ئەمڕۆ پوتن و عراقچی لە مۆسکۆ کۆدەبنەوە
محەمەد رزگار
٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
میدیاکانی رووسیا بڵاویانکردەوە، ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا، ئەمڕۆ لە مۆسکۆ لەگەڵ عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران کۆدەبێتەوە.
پێشتر ئاژانسی تاس-ی روسی لە زاری عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە رایگەیاندبوو، ئێران و روسیا هەڵوێستەکانیان لە بارەی پێشهاتەکانی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەماهەنگن.
ئەمەش دوای ئەوەهات، دوێنێ روسیا بە توندی ئیدانەی هێرشەکانی ئەمریکای بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان لە ئێران کرد.
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی روسیا لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکردووە، "بڕیاری نابەرپرسانە بۆ هێرشی موشەکی و بۆمب بۆ سەر خاکی دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری، پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە".
جێگەی ئاماژەیە، ئاژانسی هەواڵی تاس-ی روسی ئەوەشی خستوەتەروو، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا هیچ پلانێکی نییە بۆ قسەکردن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ هاوتا ئەمریکییەکەی، لە دوای هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.