سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: تائێستا بڕیاری كۆتاییم لەبارەی شەڕی ئیسرائیل و ئێران نەداوە و هەرگیز رێگە نادەم تاران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئیسرائیل ئاستێكی باشی هەیە لە شەڕی دژی ئێران و نامەوێت بەشداری شەڕی دژ بە ئێران بكەم.
ئاماژەی بەوەشکرد، رێگەنادەم ئێران ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی، تائێستاش بڕیارم لەبارەی هێرشكردنەسەر دامەزراوەی ئەتۆمی فۆردۆ نەداوە.
ترەمپ وتیشی، هێشتا دەرفەت ماوە بۆ گەیشتنە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران و دەرگای گفتوگۆ بە رووی تاراندا كراوەیە.
جێگەی ئاماژەیە، جەنگەکە بەرەبەیانی 13ـی مانگ، بە هێرشی ئیسرائیل بۆسەر ئێران دەستیپێکرد و تا ئێستا لەلایەن هەردوولاوە بەردەوامە.
باڵیۆزی ئێران لە نەمسا رایگەیاندووە، بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران ئاشتییانەیە، دەشڵێت: ئێران سروشتی ئاشتیخوازانەیە، بەڵام وەڵامی هێرشەکانی سەر وڵاتەکەی دەداتەوە.
ئەسەدوڵا ئیشراغ جەهرومی باڵیۆزی ئێران لە نەمسا رایگەیاندووە، بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران ئاشتییانەیە و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم سەرپەرشتی دەکات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێران سروشتێکی ئاشتیخوازانەی هەیە، بەڵام وەڵامی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل دەداتەوە، ئەگەر ئیسرائیل هێرشەکانی رابگرێت ئێرانیش رایدەگرێت.
ئەو باڵیۆزە دەشڵێت، هەموو وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان، دەبێت بە توندی ئیدانەی هێرشەکانی ئیسرائیل بکەن، لەکاتێکدا ئیسرائیل ئەندامی پەیمانی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆم 'ئێن پی تی' نییە، مەترسیی لەسەر ئاشتی و ئاسایشی جیهان دروست دەکات.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی وزەی ئەتۆم رایگەیاندووە، هیچ بەڵگەیەک نییە کە ئێران هەوڵ بۆ پەرەدان بە چەکی ئەتۆم بدات و دەشڵێت: بۆ شەڕی ئێران و ئیسرائیل؛ وەک روسیا و ئۆکراین دەستەوەستان نابین.
رافایل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی وزەی ئەتۆم رایگەیاندووە، هیچ بەڵگەیەک نییە کە ئێران هەوڵ بۆ پەرەدان بە چەکی ئەتۆم بدات و لە بۆردومانەکانی چەند رۆژی رابردووشدا زیان بە بنکەی فۆردۆ نەگەیشتووە.
گرۆسی داوای لە سەرجەم لایەنەکان گرتووە کە تاوەکو دەتوانن دان بە خۆیاندا بگرن بۆ دووربوون لە گرژیی زیاتر، کە دەکرێت چارەسەرە دیپلۆماسییەکان دوا بخات.
ئەوەشی خستووەتە روو، بە پشتبەستن بە رێکارەکانی ئاژانسی وزەی ئەتۆم، ئەنجومەنی پارێزگاکان هەفتەی رابردوو بڕیارنامەیەکی گرنگی لەبارەی ئەرکەکانی ئێران پەسەند کردووە.
جەختیشی کردەوە لەسەر ئەوەی، پێویستە چارەسەرەکان لە رێگەی دیپلۆماسییەوە بێت، دەشڵێت: بەمەبەستی دڵنیابوون لە دامەزراوە ئەتۆمییەکان و گرەنتی بەکارهێنانی وزەی ئەتۆمیی بەشێوەیەکی پارێزراو، ئامادەم بەخێرایی بچمە ئێران یان هەر شوێنێکی دیکە.
"دەستەوەستان نابین"
لە کۆتاییشدا وتوویەتی، ئاژانسەکە لەبەرانبەر ئەو جۆرە گرژییانەدا کە هەڕەشەن بۆسەر ئاسایشی ئەتۆمیی، دەستەوەستان نامێنێتەوە؛ وەک ئەوەی پێشتر بۆ روسیا و ئۆکراین کردی.
وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند، هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران جیهان بەرەو كارەساتێكی ئەتۆمی دەبات .
وەزارەتی دەرەوەی روسیا لە راگەیاندراوێكدا ئیدانەی هێرشە بەردەوامەكانی ئیسرائیلی كردوە بۆ سەر ئێران و بە نایاسایی ناوی بردوە ، دوپاتیشیكردوەتەوە كە تەنها بەرێگەی دیپلۆماسی دەكرێت ناكۆكییەكان لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران چارەسەر بكرێن .
هەروەها ئاماژە بۆ ئەوە كراوە، هێرشە چر و بەردەوامەكانی ئیسرائیل بۆ سەر پێگە ئەتۆمییەكانی ئێران هەرەشە لەسەر ئاسایشی نێودەوڵەتی دروست دەكات و جیهان بەرەو كارەساتێكی ئەتۆمی دەبات .
وەزارەتی دەرەوەی روسیا ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە ، ئیدانەكردنی فراوانی هێرشەكانی ئیسرائیل ، بەڵگەیە بۆ ئەوەی كە تەلئەبیب هیچ پشتگیرییەكی نییە تەنها لەلایەن ئەو دەوڵەتانەوە نەبێت كە خۆیان لە راستیدا بەشدارن لە پێشهاتەكاندا .
سی ئێن ئێن رایگەیاند: دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پێش کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل قسەی کردوە.
بەپێی ئەم میدیای ئەمریکییە، کۆبوونەوەی تیمی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا یەک کاتژمێری خایاندووە و تیایدا ئەگەرەکانی بەردەم بەشداریکردنی ئەمریکا لە جەنگەکەدا تاوتوێکراوە.
لە هەمان کاتدا تۆڕی تەلەفزیۆنی سی بی ئێسی ئەمریکیش دەنگۆی ناکۆکی لە نێوان راوێژکارانی ترەمپ سەبارەت بە ئێران بڵاوکردەوە.
سی بی ئێس بە پشت بەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان بڵاوی کردەوە کە هیچ کۆدەنگییەک لە نێوان راوێژکارە نزیکەکانی تررمپ سەبارەت بە چۆنیەتی کارلێککردن لەگەڵ پرسی ئێراندا نییە.
هێرشەكانی ئیسرائیل و ئێران بۆ سەر یەكتر دەرئەنجامی ناكۆكییەكی سیاسی تازە نییە، بەڵكو ململانێیەكی ئاڵۆز و درێژخایەنە و ریشەكەی دەگەڕێتەوە بۆ كاتی سەركەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ساڵی 1979
لەم واڵەدا 10 سەرەكیترین خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی ململانێكانی نێوان ئێران و ئیسرائیل دەخەینەڕوو
سەرەتای گرژییەكان 1979
پاش شۆڕشی ئیسلامی ئێران، تاران سەرجەم پەیوەندیەكانی لەگەڵ تەلئەبیب پچڕاند و ئیسرائیلی بە (دوژنمی زایۆنیست) ناوبرد.
ئێران دەستیكرد بە پشتیوانیكردنی ژمارەیەك گروپی چەكدار لە فەڵەستین و لوبنان، دیارتینیان حزبوڵای لوبنان.
پشتیوانی ئێران بۆ حزبوڵا 1982
ئێران بەشداریكرد لە دامەزراندنی حزبوڵا لە كاتی داگیركردنی لوبنان لەلایەن ئیسرائیلەوە.
لەو كاتەوە ئێران هاوكاری حزبوڵا دەكات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل.
شەڕی ساڵی 2006 ی نێوان حزبوڵا و ئیسرائیل
ئەم شەڕە بە یەكێك لە سەرەكیترین شەڕە ناڕاستەوخۆكانی نێوان ئێران و ئیسرائیل دادەنرێت
لەو شەڕە 34 رۆژییەدا ئێران لەڕێی دابینكردنی پشتیوانی سەربازی و داراییەوە بۆ حزبولا رۆڵێكی جەمسەری لە شەڕەكەدا گێڕا.
