جیهان

وەزارەتی تەندروستی لە غەززە رایگەیاند، ٢٩ ھاوڵاتی مەدەنی فەڵەستینی لە دوو بۆردومانی ئیسرائیلدا کوژراون کە چاوەڕوانی وەرگرتنی ھاوکاریەکانیان بوون. 

ھاوکات بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان سەرکەوتوو نەبوون لە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست دژی ئیسرائیل بۆ رێگریکردن لە کوژرانی ھاووڵاتی مەدەنی. 

داواشی لە نەتەوەیەکگرتوەکان و کۆنکاری عەرەبی کرد ھەنگاوی بەپەلە بنێن بۆ راگرتنی کۆمەڵکوژی و کارئاسانی بۆ گەیاندنی ھاوکاریە مرۆییەکان لە رێگەی دەروازەکانەوە. 

لەلای خۆشیەوە، سوپای ئیسرائیل ھەواڵی کوشتنی ٢٩ ھاووڵاتی مەدەنی لە غەززە رەتکردەوە و رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل کاردەکات بۆ ھەڵسەنگاندنی دۆخەکە بەوردی و داواشی لە دەزگاکانی راگەیاندن کرد ھەواڵەکان بە راستی و دروستی بگوازنەوە. 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرچاوەیەک لە حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند، بۆ ماوەی ٣٠ دەقیقە سیستمی جی پی ئێسی تایبەت بە دیاریکردنی شوێنی فڕۆکەی گرانت شاپس وەزیری بەرگری بەریتانیا تەشویشی خراوەتەسەر.

ئاماژەی بەوەشکردوە، مۆسکۆ سیستمی جی پی ئێسی فرۆکەی وەزیرە بەریتانییەکەی لە نزیک لینینگراند لە روسیا پەکخستوە، ئەوەش بوەتەھۆی ئەوەی ئینتەرنێت بپچڕێت و فڕۆکەوانەکان ناچاربوون سیستمی گەشتیاری بەکاربھێنن. 

وەزیری بەرگری بەریتانیا لە باکوری پۆڵەنداوە دەگەڕایەوە کە بەشداری بەشێک لە مانۆڕەکانی ناتۆی کردوە کە تیایدا نزیکەی ٩٠ ھەزار سەربازی وڵاتانی ئەندامی رێکخراوەکە بەشداربوون.

لە پۆڵەنداوە وەزیری بەرگری بەریتانیا رەخنەی لە لێدوانەکانی ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا گرت سەبارەت بە ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ شەڕی ئەتۆم وتارەکەی پوتینی بە نابەرپرسیارانە ناوبرد.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە راگەیەندراوێکدا حووسیەکانی یەمەن بڵاویانکردەوە، لەوەتەی ئیسرائیل ھێرشی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکردووە تا ئێستا، لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن، ٧٣ کەشتی سەر بە ئیسرائیل و ئەمریکا و بەریتانیایان کردووەتە ئامانج.

عەبدولمەلیک حووسی سەرکردەی حووسییەکان رایگەیاند، لەو ئۆپەراسیۆنانەی لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن ئەنجامیانداون، ٣٤ کەس لە حووسییەکان کوژراون و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون.

رۆژی پێنج شەممە، حووسییەکان بۆ ڕاگرتنی ھێرشەکانیان لە دەریای سوور سێ مەرجیان ئاشکرا کرد، لەوانەش، کۆتاییھێنان بە ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە و ھەڵگرتنی گەمارۆکان و گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆسەرجەم ناوچەکانی کەرتی غەززە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کە ھاوکات سەرۆکی ئاکپارتیشە لە وانی باکوری کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد و ئەوەی خستەڕوو، لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن لە ھەڵبژاردنی رابردودا ویستیان کەسێک بەسەر خەڵکی واندا بسەپێنن کە نوێنەری جەھەپە بوو و ئەو لایەنانە بەدوای بەرژەوەندی خۆیان کەوتوون.

لەبارەی بە دەمپارتیش وتی، دەمپارتی پێکھاتەیەکی راستەقینە نییە و دیار نییە ئیرادەی لە دەستی کێدایە، تاکە ئەرکی ئەو حزبەش پشتگیریکردنە لە ھەموو ئەو شتانەی کە دژی تورکیان، ئەوەش بۆ ھەموو حزبە میراتیی و کۆنەکانی تر راستە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

یاسادانەرانی ئەمریکی جەختیان لەوە کردەوە، رەشنووسی ئەو یاسایەی کە خاوەنی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیک تۆک ناچار دەکات پلاتفۆڕمەکەی بفرۆشێت یان قەدەغەی بکات لە ئەمریکا، بە وریاییەوە لە ئەنجومەنی پیران مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن و بەمزووانە دەنگی لەسەر نادەن.

