ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی ھەڵبژێردراوی روسیا دوای راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی کە سەرکەوتنی بەدەستھێناوە، وتارێکی پێشکەشکرد و ھۆشداری دا لە ھەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان روسیا و ناتۆ رایگەیاند، ھیچ کەسێک نایەوێت ئەو سیناریۆیە ببێتە راستی، بەڵام لە جیھانی نوێدا ھەموو بابەتێک ئەگەری رودانی ھەیە و بەو شێوەیەش ھەموو جیھان تەنھا یەک ھەنگاو لە ھەڵگیرسانی جەنگی سێیەمی جیھانەوە دوورە.
لەبارەی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکاش پوتن وتی، ئەو بابەتە بۆ روسیا ھیچ گرنگ نییە و پشتیوانی ھیچ کاندیدێکیش ناکەن، چونکە دوای ھەڵبژاردن و لەسەر بنەمای سیاسەت و بڕیارەکانی سەرۆکی نوێی ئەمریکا بەرامبەر روسیا، بڕیار لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و مۆسکۆ دەدەن.
ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ناسراو بە فاو رایدەگەیەنێت، ٢١٠ ھەزار کەس لە باکوری کەرتی غەززە لە قۆناغی پێنجەمی برسێتیدان کە بەرزترین ئاستە و ئاماژەیە بۆ برسێتی کارەساتبار، لەگەڵئەوەشدا ٣٠٠ ھەزار کەس لەناو بۆردومان و رووبەڕووبوونەوەکاندا لە باکوری غەززە گیریانخواردووە.
ڕاپۆرتەکەی فاو ئاماژەی بەوەشکردووە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرتاسەری غەززە رووبەڕووی ئاستێکی کارەساتباری برسێتی بوونەتەوە، بۆ یەک ملیۆن و ١٠٠ ھەزار کەس بەرزبووەتەوە، کە دەکاتە نزیکەی نیوەی دانیشتووان.
دەشڵێت، لەئێستادا برسێتی چاوەڕوانکراوە و نزیکە لە ناوچەکانی باکووری غەززە، پێشبینیشدەکرێت تا مانگی ئایاری داھاتوو بگاتە قۆناغێکی تاڕادەیەک سەرتاسەری و بگاتە ٧٠٪.
جۆزێپ بۆرێل لێپرسراوی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، ئیسرائیل بە ڕێگرییکردن لە چوونە ناوەوەی ھاوکاری بۆ غەززە، برسێتی وەک چەک بەکارھێناوە. دەشڵێت، غەززە لە لێواری برسێتییدا نییە، بەڵکو لە برسیکردندایە و ئەوان ناتوانن تەماشای مردنی فەڵەستینییەکان بکەن بەھۆی برسێتییەوە کە کارەساتی دەستکردی مرۆڤە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە بە بوێرییەوە بڵین کە بە ئاشکرا رێگری لە چونە ناوەوەی ھاوکارییەکان بۆ غەززە دەکرێت.
جۆزێپ بۆرێل ئەوەشی خستووەتەڕوو، سەدان بارھەڵگر وەستێندراون لەکاتێکدا خەڵکی دەمرن لە برسا و دەروازەکانی چوونەژوورەوەش بەمەبەست داخراون و بەفڕۆکە و پەڕەشوت ھاوکاری دەنێرن، بەڵام فڕۆکەخانەیەک ھەیە کە یەک سەعات دوورە رێگە نادرێت بەکاربێت بۆ ناردنی ھاوکاریەکان.
یەکێتی نێودەوڵەتی رێکخراوە خێرخوازییەکان کە بە ئۆکسفام ناسراوە لە راپۆرتێکیدا باسی لەوە کردووە، ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتان و رێکخراوە خێرخوازییەکان کاروانی گەورەی ھاوکاری مرۆیی رەوانەی غەززە دەکەن، بەڵام پێویستە ھەموویان لەلایەن سوپا و ھێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیلیەوە پشکنینیان بۆ بکرێت دواتر رێگە دەدرێت بگەنە ناو کەرتی غەززە.
