دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند کە پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەی عیراق "زۆر باشن" و خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بەرامبەر بە دەستنیشانکردنی عەلی زەیدی وەک سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو.
ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان وتی: ئەو روداوانەی لە ماوەی رابردوودا لە عێراق رویان دا زۆر باشن، و من بە سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو دڵخۆشم.
لەسەر پرسی ئێران، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد: چاوەڕوان دەکەین لە ماوەیەکی نزیکدا وەڵامی ئێرانمان لەسەر رەشنووسی رێککەوتنەکە پێ بگات، چاوەڕێ دەکەین بزانین چی رودەدات.
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە کارەکان لەگەڵ ئێران بە باشی بەرەوپێش دەچن و ئەنجامە سەربازییەکانیش نایابن.
سەبارەت بە شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا، سەرۆکی ئەمریکا داوای کرد ئاگربەستی راگەیەندراو درێژ بکرێتەوە و وتی: ئەگەر یارمەتیدەر بێت بۆ چارەسەرکردنی ململانێکان لە ئۆکرانیا، ئامادەین نوێنەرانی خۆمان بنێرین بۆ مۆسکۆ.
ترەمپ لە کۆتایی لێدوانەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە هەردوو لایەنی ململانێکە لە ئۆکرانیا، بەو ئاگربەستەی کە راگەیەندراوە رازین.
ترەمپ ئاگربەستی نێوان روسیا و ئۆکراین رادەگەیەنێت و دەڵێت؛ بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هەردوو وڵاتی روسیا و ئۆکراین رێککەوتوون لەسەر راگەیاندنی ئاگربەستێکی کاتی بۆ ماوەی سێ رۆژ.
وتیشی، بڕیارە ئاگربەستەکە لە رۆژی شەممەوە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەم هەنگاوەش وەک دەرفەتێک دەبینرێت بۆ رەخساندنی زەمینە بۆ گفتوگۆ و کۆتاییهێنان بە جەنگ.
سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشی خستەڕوو، ئەم ململانێیەی نێوان روسیا و ئۆکراین گەورەترین جەنگە کە جیهان لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە بەخۆیەوە بینیبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئاگربەستەکە جگە لە راگرتنی تەواوی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، پڕۆسەی ئاڵوگۆڕکردنی هەزار دیل لە لایەن هەریەک لەو دوو وڵاتە لەخۆ دەگرێت.

فەرماندیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، گەمارۆی زیاتر لە 70 کەشتیی نەوتهەڵگری ئێران دراوە و رێگری لە چوونەناوەوە و چوونەدەرەوەیان دەکرێت.
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا'سێنتکۆم' لە نوێترین راگەیەندراویدا ئامارێکی نوێی سەبارەت بە گەمارۆ دەریاییەکانی سەر ئێران بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە ئێستادا هێزەکانیان رێگری لە هاتووچۆی زیاتر لە 70 کەشتی نەوتهەڵگر نەوت دەکەن لە بەندەرەکانی ئەو وڵاتەدا.
سێنتکۆم ئاشکرایکرد، ئەو ئەو کەشتی نەوتهەڵگرانەی لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە پەکخراون، توانای گواستنەوەی زیاتر لە 166 ملیۆن بەرمیل نەوتی ئێرانییان هەیە.
ئەوەشی خستەڕوو، بەهای ئەو بڕە نەوتەی لەناو کەشتیانەدا دەستبەسەرە، بە زیاتر لە 13 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
ئەم هەنگاوەی واشنتۆن، کە وەک بەشێک لە فشارە چڕەکانی سەر تاران هەژمار دەکرێت، ئامانج لێی بڕینی سەرچاوە داراییەکانی ئێرانە لە رێگەی هەناردەی نەوتەوە، سێنتکۆم جەختی کردووەتەوە کە هێزەکانیان بەردەوام دەبن لە رێگریگرتن لە هەر هەوڵێکی تێپەڕاندنی گەمارۆکان لە بەندەرەکانی ئێراندا، ئەمەش لە کاتێکدایە کە گرژییە سەربازییەکان لە ناوچەکە گەیشتوونەتە ئاستێکی نوێ.
