ماوەی چەند رۆژێكە شەڕی نێوان هەسەدە و گروپە چەكدارەكان لە مەنبەج بەردەوامە، ئۆپۆزسیۆنی سوریاش دەڵێت، لەنێوان واشنتۆن و ئەنقەرە رێككەوتن كراوە بۆ كشانەوەی هەسەدە لە مەنبەج.


روانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ بڵاویكردەوە، گروپە چەكدارەكانی نزیك لە توركیا هێرشەكانیان بۆ سەر هێزەكانی هەسەدە لە مەنبەج فراوانتركردووە و بە پشتیوانی بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا توانیویانە بەشێك لە گەڕەك و كۆڵانەكانی شارەكە كۆنترۆڵبكەن.


ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ئەنجامی شەڕەكە لەنێو هەردوولا كوژراو و بریندار هەیە و زیاتر لە 10 هاووڵاتی مەدەنیش كوژراون، هاوكات بەشێك لە دانیشتووانی شارەكەش ئاوارەبوون.


هاوكات، ئەنجومەنی سەربازی مەنبەج كە سەر بە هێزەكانی هەسەدەیە دەڵێت، هێزەكانیان لە شەڕێكی سەختدان دژی گروپە چەكدارەكانی نزیك توركیا و زیانی گەورەیان بەو گروپانە گەیاندووە، دەشڵێت، توانیویانە  16 ئەندامی ئەو گروپانە دەستگیربكەن و دەستبگرن بەسەر ئۆتۆمبێل و چەك و كەرستە سەربازییەكانیاندا.


هەروەها، ماڵپەڕی "سكای نیوز" لە زاری سەرچاوەیەكی ناو ئۆپۆزسیۆنی سوریاوە رایگەیاند، لەنێوان واشنتۆن و ئەنقەرە رێككەوتن كراوە بۆ كشانەوەی هەسەدە لە مەنبەج.