راپۆرتێکی رۆژنامەوانی ئاشکرای کردووە کە کۆریای باکوور دەستوورەکەی هەموار کردووەتەوە، بە شێوەیەک پابەندی دەکات بە وەشاندنی لێدانێکی ئەتۆمی تۆڵەسێنەرەوە لە ئەگەری کوشتنی "کیم جۆنگ ئون"ی رێبەری ئەو وڵاتە.

بەگوێرەی راپۆرتەکەی رۆژنامەی "تێلێگراف"ی بەریتانی، ئەم هەموارکردنە دەستوورییە لە میانی هەڵکشانی گرژییە جیهانییەکاندا هاتووە، دوای کوژرانی "عەلی خامنەیی" رێبەری ئێران و ژمارەیەک لە لێپرسراوانی ئەو وڵاتە لە هێرشێکی سەربازیدا کە سەرەتای ئەمساڵ تاران-ی کردە ئامانج.

هەموارکردنەکە لە 22ی ئازاردا و لە کاتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گەلی باڵا لە پیۆنگ یانگ، کە بەرزترین دەسەڵاتی یاسادانان و دەستوورییە لە وڵاتدا، پەسەند کراوە.

 هاوکات دەزگای هەواڵگریی کۆریای باشوور لێپرسراوانی باڵای حکومەتی وڵاتەکەی لە وردەکارییەکانی ئەم نوێکردنەوە دەستوورییە ئاگادار کردووەتەوە.

دەقە هەموارکراوەکە میکانیزمەکانی وەڵامدانەوە لە کاتی پەککەوتن یان بە ئامانجگرتنی سیستەمی سەرکردایەتی لە کۆریای باکور دیاری دەکات و تێیدا هاتووە: ئەگەر سیستەمی فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردنی هێزە ئەتۆمییەکانی دەوڵەت بەهۆی هێرشی هێزە دوژمنەکانەوە رووبەڕووی مەترسی بێتەوە، لێدانێکی ئەتۆمی بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی و دەستبەجێ ئەنجام دەدرێت.

کۆریای باکور پێشتریش چەند هەموارێکی تری دەستووریی ئەنجامداوە، لەوانە پێناسەکردنی سنوورەکانی لەگەڵ کۆریای باشور و سڕینەوەی هەر ئاماژەیەک بۆ یەکگرتنەوەی هەردوو کۆریا؛ ئەمەش رەنگدانەوەی سیاسەتی کیم جۆنگ ئون-ـە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆریای باشور وەک دەوڵەتێکی جیاواز و نەیار.

هەروەها رێبەری کۆریای باکور مانگی رابردوو بەڵێنیدا بەردەوام بێت لە بەهێزکردنی توانای ئەتۆمی وڵاتەکەی و هەڵوێستێکی توندی بەرامبەر کۆریای باشوور وەرگرت کە بە "دوژمنترین دەوڵەت" ناوزەندی کرد.

کیم جۆنگ ئون ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاشی بە ئەنجامدانی "تیرۆر و دەستدرێژی رەسمی" تۆمەتبار کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە رەنگە وڵاتەکەی لە بەرەوڕووبوونەوەی واشنتۆن-دا دەورێکی چالاکتر بگێڕێت.