لە ئەنجامی تەقینەوەی بەهێزی گڕکانی "دوکۆنۆ" لە رۆژهەڵاتی ئیندۆنیزیا، مەترسی لەسەر ژیانی دانیشتوانی ناوچەکە دروستبووە و بەهۆیەوە تا ئێستاش 20 کەس بێسەروشوێنن.
ئیوان رەمدانی لێپرسراوی دەزگای گەڕان و فریاگوزاری ئیندۆنیزیا رایگەیاند، تیمەكانیان سەرقاڵی گەڕانن بە مەبەستی دۆزینەوەی 20 شاخەوان كە بەهۆی تەقینەوەی گڕكانێك بێسەرشوێن بوون پێكهاتوون لە نۆ كەسی خەڵكی سەنگافورە و 11 كەسی تر كە خەڵكی ئیندۆنیزیان و تائێستا چارەنووسیان نادیارە.
وتیشی، هۆشداری دراوە كەس لە دووری چوار كیلۆمەتر لە گڕكانەكە نزیك نەبێتەوە و رەوشەكەش لە ژێر چاودێریدایە و هۆشداریش دراوە لە مەترسی دروستبوونی لێشاوی قوڕ لە كاتی بارانباریندا.
سەرۆكی ئەمریكا دەڵێت، ئاگربەست لەگەڵ ئێران بەردەوامە و هێرشەكانیشیان تەنها گورزێكی سوك بوون و وەڵامی هێرشەكانی ئەو وڵاتەشیان داوەتەوە.
دوای هێرشە ئاسمانییەكانی سوپای ئەمریكا بۆسەر چەند ئامانجێكی سەربازیی لە ناوخۆی ئێران، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، ئاگربەست لەگەڵ تاران هێشتا بەردەوامە و چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، هێرشەكانی شەوی رابردووشیان تەنها گورزێكی سوك بووە و نابێتە هۆی تێكدانی ئاگربەست.
وتیشی، سێ كەشتی جەنگی ئەمریكی بە سەركەوتوویی لە هێرشی هێزەكانی ئێران لە گەروی هورمز رزگاریان بووە و هیچ زیانێكیان بەرنەكەوتووە، سەرجەم ئەو كەشتییانەش تێكشكێنراو كە تەقەیان لە كەشتییەكانیی ئەمریكا كردووە.
ترەمپ جەختیشیكردەوە، گەمارۆیەكی دەریایی پۆڵاین دەخەنە سەر ئێران و ئەگەر بە خێرایی رێككەوتنێكی نوێش ئیمزا نەكەن، هێرشی زۆر توندتر دەكەنە سەر ئەو وڵاتە.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا 'سێنتکۆم' ئاشکرایکرد، هێزەکانیان لە دەریای عومان رێگرییان لە کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێرانی کردووە کە ویستوویەتی گەمارۆ دەریاییەکان بشکێنێت.
سێنتکۆم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سەعات 9ـی بەیانی، کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێرانی بە ناوی ' M/T Hasnaحەسنا'، کە هەوڵیداوە بەرەو یەکێک لە بەندەرەکانی ئێران بڕوات، بەڵام لەلایەن هێزە دەریاییەکانی ئەمریکاوە چاودێری کراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ دوای ئەوەی چەندین جار ئاگاداری درایە کەشتییەکە کە سەرپێچی گەمارۆکانی ئەمریکا دەکات و تیمی کەشتییەکەش پابەند نەبوون، فڕۆکەیەکی جەنگی لە جۆری (F/A-18 Super Hornet) کە لەسەر کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (USS Abraham Lincoln)ـەوە فڕیبوو، بە تۆپی 20 ملم هێرشی کردە سەر سوکانی کەشتییەکە و لەکاریکست."
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا جەختی کردەوە، کەشتییەکە ئێستا پەککەوتووە و ناتوانێت بەرەو ئێران بڕوات، هەروەها دوپاتی کردەوە کە گەمارۆی دەریایی بۆ سەر هەموو ئەو کەشتییانەی دەیانەوێت بچنە ناو بەندەرەکانی ئێران یان لێی بچنە دەرەوە، بە توندی بەردەوامە.