پەسەندکردنی پڕۆژە یاساکە بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی کۆنگرێس و پاڵپشتی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئەو ھەنگاوە، ترسی ئەوەی لێکەوتووەتەوە کە ئەو پلاتفۆڕمە کە ١٧٠ ملیۆن کەس لە ئەمریکا بەکاریدەھێنن، رەنگە لە ماوەی چەند مانگێکدا قەدەغە بکرێت.

پەسەندکردنی پرۆژە یاساکە مشتومڕێکی گەورەی لە ئەمریکا بەدوای خۆیدا ھێناوە، بەوپێیەی لەمساڵدا ئەو وڵاتە دەچێتە ناو ململانێیەکی سەختی ھەڵبژاردنەوەو تیک تۆکیش رۆڵێکی گەورە دەبینێت لە بانگەشەی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکادا.

سیناتۆر جۆش ھاولی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ھیچ شتێک لە ئەنجومەنی پیران بەبێ رەزامەندی کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆژیا پەسەند ناکرێت، ھەربۆیە پێشبینی دەکرێت یەکلاکردنەوەی دۆسیەکە ساڵێک بخایەنێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی روسیا، ١٥ی ئەم مانگە دەستپێدەکات و تا ١٧ی مانگ بەردەوامدەبێت، یەکەمین ھەڵبژاردنیشە لە مێژووی وڵاتەکەدا کە سێ رۆژ بخایەنێت.

لیژنەی ھەڵبژاردنی ناوەندی روسیا بڵاویکردەوە، چوار کەس کێبڕکێ دەکەن بۆ بردنەوەی کورسی سەرۆکایەتی، کە یەکێکیان ڤلادمیر پوتن سەرۆکی ئێستایە و کاندیدێکی سەربەخۆیە و تائێستا بۆ چوار ویلایەت وەک سەرۆک ھەڵبژێردراوەتەوە. 

ھەروەھا، لینید سلوتسکی لەسەر حزبی لیبرالی دیموکراتی روسی کاندیدە و ھەروەھا نیکولای خاریتونوڤ کاندیدی حزبی شیوعی روسییە و کاندیدی چوارەم ڤلادیسلاڤ داڤانکوڤە لەسەر حزبی "خەڵکی نوێ".  

بەپێی دوایین راپرسییەکان، پوتن لە پێشەوەی کاندیدەکانی دیکەیە و زیاتر لە ٨٠٪ی دەنگەکان بەدەستدەھێنێت، پێشبینیشدەکرێت ئاستی بەشداریکردن بگاتە زیاتر لە ٧٠٪.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، ئەردۆغان سەردانی شاری شرناخی کردووە بە مەبەستی بانگەشەی ھەڵبژاردن و ناساندنی کاندیدەکانی پارتەکەی لەو شارە.

دوای تەواوکردنی بانگەشەکە و لەسەر رێگەی مێردین، ئۆتۆمبێلێکی کاروانەکانی ئەردۆغان وەرگەڕاوە، سەرەتا پاسەوانێک گیانیلەدەستداوە و سیانی دیکە برینداربوون، دواتر یەکێک لە پاسەوانە بریندارەکان گیانیلەدەستداوە و ئامارەکە بۆ دوو گیانلەدەستدان بەرزبووەتەوە. 

بە وتەی لێپرسراوان، ئەو تیمەی دووچاری ئەو رووداوە بوون لەناو ئەو تیمەدان کە پارێزگاری لە کاروانی سەرۆک کۆماری تورکیا دەکەن. 

تا ئێستاش زانیارییەکان دەڵێن کە رووداوەکە بەھۆی رووداوی ھاتووچۆوە بووە، بەڵام ھەندێک گومانیش بڵاوبووەتەوە و دەوترێت ھێرشکراوەتە سەریان.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەستەی نیشتمانی رووبەڕووبوونەوەی کارەساتە سروشتییەکان لە ئەفغانستان رایگەیاند، لە ماوەی سێ ھەفتەدا بەھۆی بەفربارین و بارانی بەخوڕ و سەرماوە، لانیکەم ٦٠ کەس گیانیانلەدەستداوە و ٢٣ کەسیش دیکەش برینداربوون. 

وتیشی، ھەزار و ٦٤٥ ماڵ زیانیان بەرکەوتووە و نزیکەی ٢٠٠ ھەزار ئاژەڵیش لەناوچوون. 

