ئیسرائیل هەڕەشە لە سوریا دەكات ئەگەر بێت و ڕێگە بە ئێران بدات خۆی لە ناوچەكە جێگیر بكاتەوە، ئێرانیش دەڵێت، لەدوای ئەسەدەوە بوونی سەربازییان لە سوریا نەماوە.

دەستەی پەخشی ئیسرائیل لە زاری لێپرسراوێكی ئیسرائیلییەوە گواستییەوە، ئەگەر دەسەڵاتی نوێ لە سوریا ڕێگە بە ئێران بدات خۆی لە ناوچەكەدا جێگیر بكاتەوە، بە توندی لێیدەدەن.

هاوكات وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، وڵاتەكەی دەستوەردان لە سوریا ناكات جگە لە هەنگاونان بۆ پاراستنی سنوورەكان و رێگریكردن لە هاتنە ناوەوەی چەكی ستراتیژی بۆ دەستی دوژمنەكانی ئەو وڵاتە.

لای خۆیەوە حسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەكەی ڕایگەیاند، لە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەدەوە، هیچ ئامادەیییەكی سەربازییان لە سوریادا نەماوە.