ئەسما ئەسەد کێیە؟
١١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
ئەسما ئەسەد، هاوسەری بەشار ئەسەد، تەمەنی ٤٩ ساڵە و لە بەریتانیا لەدایکبووە، نزیکەی ٢٥ ساڵ لە سەرۆکایەتی کۆماری سوریا، هاوسەر و هاوکاری بەشار ئەسەد بوو.
ئەسما لە خانەوادەیەکی سوری لە لەندەن لەدایکبووە و دوای خوێندنی زانستی کۆمپیتەر دەستی بە کاری وەبەرهێنان و بانکداری کردووە.
کاتێک بەشار ئەسەد لە لەندەن خەریکی خوێندنی پزیشکی چاو بوو، ئەسمای ناسی و ساڵی ٢٠٠٠ـیش ئەسما رۆشتە سوریا و لە رۆژی ١٨ـی ١٢ هاوسەرگیری لەگەڵ بەشار کرد.
چاوەڕوان دەکرا ئەزمونی ئەسما بتوانێت هاوکاری چاکساسی و بەرەوپێشبردنی سوریا بێت، ئەم چاوەڕوانییە وەک خۆی جێبەجێ بوو، بەڵام بە دەستپێکردنی ئاڵۆزییەکانی ساڵی ٢٠١١ هەموو شتەکان پێچەوانەبوونەوە.
دوای دەستپێکردنی ئاڵۆزی و جەنگ لە سوریا، ئەسما کەمتر لە شانۆی سیاسیدا دەردەکەوت، لە ساڵی ٢٠١٢ یەکەم سەرنجی لەسەر بارودۆخی سوریا خستەڕوو، هەروەها تەئکیدی لە پشتیوانی هاوسەرەکەی کردەوە، لە هەمان ساڵدا بڵاوبوونەوەی ئەو ئیمەیڵانەی کە هۆگربوونی ئەسمای بە بەرهەمە گرانبەهاکانی نیشاندەدا، سیمای سیاسی ئەسمای جارێکی دیکە شێواند.
لەگەڵ بەردەوامبوونی شەڕدا، ئەسما لە کارە خێرخوازییەکانی بەردەوامبوو، هەروەها بەرپرسی ئەمینداریەتی گەشەپێدانی سوریای گرتە ئەستۆ، دواتر لە ساڵی ٢٠١٨ تووشی نەخۆشی شێرپەنجەبوو و دواتر چاکبوونەوەی راگەیاند، هەروەها لە ساڵی ٢٠٢٤ ئاشكرای کرد کە تووشی شێرپەنجەی خوێن بووە.
دەورانی ئەسما ئەسەد وەک خانمی یەکەمی سوریا کۆتاییهات، ئەسما و هاوسەرەکەی لەئێستادا لە روسیا دەژین، ئەمەش دوای ئەوەدێت کە رژێمەکەیان رووخا و خۆری ئەسەد لە سوریا ئاوابوو.