سەرۆك كۆماری توركیا دەڵێت، سەردەمی دەسەڵاتی بەعس لە ناوچەكە كۆتایی هات و ئاسایش و سەقامگیریش بۆ سوریا دەگەڕێتەوە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا وتارێكدا لە بارەگای سەرەكی پارتی داد و گەشەپێدان لە ئەنكەرە رایگەیاند، لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕ و ئاڵۆزییەكانی سوریاوە تائێستا هەڵوێستی توركیا لە بەرانبەر ئەو وڵاتە رون و ئاشكرا بووە و چەندین ساڵە داڵدەی هەزاران ئاوارەی سوریایان داوە و هەموو پێداویستییەكیشیان بۆ دابینكردوون.

باسی لەوەشكرد، بەردەوام هەوڵیانداوە پەیوەندییەكانی ئەنكەرە و دیمەشق لەباشترین رەوشدا بێت، بەڵام دیمەشق وەك پێویست نەبووە لە بەرانبەر دەستپێشخەرییەكانی ئەنكەرە بۆ باشكردنی پەیوەندییەكانیان.

وتیشی، بە رووخانی دەسەڵاتەكەی بەشار ئەسەد، بۆ هەتاهەتایە سەردەمی دەسەڵاتی بەعس و بەعسییەكان لە ناوچەكە كۆتاییهات و ئاسایش و سەقامگیریش بۆ سوریا دەگەڕێتەوە.