لە چوارچێوەی هەوڵە نوێیەکانی واشنتۆن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ تاران، سەرۆکی ئەمریکا ئومێدی زۆری هەیە رێککەوتنێکی نوێ لە نێوان هەردوو وڵاتدا ئیمزا بکرێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانکدا بۆ کەناڵی 'پی بی ئێسPBS'، گەشبینی خۆی بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئێران نیشاندا و رایگەیاند، هەست دەکات واشنتۆن لە ئیمزاکردنی ڕێککەوتنەکە نزیک بووەتەوە.
ترەمپ لە لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە: هەست دەکات زۆر نزیکن لە رێککەوتن، بەڵام پێشتریش هەمان هەستی هەبووە، بۆیە دەبێت چاوەڕێ بکەن بزانن چی رودەدات.
لە لایەکی ترەوە و سەبارەت بە تیمی دانوستانکار، سەرۆکی ئەمریکا ئەوەی خستەڕوو، رەنگە ئەمجارە پەنا بۆ نێردە تایبەتەکانی وەک 'ستێڤ ویتکۆف' و 'جارید کۆشنەر'ـی زاوای نەبات و ئاشکرایکرد، لە ئێستادا تاوتوێ ئەوەی نەکردووە، کە ئەوان بنێرێت بۆ دانوستانەکان لەگەڵ ئێران.
ترەمپ ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر بگەنە رێککەوتن لەگەڵ ئێران سزاکان لەسەر ئەو وڵاتە کەمدەکەنەوە و بەشێکی هەڵدەگرن.
"ئەگەر رێککەوتن بکرێت لە ئێران نادەین، بەڵام ئەگەر رێککەوتن نەکرێت زۆر بەهێزتر لە پێشتر بۆردومانی ئێران دەستپێدەکەینەوە" سەرۆکی ئەمریکا وا دەڵێت.
رۆژنامەکە لە زاری قەشە تۆم ماککارثی، کە هاوڕێیەکی نزیکی پاپایە، گواستوویەتییەوە: پاپا لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا خۆی ناساندووە و وتوویەتی کە دەیەوێت ژمارە تەلەفۆن و ناونیشانەکەی لە تۆمارەکانی بانکەکەدا بگۆڕێت.
پاپا وەڵامی هەموو پرسیارە ئەمنییەکانی داوەتەوە، بەڵام کارمەندەکە پێی وتووە ئەوە بەس نییە و پێویستە خۆی بە شەخسی سەردانی بانکەکە بکات. پاپاش پێی راگەیاندووە کە ناتوانێت ئامادە بێت.
ماککارثی دەشڵێت پاپا بە کارمەندەکەی وتووە: ئایا هیچ دەگۆڕێت ئەگەر پێت بڵێم من پاپا لیۆم؟
بەگوێرەی گێڕانەوەی رۆژنامەکە، دوای ئەم پرسیارە، کارمەندی بانکەکە "هێڵەکەی داخستووەتەوە."
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە قەشە تۆم ماککارثی ئەم چیرۆکەی هەفتەی رابردوو لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ کاتۆلیکەکانی شاری (ناپەرڤێڵ) لە ویلایەتی ئیلینۆی گێڕاوەتەوە، هەروەها لە رێگەی ئیمەیڵێکەوە بۆ "نیویۆرک تایمز" راستی رووداوەکەی پشتڕاستکردووەتەوە.
لە کۆتاییدا هاتووە کە کێشەی بانکەکە لە رێگەی دەستێوەردانی قەشەیەکی بێناو چارەسەر کراوە کە پەیوەندیی بە سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕی بانکەکەوە هەبووە.
ئەکسیۆس بڵاویکردوەتەوە، واشنتن و تاران لە رێککەوتنێکی مێژویی نزیک بونەتەوە، کە لە چوارچێوەی یاداشتێکی یەک لاپەڕەییدا کۆتاییهێنان بە جەنگ رادەگەیەنێت.
پێگەی ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە دەڵێت؛ یاداشتەکە لە 14 خاڵ پێکهاتووە و لەلایەن تیمەکە دۆناڵد ترەمپ بە تایبەت ویتکۆف و کۆشنەر لەگەڵ لایەنی ئێرانی گەڵاڵە کراوە و 30 رۆژ دانراوە بۆ دانوستانێکی چڕی، کە بڕیارە لە ئیسلام ئاباد یان جنێف بەڕێوەبچێت.
