هێرشەكانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر سوریا بەردەوامە و لە قامیشلۆی رۆژئاوای كوردستانیش بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیلەوە كەسێك گیانی لەدەستدا و كەسێكی دیكەش برینداربوو.

سەرچاوەكانی هەواڵی رۆژئاوای كوردستان بڵاویانكردەوە، شەوی رابردوو فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل بە چڕی زۆربەی بنكەكانی رژێمی سوریایان لە باكور و رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە  بۆردومانكردووە.

ئاماژە بەوەشكراوە، ئیسرائیل تەنها لە ماوەی كەمتر لە 48 سەعاتی رابردوودا نزیكەی 300 هێرشی لە خاكی سوریا ئەنجامداوە و تانك و زرێپۆشەكانی سوپای وڵاتەكەشی گەیشتوونەتە 40 كیلۆمەتریی دیمەشقی پایتەخت.

ئاژانسی هاوار نیوزیش بڵاویكردووەتەوە، فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل چەند بنكە و كۆگایەكی چەك و تەقەمەنی سوپای سوریایان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی قامیشلۆ بۆردومانكردووە كە بە هۆیەوە چەند تەقەینەوەی گەورە روویداوە و كەسێك گیانی لەدەستداوە و كەسێكی دیكەش برینداربووە.

بەپێی زانیارییەكان، ئەو كەسەی گیانیلەدەستداوە ناوی حەسەن فەرید-ی تەمەنی 25 ساڵی خەڵك عەفرین بووە كە بەهۆی داگیركردنی عەفرینەوە بە ناچاری ئاوارەی قامیشلۆ بووە.