ھەروەھا بەھۆی بەفربارینی چڕەوە رێڕەوی "سالانج" کە ھەرێمەکانی باکور لە ئەفغانستان بە کابوڵەوە دەبەستنەوە داخراوە، تائێستاش چەندین رێگە بە داخراوی ماونەتەوە. 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رۆژنامەی پۆلیتیکۆ لە زاری چوار لێپرسراوی ئەمریکی بڵاویکردەوە،  ئیدارەی جۆ بایدن رەنگە پشتیوانی ئۆپراسیۆنە سنوردارەکەی سەر شاری رەفەح بکات، بەو مەرجەی ھاوشێوەی ئۆپراسیۆنێک بێت بۆ روبەڕوبوونەوەی تیرۆریستان نەک جەنگێکی گشتگیر، چونکە ئەو ئۆپراسیۆنە زیانی مەدەنی کەم دەبێت و ئامانجی گرنگ و ورد لەناو بزووتنەوەی حەماس دەپێکێت.

لەلایەکی دیکەوە، دانیال ھاگاری وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، پلانی ھەیە بۆ گواستنەوەی بەشێکی زۆری ئاوارەکانی غەززە کە لە شاری "رەفەح"ن بۆ دوورگەیەک لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە، بەر لەوەی ھێرشە زەمینییەکەی بۆ سەر رەفەح دەستپێبکات. 

ئەوەش لەکاتێکدیە کە چارەنووسی مەدەنییەکان کە لە "رەفەح"ن بووەتە جێی نیگەرانی گەورەی ھاوپەیمانەکانی ئیسرائیل، رێکخراوە مرۆییەکانیش ھۆشدارییان داوە لەوەی، ھێرشکردنە سەر ئەو شارە کە دەکەوێتە سەر سنوری میسر، کارەساتێکی گەورە دەبێت.

وتەبێژەکەی سوپای ئیسرائیل دەشڵێت، گواستنەوەی ئاوارەکان بە ھەماھەنگی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداری نێودەوڵەتی دەبێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاژانسی ھەواڵی رەسمی ئێران لە زاری دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەوە بڵاویکردەوە، ئێران بە ھیچ شێوەیەک لە گفتوگۆ و دانووستانی نھێنیدا نییە لەگەڵ ئەمریکا، سەبارەت بە ھێرشی حوسییەکان لە دەریای سوور.

ئەوەشی خستەڕوو، بڵاوکردنەوەی ھەواڵی لەوشێوەیە لەلایەن رۆژنامەیەکی ئەمریکییەوە، بۆ قەرەبووکردنەوە و شاردنەوەی شکستەکانی ئەمریکایە لە گۆڕەپانی دیپلۆماسیدا، جەختیلەوەشکردەوە، ئێران تەنھا بۆ ھەڵگرتنی سزاکانی سەر وڵاتەکەی بە نھێنی لەگەڵ ئەمریکا لە گفتوگۆدایە.

ئەوەش دوای ئەوە دێت پێشتر لەلایەن رۆژنامەی فاینانشیناڵ تایمزی ئەمریکی ھەواڵێک بڵاوکرایەوە، گوایە ئێران و ئەمریکا بە نھێنی لە گفتوگۆ و دانوستاندان لەبارەی ھێرشی حوسییەکان لە دەریای سوور.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئیدارەی جۆ بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لێخۆشبوونە نوێیەکەی عێراقی پێشکەش بە کۆنگرێس کردووە، بەوپێیەش تاران دەتوانێت زیاتر لە ١٠ ملیار دۆلاری فرۆشتنی غاز بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبای عێراق وەربگرێت کە بەھۆی سزاکانی ئەمریکاوە بلۆک کرابوو.

ماڵپەڕێکی ئەمریکی ئاماژەی بەوەکردووە، میکانیزمی لێخۆشبوونی سزاکان ڕوبەڕوی دژایەتییەکی توندی پارتی کۆمارییەکانی کۆنگرێس دەبێتەوە.

دەشڵێت، ئەمریکا بە مەرجێک ڕێگە بە عێراق دەدات کە ئەو قەرزانە بداتەوە بە ئێران کە ئەو دۆلارە بگۆڕدرێتەوە بۆ یۆرۆ، دواتر پارەکە بگوازێتەوە بۆ حسابی بانکە ئێرانییەکان لە عومان.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ستیڤن مەنوچین، وەزیری پێشووی گەنجینەی ئەمەریکا رایگەیاند، کۆمەڵێک وەبەرھێنەر پێکدەھێنن بە ئامانجی کڕینی تیک تۆک لەو کۆمپانیا چینییەی کە خاوەندارێتی دەکات.

