامانجانەیە کە سوپای ئەمریکا دەستنیشانی کردوون بەڵام تا ئێستا لێی نەداون.
3. حکومەتی ئیسرائیل داوا لە ترەمپ دەکات فەرمانی ئۆپەراسیۆنێکی هێزە تایبەتەکان بدات بۆ دەستبەسەرداگرتنی کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران، بەڵام ترەمپ دوودڵە چونکە کارێکی زۆر مەترسیدارە.
سەردانەکەی ترەمپ بۆ چین و نێوەندگیریکردنی ئەو وڵاتە:
ترەمپ لە کاتی بڕیارداندا چاوی لە گەشتەکەی ئەم هەفتەیەیەتی بۆ چین و چاوەڕوانیش دەکرێت، رۆژی چوارشەممە گەشت بکات و هەینی بگەڕێتەوە. لێپرسراوانی ئەمریکا پێیان وانییە پێش گەڕانەوەی لە چین بڕیاری دەستپێکردنەوەی جەنگ بدات و چاوەڕوانیش دەکرێت، ترەمپ لەگەڵ 'شی جینپینگ' سەرۆکی چین، باسی جەنگی ئێران بکات؛ چونکە چین فشاری لە ئێران کردووە رێککەوتن بکات، بەڵام تا ئێستا سەرکەوتوو نەبووە.