بەرنامەی ئەتۆمی ئێران
لە سەرەتای هەزارەی نوێوە، بەرنامە ئەتۆمیەكەی ئێران بە یەكێك لە سەرەكیترین خاڵەكانی ناكۆكی نێوان ئیسرائیل و ئێران دادەنرێت.
تەلئەبیب بەرنامە ئەتۆمییەكەی تاران بە هەڕەشە بۆ سەر بوونی خۆی دەزانێت و دوپاتیكردووەتوە كە هەموو رێگەیەك بۆ لەناوبردنی دەگرێتەبەر.
سوریا-گۆڕەپانی رووبەڕووبوونەوە 2011
سوریا لە چەند ساڵی دواییدا بووە مەیدانێكی كراوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ناڕاستەوخۆ لەنێوان ئیسرائیل و ئێران.
ئیسرائیل هەژموونی ئێران و بوونی گروپە چەكدارەكانی نزیك لەو وڵاتە لە سوریا بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی خۆی دەزانێت.
شەڕی نوێنەرایەتی، لە دەریادا 2019-2022
بە ئامانجگرتن و لێدان لە كەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەكانی یەكتر لە كەنداو و دەریای سور.
هێرشی فڕۆكە بێفڕۆكەوان و موشەك
بەكارهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و موشەك لە نێوان ئێران و ئیسرائیل لە ساڵانی رابردوودا پەرەی سەندووە و بووەتە یەكێك لە دیارترین شێوازەكانی رووبەڕووبوونەوە.
ئیسرائیل ئێران تۆمەتبار دەكات بەوەی پاڵپشتی لەو هێرشانە دەكات كە لە غەززە و لوبنان و سوریا و یەمەن و تەنانەت عیراقیشەوە دەكرێتە سەری.
شەڕی غەززە 2023
پاش توندبوونەوەی گرژییەكانی نێوان ئیسرائیل و حەماس، ئیسرائیل ئێرانی بە پاڵپشتیكردن لە هیرشەكەی 7ی ئۆكتۆبەری 2023 تۆمەتبار كرد.
ئێران رەتیكردەوە بەشداریی راستەوخۆی هەبێت، بەڵام لەرووی بنەماییەوە پشتیوانی لە حەماس كرد.
هێرشی راستەوخۆی ئێران (نیسانی 2024)
بۆ وەڵامدانەوەی بە ئامانجگرتی باڵیۆزخانەكەی لە دیمەش لەلایەن ئیسرائیلەوە، ئێران 300 موشەكی رەوانەی ئیسرائیل كرد.
سەرەڕای ئەوەی زۆربەی موشەكەكان لەلایەن سیستەمی بەرگری ئەمریكا و وڵاتانی ترەوە بەرپەرچدرانەوە بەڵام بە یەكەمین هێرشی راستەوخۆی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دادەنرێت.
لێدان لە حزبوڵا (ئەیلولی 2024)
ئیسرائیل لە 7ی ئەیلولی 2024 هێرشێكی وردی بۆسەر باشوری لوبنان ئەنجامدا و لە بارەگایەكدا حەسەن نەسروڵا ئەمیداری گشتی حزبوڵای كوشت.
كوشتنی نەسروڵا بەهێزیی توانای هەواڵگریی ئیسرائیلی ئاشكرا كرد
وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامی لێپرسراوی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا دەداتەوە و دەڵێت: ئێران بەرنامەی ئەتۆمییەکەی ئاشتیخوازانەیە و لە ژێر پشکنینی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیدایە.
ئیسماعیل بەقائی وتەبێژی وەزارەتی درەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، چۆن دەتوانن نیگەرانی لە بەرنامەی ئاشتیخوازانەی ئێران دەرببڕن لەکاتێکدا لەژێر چاودێری پشکنینی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیدایە، بەڵام چاوپۆشی لە جبەخانەکان و چەکی ئەتۆمی ئیسرائیل دەکەن .