راشیگەیاندووە، چۆنێتی رێکارەکانی سوپا و ھێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل بۆ پشکنینی کاروانە مرۆییەکان کاریگەری زۆریان لەسەر دواکەوتنی گەیشتنی ھاوکارییەکان دروستکردووە، چونکە کاروانی مرۆیی ھەبووە ٢٠ رۆژ راگیراوە و جگە لەوەش ھێرش دەکرێت سەر کاروانی ھاوکارییە مرۆییەکان و کارمەندانی رێکخراوە خێرخوازییەکان، لەسەرووی ھەمووشیانەوە گەورەترین کێشە و ئاستەنگ لە بەردەم کاروانی پێداویستی پزیشکی و ئاو دروستدەکەن.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی وەکو فەڕەنسا خوازیاری ناردنی ھێز نین بۆ ئۆکراین، بەڵام لەقۆناغەکانی داھاتوودا رەنگە پێویست بکات وڵاتانی رۆژئاوا ھێز رەوانەی ئۆکراین بکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی روسیا.
ئەوەشی خستەڕوو، فەڕەنسا و ئەڵمانیا لێکتێگەیشتنێکی فراوانیان ھەیە لەسەر دۆخی شەڕی ئۆکراین و ناوچەکە، ئەوەش رێگەخۆشکەرە بۆئەوەی ھەر بڕیاڕێک بە کۆدەنگی لەبارەی ئەو شەڕەوە بدرێت.
بڕیاربوو رۆژی ھەینی رابردوو، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا سەردانی ئۆکراین بکات و لەگەڵ ڤۆڵدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئەو وڵاتە سەبارەت بە شەڕی ئۆکراین کۆببێتەوە، بەڵام سەردانەکەی بۆ چەند ھەفتەی داھاتوو دواخرا.
دەستەی ئۆپراسیۆنی بازرگانی دەریایی بەریتانیا رایگەیاند، تەقینەوەیەک لە نزیک کەشتییەکی بازرگانی لە کەناراوەکانی شاری عەدەن روویداوە، بەڵام کەشتییەکە دووچاری زیان نەبووە و تیمەکەشی سەلامەتن.
دەستەکە راشیگەیاند، رووداوەکە لە دووری ٥٨ میلیمەترەوە بووە و لەو ناوچەیە بەردەوام کەشتییە بازرگانییەکان بە ئامانج دەگیرێن لەلایەن حوسییەکانەوە، کە دەوترێت پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە ھەیە یاخود پشتیوانی ئیسرائیل دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە، فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، پێنج کەشتی بێ کەشتیوان و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان کە لە ناوچەی ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکاندایە لە یەمەن، تێکشکاندووە.
میدیاکانی روسیا بڵاویانکردەوە، ژمارەی دەنگدەرانی روسیا لە ناوخۆی وڵاتەکە ١١٢ ملیۆنە و لە دەرەوەش ٢ ملیۆن روسی مافی دەنگدانیان ھەیە .
ئەمرۆش سێھەم و کۆتا رۆژی پرۆسەکەیە و بەپێی لیژنەی ھەڵبژاردنی ناوەند تا ئێستا رێژەی دەنگدان گەیشتۆتە لە نزیکەی لە سەدا ٥٩.
لەم ھەڵبژاردنەدا ٤ کاندید رکابەری دەکەن ، ئەوانیش "ڤلادیمێر پوتن کاندیدی سەربەخۆ و لیۆنید سلوتسکی کاندیدی حزبی لیبرالی دیموکراتی و نیکۆلای خاریتۆنۆڤ کاندیدی حزبی شیوعی و ڤلادیسلاڤ داڤانکۆڤ کاندیدی حزبی خەڵکی نوێ "ن
لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی پرۆسەی ھەڵبژاردنیشەوە، ھێرشەکانی ئۆکراین بۆ سەر روسیا زیادیکردوە و لە کۆتا رۆژی ھەڵبژاردنەکەشدا وەزارەتی بەرگری روسیا خستنەخوارەوەی ٣٥ درۆنی ئۆکرانی لە ٨ ناوچەی روسیا راگەیاندووە .
دەستەی پەخشی ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، مەروان عیسا جێگری فەرماندەی باڵی سەربازی حەماس لە بۆردومانێکی ئیسرائیل بۆ سەر کەمپی نوسیراتی غەززە کوژراوە، کە دووەم کەسی سەربازی بزووتنەوەی حەماسە لە دوای محەمەد ئەلدیفی فەرماندەی لیواکانی قەسام و یەحیا سەنوار سەرۆکی حەماس.
ھاوکات، تۆڕی ھەواڵی سکای نیوز بڵاویکردووەتەوە، مەروان عیسا یەکێک بووە لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئیسرائیل لە سەرەتای شەڕی غەززەوە و لە ریزبەندی سێیەمی داواکراوەکانی حەماسە بۆ ئیسرائیل.
