پوتن: پێشنیازەکەی ترەمپمان لەبارەی ئۆکراین قبوڵ کردووە و ئێران نایەوێت ببێتە خاوەن بۆمبی ئەتۆم
محەمەد رزگار
٩ی ئایاری ٢٠٢٦
سەرۆکی روسیا دەڵێت: ئامادەن ئاگربەست لەگەڵ ئۆکراین درێژبکەنەوە، ئامادەی وڵاتەکەشی بۆ گواستنەوەی یۆرانیۆمەکەی ئێران نیشاندا.
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا نوێترین لێدوانیدا، هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی دوو گەورەترین قەیرانی جیهانیی (ئۆکراین و ئێران) ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت، جەنگی ئۆکراین لە کۆتایی نزیک بووەتەوە.
سەرۆکی روسیا ئاشکرای کرد، مۆسکۆ دەستبەجێ پێشنیازەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیلەکان لەگەڵ ئۆکرانیا قبوڵ کردووە، پوتن جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان بۆ دانوستان داخراو نین و ئامادەیە لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراین کۆببێتەوە، بەڵام بە مەرجی هێنانەدی "ئاشتییەکی بەردەوام".
سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پوتن ئاماژەی بەوەکرد، ململانێی نێوان تاران و واشنتۆن ئاڵۆزە و روسیای خستووەتە رەوشێکی سەختەوە، چونکە مۆسکۆ پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئێران و وڵاتانی کەنداودا هەیە.
سەرۆکی روسیا دڵنیایی دا کە "ئێران نایەوێت ببێتە خاوەن بۆمبی ئەتۆم" و رایگەیاند، مۆسکۆ ئامادەیە یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بگوازێتەوە بۆ روسیا، چونکە تاران لە بواری ئەتۆمیدا متمانەی تەواوی بە مۆسکۆ هەیە.
پوتن هۆشداریشی دا کە بەردەوامیی ئەم ململانێیە لە بەرژەوەندیی هیچ لایەکدا نییە.