بە گوێرەی زانیارییەکان، تەوەری سەرەکی رێککەوتنەکە بریتییە لەوەی ئێران پابەند بێت بەوەی هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نەدات، پڕۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم رابگرێت و یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە بۆ دەرەوەی وڵات بگوازێتەوە، لە بەرانبەردا واشنتن بەشێوەیەکی پلەبەندی گەمارۆکان لادەبات و پارە بلۆککراوەکانی ئێران ئازاد دەکات.
هەروەها هەردوولا رێککەوتوون لەسەر لادانی سنوردارکردنی هاتوچۆ لە گەروی هورمز و کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بەشێوەیەکی پلەبەندی لە ماوەی ئەو 30 ڕۆژەدا.
بەشێکی دیکەی رێکەوتنەکە، ئەوەیە تاران رێگە بە سیستمێکی چاودێری توندی نێودەوڵەتی و پشکنینی لەناکاو بدات و باس لە داخستنی دامەزراوە ئەتۆمییە ژێر زەوییەکانیش دەکرێت.
بەرپرسانی ئەمریکی بە ئەکسیۆسیان راگەیاندوە، کە چاوەڕێی وەڵامی تارانن لەسەر چەند خاڵێکی سەرەکی لە ماوەی 48 سەعاتی داهاتوودا و هۆشداریشیان داوە، ئەگەر دانوستانەکان هەرەس بهێنن، هێزەکانی ئەمریکا دەستبەجێ گەمارۆی دەریایی و کارە سەربازییەکان دەستپێدەکەنەوە.
ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێسی ئەمریکی بڵاویکردوەتەوە قەیرانی سوتەمەنی و بەرزی نرخەکەی گەشتوەتە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی لە ئەمریکا و یەکەم کۆمپانیا مایەپوچبونی خۆی راگەیاند و دوای 34 ساڵ کارەکانی راگرت.
کۆمپانیای فڕۆکەوانی سپیریت، کە بە گەشتە هەرزانەکانی و فڕۆکە زەردە ناودارەکانی دەناسرایەوە دوای 34 ساڵ بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی سوتەمەنییەوە بە تەواوی کارەکانی راگرت و هەموو گەشتەکانی هەڵوەشاندەوە.
کۆمپانیاکە دەڵێت؛ ئێمە شانازی بەوەوە دەکەین لە 34 ساڵی رابردودا، بە هەرزانترین نرخ گەشتەکانمان ئەنجامداوە و هیوامان خواستبوو بۆ چەندین ساڵی داهاتوو خزمەت بە گەشتیارەکان بکەین، بەڵام بەرزونەوەی نرخی سوتەمەنی بێ هیوای کردین.
ئەم بڕیارە لەناکاوەی کۆمپانیاکە بووەتە هۆی بێکاربونی نزیکەی 17 هەزار کارمەند و سەرگەردانبوونی هەزاران گەشتیار لە فڕۆکەخانەکاندا.
لەبەرانبەردا، وەزارەتی گواستنەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە کە سندوقێکی قەرەبوو بۆ ئەو گەشتیارانە دابینکراوە کە راستەوخۆ تکتیان بڕیوە، هاوکات چەند کۆمپانیایەکی تری فڕۆکەوانی وەک یونایتد و دێڵتا ئۆفەری تایبەتیان بۆ گواستنەوەی گەشتیارە جێماوەکانی سپیریت راگەیاندوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، زیاتر لە دوو مانگە گەروی هورمز داخراوە و بوەتە هۆی بەرزبونەوەی نرخی سوتەمەنی لەسەرتاسەری جیهان و ئەمریکاش یەکێکە لەو وڵاتانەی جەنگەکە کاریگەری تەواوی لەسەر دروست کردوە و سەرەڕای هەوڵەکان تا ئێستاش هیچ ئاسۆیەک بۆ گەیشتن بەرێککەوتن نابینرێت .