ئەوەش لەکاتێکدایە، تائێستا بزوتنەوەی حەماس کوژرانی مەروان عیسای پشتڕاستنەکردووەتەوە.
بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەی حکومەتەکەیدا رایگەیاند، فشارە نێودەوڵەتییەکان رێگر نابێت لەبەردەم بەدەستھێنانی ئامانجی جەنگەکەیان کە بریتییە لە لەناوبردنی حەماس و ئازادکردنی بارمتەکان و گەرەنتیکردنی دروستنەبوونەوەی مەترسی لە غەززەوە بۆسەر ئاسایشی ئیسرائیل.
وتیشی، بۆ بەدیھێنانی ئەو ئامانجانە لە رەفەحی باشوری غەززەش ھەموو ھەنگاوێکی پێویست دەگرنەبەر.
ھەینی رابردوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پلانی سوپای وڵاتەکەی بۆ ھێرشکردنەسەر رەفەح پەسەندکرد کە لەئێستادا ملیۆنێک و ٥٠٠ ھەزار ئاوارەی غەززەی تێدا کۆبووەتەوە، ئەوەش کاردانەوەی لە ئاستی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و ئەمریکاش رایگەیاند، بەبێ گەرەنتی پاراستنی گیانی ھاوڵاتیانی مەدەنی، ھێرشی سەر رەفەح ھێڵی سورە و رەتیدەکاتەوە.
سەعاتی ٨ی ئێوارە بەکاتی روسیا دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لەو وڵاتە کۆتاییھات، بەپێی لیژنەی ھەڵبژاردنەکانی روسیاش لە ناوخۆی ئەو وڵاتە ئاستی بەشداری ٧٣٪ و لە دەرەوەش ٧٠٪ بووە، لە مۆسکۆی پایتەختیش رێژەی بەشداری دەنگدان گەیشتووەتە زیاتر لە ٦٦٪ و دوای جیاکردنەوەی ٢٧٪ی دەنگەکانیش ڤلادیمیر پوتن ٨٧٪ی دەنگەکانی بەدەستھێناوە.
لە ھەڵبژاردنەکەدا چوار کەس کاندید بوون کە دیارترینیان ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی ئێستای روسیایە، بەپێی زۆرینەی رەھای راپرسییەکانیش پوتن بۆ خولێکی دیکەی سەرۆکایەتی ھەڵدەبژێردرێتەوە.
لێپرسراوانی ویلایەتی ھێڵمەند لە ئەفغانستان رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ رووداوێکی ھاتووچۆ لەنێوان بارھەڵگرێکی سوتەمەنی و پاسێک و ماتۆڕسکیلێک روویداوە و بەھۆیەوە ٢١ کەس گیانیانلەدەستداوە و ٣٨ کەسی دیکەش برینداربوون.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە تۆمەتی ئاسانکاری و گواستنەوەی زانیاری و تەکنەلۆژیا لە دامەزراوەکانی ئەمریکاوە بۆ دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، لەنێویاندا بانکی ناوەندی ئێران، ھەڵساون بە سزادانی کۆمپانیایەکی خزمەتگوزاری زانیاری و سێ کەسایەتی.
ئەوەشی خستەڕوو، سزاکە چەندین دامەزراوە دەگرێتەوە کە لقی کۆمپانیا خزمەتگوزارییەکەن و ھەوڵی بەدەستھێنانی تەکنەلۆژیا ھەستیارەکانی ئەمریکایان داوە.
ھاوکات، برایان نێڵسن، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بۆ کاروباری تیرۆر و ھەواڵگریی دارایی ئاماژەی بەوەدا، بانکی ناوەندیی ئێران رۆڵێکی بەرچاوی ھەبووە لە پاڵپشتیکردنی دارایی حزبوڵای لوبنان و سوپای قودسی ئێران.
ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی رایگەیاند، لەم چەند رۆژەدا کە ھەموو روسیا سەرقاڵە بە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بە سوپا و ھێزە ئەمنییەکانیشەوە کە ھەموویان بەشداری دەکەن و دەنگ دەدەن، ئۆکراین ئەو رەوشەی قۆستووەتەوە و وەک دەرفەتێک بەکاری دەھێنێت بۆ ھێرشکردنەسەر ھێزەکانی روسیا و ئەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتەیاندان.
