سوپای ئیسرائیل فڕۆكەخانەی قامیشلۆی كردە ئامانج
ڕێباز
٩ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
سوپای ئیسرائیل بە فڕۆكەی جەنگی لە یەككاتدا چەندین كۆگای چەكی قورسی لە قامیشلۆ و دیمەشق و چەند شوێنێكی دیكە كە لە رژێمەكەی بەشار ئەسەد بەجێماون كردە ئامانج.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، لەدوای بۆردومانكردنی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی قامیشلۆ لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە دەنگی تەقینەوەیەكی بەهێز بیستراوە.
هاوكات میدیاكانی ئیسرائیل بڵاویانكردەوە، لە ٢٤ سەعاتی رابردوودا سوپای ئیسرائیل زیاتر لە ١٥٠ هێرشی كردووەتە سەر ئامانجە سەربازییەكانی سوریا لەناو خاكی ئەو وڵاتە، دەشڵێت لە شارەكانی لازقیە و دیمەشق و حمس و قامیشلۆ هێرشی چڕ كراوەتەسەر تانك و فڕۆكە و كۆپتەرە سەربازییەكانی سوپای پێشوی سوریا.
بۆردومانەكانی سوپای ئیسرائیل لەكاتێكدایە كە سوریا بەدۆخێكی ئاڵۆزی سەربازیدا تێدەپەڕێت و بەشار ئەسەد وڵاتەكەی بەرەو مۆسكۆ جێهێشتووە، هاوكات گروپی تەحریر شام دەسەڵاتی گرتووەتەدەست.