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران هەرگیز بەدوای چەکی ئەتۆمیدا نەبووە و لە ساڵی 1974وە ئێران داوای کردووە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێ چەکی ئەتۆمی بێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، کایا کاڵاس لێپرسراوی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا هەمومان هاوڕاین کە ئێران بەهیچ شێوەیەک نابێت ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی، یەکێتی ئەوروپاش رۆڵی دیپلۆماسی خۆی دەگێڕێت لەو پێناوەدا.
باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە ئیسرائیل دوبارە هۆشداری دایە هاوڵاتیانی كە ناتوانن هاوكاریان بكەن لە جێهێشتنی ئیسرائیل بەهۆی گرژیەكانی نێوان ئیسرائیل و ئێرانەوە.
باڵیۆزخانەی ئەمریكا ڕایگەیاند كە لە ڕۆژی سێشەممەوە باڵیۆزخانەكە دادەخرێت بەهۆی دۆخی ئاسایشی ناوچەكە.
راشیگەیاندوە، چیدیكە لە توانایاندا نیە هاوكاری پێشكەشی هاوڵاتیانیان بكەن وە هەروەها ڕێنمایی پێویستیان داوە بە كارمەندانیان و خێزانەكانیان كە لە جێگەی خۆیاندا بمێننەوە.
هەروەها لە هۆشداریەكەشدا ئاماژە بەوە كراوە، كە گرنگە هاوڵاتیانی ئەمریكی وریابن و بزانن نزیكترین پەناگە لێیانەوە لە كوێیە بۆ ئەوەی لە كاتی هێرشدا پەنای بۆ ببەن.
تاوەكو ئێستا فڕۆكەخانەكانی ئیسرائیل و هەموو بەندەرە ئاویەكانی بە داخراوی ماونەتەوە لە پاش ململانێكانی ئەم دواییانەی لەگەڵ ئێراندا.
بۆ رۆژی پێنجەم هێرشەكانی ئێران وئیسرائیل دژ بە یەكتر بەردەوامە و سوپای ئیسرائیل كوژرانی سەرۆكی دەستەی ئەركانی جەنگیی ئێرانی راگەیاند ، سوپای پاسدارانی ئێرانیش دەڵێت بەشێكی تر لە بەهێزترین موشەكەكانیان ئاراستەی ئیسرائیل كردوە.
سوپای ئیسرائیل ئاشكرایكرد ، شەوی رابردوو لە ئۆپراسیۆنێكدا "عەلی شادمانی" سەرۆكی دەستەی ئەركانی جەنگیی لە تاران كوژراوە كە بە نزیكترین فەرماندە لە خامنەیی ناوی بردوە ، بەڵام تا ئێستا لێپرسراوانی ئێران ئەو هەواڵەیان پشتراست نەكردوەتەوە.
هەروەها سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندووە ، بەشێكی تر لە بەهێزترین موشەكەكانیان ئاراستەی ئیسرائیل كردوە و چەندین ئامانجی ستراتیژیان لەناوبردوە . دوپاتیشیكردۆتەوە كە ئامادەن بۆ جەنگێكی دورودرێژ و گشتگیر .
سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاندووە ، زنجیرەیەك بۆردومانیان دژی ئامانجە سەربازییەكان لە رۆژئاوای ئێران ئەنجامداوە .
هەر لە بەردەوامیی هێرشەكاندا ، ئەمرۆ دوو موشەك لە تەلئەبیب كەوتنە خوارەوە و لە ناوچەی "غوش دان"یش موشەكێكی تر كەوتە خوارەوە ، لە قودسیش دەنگی تەقینەوە بیسترا هەروەها سوپای ئیسرائیل لە بەرزاییەكانی جۆلان درۆنێكی ئێرانی خستە خوارەوە .
لە ئێران بانكی سپە هاككرا، هۆشداریش دەدرێت لەوەی لێپرسراوانی ئێران ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان بەكار نەهێنن.