ڕۆژی چوارشەممە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژە یاسایەکی پەسەند کرد کە تیکتۆک ناچار دەکات لە کۆمپانیاکەی خۆی جیاببێتەوە، ئەگەر نا لەسەرتاسەری وڵات قەدەغە دەکرێت.

ئەو ھەنگاوەی بەرپرسانی ئەمریکا لەکاتێکدایە کە دەیانەوێت تۆڕی کۆمەڵایەتی تیک تۆک لەژێر دەستی چین دەربھێنن و دەستی بەسەردابگرن، بەڵام چین ھەرزوو وەڵامی ئەو ھەنگاوانەی ئەمریکای دایەوەو دووپاتیکردەوە کە نەک ھەر ڕازی نابێت بەو بڕیارە، بەڵکو ھەنگاوەکەی ئەمریکای بە قۆرخکاری ناوبرد.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ماڵپەڕی سی ئێن ئێن رایگەیاند، بەریتانیا چەکێکی بە ناوی ئاگری ئەژدیھا دروستکردووە و وەکو لێزەر وایە بۆ یەکجار کارپێکردن ١٣ ملیۆن دۆلار و ٥٠ کیلۆ وات وزەی پێویستە. 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوجۆرە چەکە بۆ لەناوبردنی درۆن بەکاردێت و سیستمێکی نوێی بەرگری ئاسمانییە و دەتوانێت کەشتیەکانیش پەکبخات و زۆر بە وردی و دروستی ئامانجەکان دەپێکێت. 

دەشڵێت، ئەو لێزەرەی بەکاردێت کانزای موشەک و درۆنەکان لەت دەکات و دەیتوێنێتەوە و درۆن و کەشتی و موشەکەکان پەکدەخات پێش ئەوەی بگەنە ئامانجەکە. 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە وێرانکردنی شاری غەززە و لەو چوارچێوەیەشدا دەستیکرد بە وێرانکردن و رووخاندنی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی حەمەد لە باکوری خان یونس لە کەرتی غەززە کە پێشتر بەھۆی بۆردومانی ئاسمانییەوە چۆڵکراوە.

قەتەر ساڵی ٢٠١٢ نزیکەی ٤٠٧ ملیۆن دۆلاری بەخشی بە ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە لە رێگەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی ستراتیجی و گرنگ لە غەززە، لەوانەش دروستکردنی شاری نیشتەجێبوونی حەمەد کە بە ناوی میری پێشووی قەتەر شێخ حەمەد بن خەلیفە ئال سانی ناونراوە.

پڕۆژەکە پێکھاتووە لە ٥٣ باڵەخانەی نیشتەجێبوونی پێنج نھۆمی و نزیکەی سێ ھەزار شوقە لەخۆدەگرێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو بڵاویکردەوە، ھێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری پەتکێی سەربە شاری پیرانشار تەقەیان لە کۆڵبەرێک بە ناوی محەمەد گەنجە کردووە و کوشتویانە، دواتر تەرمەکەیان لە ژێر بەفر شاردووتەوە، دوای ٤٨ سەعات گەڕان بە دوای تەرمەکەیدا لە ژێر بەفر لە سنووری پەتکێ تەرمەکەی دۆزرایەوە.

رێکخراوی ھەنگاو راشیگەیاندوە، لە سنورەکانی سەوڵاوا، ھەنگەژاڵی بانە چوار کۆڵبەری تر بەھۆی بەربوونەوە لە شاخ و ئەشکەنجەدانیان لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە برینداربوون.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

یاساکە داوا دەکات کۆمپانیا چینییەکە، تۆڕی کۆمەڵایەتی تیک تۆک لە ماوەی ١٨٠ رۆژدا بفرۆشێت، ئەگەر نا لە ئەپ و ستۆرەکانی وڵاتەکەی قەدەغە دەکرێت.

ھەرچەندە یاساکە لە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەند کراوە، بەڵام ھێشتا لە ئەنجومەنی پیران چارەنووسی نادیارە، چونکە بڕیارەکانی ئەنجومەنی نوێنەران پابەندکەر نین تا ئەوکاتەی لە پیرانیش پەسەند نەکرێن.

لە یەکەم کاردانەوەیدا، تیک تۆک ڕەخنەی بەرامبەر بڕیارەکە گرت و لە بەیاننامەیەکدا ھیوای خواست، ئەنجومەنی پیران بە راستییەکاندا بچێتەوەو و گوێ لە دەنگدەرانی بگرێت و درک بە کاریگەرییەکانی تیک تۆک بکات.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...131132133134135...513