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بڕیاری دا تەنیا رۆژێک دوای دەستپێکردنی، ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ یاوەریکردنی کەشتییەکان لە گەروی هورمز راگرێت، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران و کۆتاییهێنان بە جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ترەمپ لە رێگەی پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" ئاماژەی بەوە کردووە، کە لەسەر داوای پاکستان و چەند وڵاتێکی دیکە و بەهۆی ئەو پێشکەوتنە گەورەیەی لە دانوستانەکاندا بەدیهاتووە، بڕیاریان داوە "پرۆژەی ئازادی" بۆ ماوەیەکی کورت رابگرن.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردوە، راگرتنەکە بۆ ئەوەیە دەرفەت بۆ ئیمزاکردنی رێککەوتنێکی کۆتایی و گشتگیر لەگەڵ نوێنەرانی ئێران بڕەخسێت، هەرچەندە جەختی کردەوە کە گەمارۆکان وەک خۆیان بەردەوام دەبن.
لەلایەکی دیکەوە، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رایگەیاند کە وڵاتەکەی کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنە هێرشبەرییەکانی بۆ سەر ئێران هێناوە و قۆناغی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانی - Epic Fury" کۆتایی هاتووە.
روبیۆ باسی لەوە کرد، کە لە ئێستادا کاری لەپێشینەی واشنتن کردنەوەی گەروی هورمزە بە روی هاتوچۆی کەشتییەکاندا.
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، پڕۆژە بڕیارێکی نوێ پێشکەشی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکەن بە مەبەستی پاراستنی ئازادیی گەشتی دەریایی لە گەروی هورمز.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد، پڕۆژە بڕیارەکە بە هەماهەنگی و بەشداریی وڵاتانی (سعوودیە، قەتەر، ئیمارات، کوەیت و بەحرەین) ئامادەکراوە، داوا لە ئێران دەکات بە زووترین کات هێرشەکانی رابگرێت و واز لە چاندنی مین و وەرگرتنی باج لە گەروەکە بهێنێت.
رۆبیۆ وتیشی، لە بەشێکی تری پڕۆژە بڕیارەکەدا هاتووە، کە دەبێت تاران شوێن و ژمارەی ئەو مینانە ئاشکرا بکات کە لەو ناوچە ستراتیژییەدا چاندونی و هاوکاری نێودەوڵەتی بکات بۆ پوچەڵکردنەوەیان.
جەختی لەوەش کردەوە، کە پێویستە ئێران بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ و مەرجەکان قبوڵ بکات و هەریەکە لە ویتکۆف و کۆشنەر بە چڕی کار لەسەر رێگەی دیپلۆماسی دەکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەيیە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئەمڕۆ سێشەممە، جەختی کردەوە کە سوپای ئێران بەتەواوی تێکشکێنراوە، ئاماژەی بەوەش دا کە تاران چیتر خاوەنی هێزی دەریایی یان ئاسمانی نییە.
ترەمپ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کردەوە سەربازییەکان بوونەتە هۆی تێکشکاندنی ئەو توانایانە بە شێوەیەکی گشتی و کوژرانی سەرکردە سەربازییەکان، ئاماژەی بەوەش کرد ئەوەی ئێستا رودەدات تەنها پێکدادانێکی سەربازی بچووکە، و ئێران هیچ دەرفەتێکی نییە لەم رووبەڕووبوونەوەیەدا و هەرگیز نەیبووە.
هەروەها وتی: رژێمی ئێران لە کۆمەڵێک کەسی "نەخۆشی دەروونی" پێکهاتووە، و جەختیشی کردەوە کە رێگە نادەن ئەوانەی بە "شێت" وەسفی کردن ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
سەرۆکی ئەمریکا لە درێژەی قسەکانیدا وتی، ویلایەتە یەکگرتووەکان لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی ئێراندا زۆر سەرکەوتووانە کار دەکات، و جەختی کردەوە کە لە پێشینەی کارەکانیان پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکایە.
محەمەد ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان، ئەمڕۆ سێشەممە جەختی کردەوە کە ئامانجی وڵاتەکەی وەک نێوەندگیر، قایلکردنی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئاشتی.
دار لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بەدواداچوونی بۆ کردووە، رایگەیاند: "ئامانجی پاکستان وەک نێوەندگیر ئەوەیە کە ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکان قایل بکات بگەنە رێککەوتنێکی ئاشتی، ئەوەش شتێکە کە ناوچەکە و جیهان پێویستیان پێیەتی.