فەرماندەیی ئاسایشی ئەلیكترۆنی ئێران، لێپرسراوانی وڵاتەكەی ئاگادار دەكاتەوە، لە بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن بەهەموو تۆڕەكۆمەڵایەتی و گشتییەكانەوە، بەكارهێنانی هەموو ئامێرەكان قەدەغە دەكات.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، ئامانج لە دەركردنی ئەو بڕیارە بۆ بەرزكردنەوەی ئاسایشی ئەلیكترۆنی و پاراستنی زانیارییە هەستیارەكانی لێپرسراوانی وڵاتەكەیە.
لەلایەكی ترەوە لێپرسراوانی بانكی سپە ئاشكرایان كردووە، لە ئێستادا بانك سپە هاككراوە، بەڵام لەچەند سەعاتی داهاتوو كێشەكە چارەسەر دەكەن.
هاوكات رۆژی دووشەممەش ئێران لە رێگەی ناردنی نامەوە، هێڵی پەیوەندییەكانی ئیسرائیلی هاككرد، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو هێراشانەدا كە لە رۆژی هەیینی رابردوو لە نێوان ئیسرائیل و ئێران دەستپێكردوە، چەندین پێگەی هەستیاری هەردوولا كراونەتە ئامانج.
دۆناڵد ترەمپ بەمەبەستی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل گەیشتە واشنتن و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، پێویستە بگەنە راگەیاندنی ئاگربەستی خێرا.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانە رۆژنامەنووسییەکەیدا لە واشنتن ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ گەرەنتییەک نییە لەبارەی ئەگەری بەشداریکردنی ئەمریکا لە شەڕەکەدا.
وتیشی، "من وەک پێشوو خواستم لەسەر دانوستان نەماوە، ئەگەر ئێران دانوستانی بوێت ئەوا دەزانن چۆن پەیوەندیم پێوە بکەن".
بەیانی ئەمڕۆش دۆناڵد ترەمپ بە تۆڕی ئێن بی ئێسی ئەمریکی راگەیاندبوو، کەئەگەری هەیە ستیڤ ویتکۆڤ نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان جەی دی ڤانسی جێگری خۆی بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران بنێرێت.
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندووە، ماکرۆن پێی وایە من بۆ پرسی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێران گەڕاومەتەوە واشنتن، بەڵام نەخێر بۆ ئامانجێکی زۆر گەورەتر گەڕاومەتەوە.
دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "ئیمایۆل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا باسی لەوەکردووە کە من کۆبوونەوەی G-7م جێهێشتووە و گەڕاومەتەوە واشنتن بۆ ئەوەی کار لەسەر پرسی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێران بکەم".
دەشڵێت، "هەڵەیە، ئەو نازانێت بۆچی دەگەڕێمەوە، پەیوەندی بە ئاگربەستەوە نییە، بەڵکو بۆ ئامانجێکی گەورەترە لەوە".
ترەمپ داوا دەکات هەموولایەک دەستبەجێ تارانی پایتەختی ئێران چۆڵ بکەن و دووپاتی کردەوە کە دەبوو ئێران رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکا ئیمزا بکردایە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس دەڵێت: ئێران ناتوانێت چەکی ئەتۆمی هەبێت. دووبارە و سێبارە وتوومەتەوە! پێویستە هەمووان دەستبەجێ تاران چۆڵ بکەن!"
سەرۆکی ئەمریکا ئێرانی بە "بەفیڕۆدانی ژیانی مرۆڤ"یش تۆمەتبار کرد.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت: پێداگرین لەسەر لەناوبردنی هەڕەشەكانی ئێران و بەرەو چارەسەری ریشەیی لەگەڵ ئێران هەنگاودەنێین
بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەکۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئێران باش دەزانێت كە ئیسرائیل لەسەر رێگای سەركەوتنە و هاوكارییەكانی ترەمپ بەرزدەنرخێنین.
وتیشی، ئۆپراسیۆنەكانمان لە ئێران پشتیوانی سەرەكی حەماس لەناودەبات و هەڕەشە موشەكییەكانی ئێران هەڕەشەیەكی راستەقینەیە و لەناوی دەبەین.
ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەشکرد: بە رێگە راستەكەدا هەنگاو دەنێین و قۆناغ بە قۆناغ کۆتایی بە بەرنامەی توانا ئەتۆمییەکەی ئێران دەهێنین.