نوێنەری سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا دەڵێت، داخستنی گەرووی هورمز زۆر مەترسیدار دەبێت و بۆ هیچ كەسێك باش نابێت.

كایا كالاس نوێنەری باڵای سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەكێتی ئەوروپا بەر كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەكێتی ئەوروپا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، نیگەرانییەكان لەبارەی زیادبوونی گرژییەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر گەورەن.

وتیشی، داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە زۆر مەترسیدار دەبێت، بۆ هیچ كەسێك باش نابێت، بۆیە هەوڵ بۆ چارەسەری دیپلۆماسی دەدەن.

راشیگەیاند، ئێران لە ساڵی 2015، رێككەوتنی ئەتۆمی ئیمزا كردووە، بێگومان میكانیزمێكیش هەیە پێشبینی گەڕاندنەوەی هەموو سزاكان دەكات، لە ئەگەری بەدینەهاتنی هیچ بەرەوپێشچوونێك لە رێككەوتنەكەدا.