هەروەها دار وتیشی: دڵنیایین لەوەی پێشکەوتنی گەورە لە دانوستانەکاندا بەدەست هاتووە، هەوڵی زۆرمان داوە بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و دەستپێکردنی دیالۆگ، جەختیشی کردەوە کە: هەوڵمان داوە رێگری بکەین لەرودانی هێرش بۆ سەر وڵاتانی کەنداو و سەرکۆنەی ئەو هێرشانەشمان کردووە کە کراونەتە سەریان.
وەزیری بەرگریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەمڕۆ سێشەممە، رایگەیاند کە ئێران هیچ جۆرە کۆنترۆڵێکی بەسەر گەروی هورمزدا نییە، هاوکات جەختیشی کردەوە کە هێزەکانی ئەمریکا پێشێلی سەروەریی ئاوە هەرێمییەکانی ئێران ناکەن.
وەزیر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد: دەستپێشخەریی پڕۆژەی ئازادی بە ئامانجی پاراستنی هێڵەکانی گواستنەوەی بازرگانییە لە بەرانبەر هەڕەشە و دەستدرێژییەکانی ئێران،"
رونیشیکردەوە کە: تاران پەنا بۆ تێکدانی ئارامیی کەشتییەکان و تەقەکردن و سەپاندنی سەرانەی نایاسایی دەبات.
هەروەها رایگەیاند: لە رێگەی بڵاوکردنەوەی کەشتیی جەنگی و فڕۆکەی هێلیکۆپتەر، چاودێریی وردی گەروی هورمزمان گرتووەتە دەست بۆ دەستەبەرکردنی هاتوچۆیەکی ئارام بۆ کەشتیگەلەکان،"
و دووبارە جەختی لەوە کردەوە کە "ئێران باڵادەست نییە بەسەر ئەم رێڕەوەدا."
وەزیری بەرگری ئاماژەی بەوەش دا کە بەکارهێنانی هێز لەلایەن واشنتۆنەوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە و وتی: ئێمە خوازیاری پێکدادانی سەربازی نین، بەڵام رێگەش نادەین تاران مافی وڵاتانی تر لە تێپەڕبوون بەناو ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا زەوت بکات.
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم پڕۆژەیە هەنگاوێکی "کاتییە" و پێویستە جیهان بەرپرسیارێتیی خۆی هەڵبگرێت، چونکە تاران خاڵە ستراتیژییەکانی جیهان بۆ بەرژەوەندی دارایی خۆی و هەڕەشە لە دەریاوانان بەکاردەهێنێت، و جەختی کردەوە: ئاوە نێودەوڵەتییەکان موڵکی گشتین و رێڕەوی بازرگانی بە کراوەیی دەمێنێتەوە.
سندوقی نێودەوڵەتی دراو هۆشداری دەدات لە درێژەكێشانی جەنگی دژ بە ئێران و دەڵێت، ئەگەر تا كۆتایی ئەمساڵ جەنگ كۆتایی نەیەت كارەساتی ئابوری رودەدات.
كریستیانا گۆرگیێڤا بەڕێوەبەری سندوقی نێودەوڵەتی دراو هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەر جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا كۆتایی ئەمساڵ درێژە بكێشێت و نرخی نەوت بگاتە 125 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، ئەوا جیهان رووبەڕووی دەرئەنجامی زۆر خراپتر دەبێتەوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئێستا جیهان چووەتە ناو سیناریۆیەكی نەرێنیەوە، كە نرخی یەك بەرمیل نەوت لە خانەی 100 دۆلاردایە و هەڵئاوسان بەردەوام روو لە هەڵكشانە.
گۆرگیێڤا سێ ئەگەریشی بۆ كۆتایی ئەمساڵ و ساڵی داهاتوو داناوە و رایگەیاندووە، یان سیناریۆكان وەك پێشبینییەكان دەبن، یان پێشبینی دابەزینی گەشەی ئابوری بۆ رێژەی 2.5٪، كە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان بە رێژەی 5.4٪. یان كەمبوونەوەی گەشەی ئابوری بۆ 2٪ و زیادبوونی هەڵئاوسان بە رێژەی 5.8٪.
هەروەها جەختی لەوەشكردەوە، ناسەقامگیری بازاڕەكان و بەردەوامی جەنگ، دەبێتە هۆی تێكچوونی هاوسەنگییە داراییەكان و فشارێكی زیاتر دەخاتە سەر بژێوی خەڵك لەسەر ئاستی جیهان.