مەترسییەکانی ڤایرۆسی "هانتا"؛ جیهان چاوەڕوانی 19ـی ئایار دەکات
١٢ی ئایاری ٢٠٢٦
لە کاتێکدا جیهان بە وردی چاودێری ڤایرۆسی هانتا دەکات، پسپۆڕانی تەندروستی هۆشداری دەدەن، کە رۆژی 19ـی ئەم مانگە یەکلاکەرەوە دەبێت لە مێژووی سەرهەڵدانی ئەم نەخۆشییەدا.
ئەم رێککەوتە وەک رۆژێکی چارەنووسساز بۆ دیاریکردنی ئاستی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و ئەگەری سەرهەڵدانی "نەوەی سێیەم"ـی تووشبوان لێی دەڕوانرێت، ئەمەش دوای ئەوەی چەند حاڵەتێکی گیانلەدەستدان لەناو گەشتیارانی کەشتییەکی نێودەوڵەتیدا تۆمارکراون و نیگەرانییەکی زۆریان لە ناوەندە پزیشکییەکاندا دروستکردووە.
سەرچاوەی سەرەکی ئەم مەترسییە نوێیە بۆ ناو کەشتیی گەشتیاریی "ئێم ڤی هۆندیۆس" دەگەڕێتەوە، کە تێیدا ڤایرۆسەکە لەناو سەرنشینەکانیدا بڵاوبووەوە و تا ئێستا بە رەسمی سێ حاڵەتی گیانلەدەستدان پشتڕاستکراونەتەوە.
دیارترینیان پیاوێکی هۆڵەندی تەمەن 70 ساڵە بە ناوی "لیۆ شیلبێرورد" کە وەک "نەخۆشی سفر" یان سەرچاوەی یەکەمی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە لەناو کەشتییەکەدا دەناسرێت، دوای ئەویش هاوسەرەکەی و ژنێکی ئەڵمانی تر بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییان و کاریگەرییەکانی ئەم ڤایرۆسە بکوژەوە گیانیان لەدەستدا، ئەمەش وایکرد لێپرسراوانی تەندروستی جیهانی بکەونە حاڵەتی ئامادەباشییەکی تەواوەوە.
سەبارەت بە گرنگی زانستیی رۆژی 19ی ئایار، دکتۆر "ستێفن کوای" و گروپێک لە شارەزایانی بواری پزیشکی ئاماژە بەوەدەکەن: کە ماوەی مانی ئەم ڤایرۆسە لە جەستەدا، واتە ماوەی نێوان تووشبوون تا دەرکەوتنی نیشانەکان، بە تێکڕا 22 رۆژە.
بەپێی زانیارییەکان، ژمارەیەک لە سەرنشینانی کەشتییەکە پێش ئاشکرابوونی ڤایرۆسەکە لە 24ـی نیساندا گەشتەکەیان تەواو کردووە و گەڕاونەتەوە ناو وڵاتەکانی خۆیان، ئەگەر گواستنەوەی ڤایرۆسەکە لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ لە دەرەوەی ژینگەی کەشتییەکە روویدابێت، ئەوا پێشبینی دەکرێت نیشانەکانی نەوەی سێیەمی تووشبووان لە دەوروبەری 19ـی ئایاردا بە روونی دەربکەون.
هاوکات تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لە کۆنفرانسێکدا جەختی لەوە کردەوە: کارەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسەکە هێشتا کۆتاییان نەهاتووە و پێویستی بە وردبینی زیاتر هەیە، هەرچەندە تا ئێستا نیشانەی بڵاوبوونەوەیەکی بەرفراوانی جیهانی لە ئارادا نییە، بەڵام بەهۆی درێژیی ماوەی ڤایرۆسەکە، ئەگەری بینینی حاڵەتی نوێ لە هەفتەکانی داهاتوودا هەیە.
هەموو چاوەکان لەسەر رۆژانی داهاتوون بۆ تێپەڕاندنی ئەم مەترسییە، ئەنجامەکانی ئەم چاودێرییە چڕە دەریدەخەن کە ئایا ڤایرۆسی هانتا دەبێتە هەڕەشەیەکی جیهانی تر یان لە چوارچێوەی ئەو بازنە دیاریکراوەدا دەمێنێتەوە و کۆنترۆڵ دەکرێت.
جێی ئاماژەیە؛ پسپۆڕانی تەندروستی لەبارەی ڤایرۆسەکەوە رێنمایی دەدەن، کە پێویستە رێکارە خۆپارێزییەکان لە بەرزترین ئاستدا بن و هەماهەنگی نێودەوڵەتی بەردەوام بێت، تا تێپەڕبوونی ئەم وادە هەستیارەی کە هەمووان چاوەڕێی دەکەن.