وتیشی، بەڵێندەدات ئەو ھێرشانەی ئۆکراین ھەرچەندە سەرجەمیان بەرپەرچدراونەتەوە شکستیان پێھێنراوە و نەیانتوانیووە ھیچ پێشڕەوییەک بکەن، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەو ھێرشانە بێوەڵام و تۆڵەسەندنەوە تێناپەڕێت و ئۆکراین باجێکی زۆر گەورە و قورس دەدات.
نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، بنیامین ناتانیاھۆ پلانی ھێرشکردنەسەر شاری رەفەحی باشووری غەززەی پەسەندکردووە، کە پاککردنەوەی شارەکەلە سەرکردەکانی حەماس لەخۆدەگرێت و بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت خەڵکی مەدەنی رەفەح چۆڵبکەن.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، نەتانیاھۆ پلانی ھەیە جارێکی دیکە وەفدێکی ئیسرائیلی رەوانەی قەتەربکاتەوە، بۆ درێژەدان بە گفتوگۆ و دانووستانەکان بۆ ئازادکردنی بارمتەکان لە غەززە، دوای ئەوەی حەماس نەرمی نواندووە لە گفتوگۆ و دانووستانەکان.
ھاوکات، تۆڕی ھەواڵی ئێن بی سی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، ئەمریکا تاوتوێکردنی بژاردەکانی دەستپێکردووە بۆ وەڵامدانەوەی ھێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر رەفەح، لە حاڵەتێکدا ھێرشەکە قوربانی مەدەنی فراوانی لێکەوتەوە.
رۆژی ١٤ی ئادار، مەحمود عەباس سەرۆکی فەڵەستین، محەمەد مستەفا سەرۆکی سندوقی وەبەرھێنانی فەڵەستینی راسپارد، بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێی فەڵەستین و ئەم ھەنگاوەی سەرۆکی فەڵیستینیشین ناڕەزایەتی بەشێک لەلایەنە سیاسییەکانی فەڵەستین و لەنێویاندا بزوتنەوەی حەماسی لێکەوتەوە.
بزوتنەوەی حەماس لە راگەیەندراوێکدا راسپاردنی محەمەد مستەفای بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێی فەڵیستینی ئیدانە کردووە و ئاماژەی بەوەداوە، نابێت حکومەتی نوێی فەڵەستینی، بەبێ کۆدەنگی نیشتمانی پێکبھێندرێت.
راشیگەیاندووە، ئەو ھەنگاوەی سەرۆکی فەڵەستین خۆی لە بەھێزکردنی سیاسیەتی تاکلایەنە و دابەشبوونی زیاتر دەبینێتەوە.
لە بەرامبەر ئەو ھەڵوێستەی حەماسیشدا، دەسەڵاتدارانی قەتەر ھەڕەشەی ئەوەیان کرد ئەگەر لەو پرسەدا نەرمی نەنوێنێت ئەوا لێپرسراوانی حەماس لە وڵاتەکەی دەردەکات.
مانگی شوباتی رابردوو محەمەد ئشتییە سەرۆکوەزیرانی فەڵەستین، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی راگەیاند.
وەزارەتی تەندروستی لە غەززە رایگەیاند، ٢٩ ھاوڵاتی مەدەنی فەڵەستینی لە دوو بۆردومانی ئیسرائیلدا کوژراون کە چاوەڕوانی وەرگرتنی ھاوکاریەکانیان بوون.
ھاوکات بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان سەرکەوتوو نەبوون لە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست دژی ئیسرائیل بۆ رێگریکردن لە کوژرانی ھاووڵاتی مەدەنی.
داواشی لە نەتەوەیەکگرتوەکان و کۆنکاری عەرەبی کرد ھەنگاوی بەپەلە بنێن بۆ راگرتنی کۆمەڵکوژی و کارئاسانی بۆ گەیاندنی ھاوکاریە مرۆییەکان لە رێگەی دەروازەکانەوە.
لەلای خۆشیەوە، سوپای ئیسرائیل ھەواڵی کوشتنی ٢٩ ھاووڵاتی مەدەنی لە غەززە رەتکردەوە و رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل کاردەکات بۆ ھەڵسەنگاندنی دۆخەکە بەوردی و داواشی لە دەزگاکانی راگەیاندن کرد ھەواڵەکان بە راستی و دروستی بگوازنەوە.