وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرایکرد، لەناوبردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران جیهانی سەلامەتتر کردووە.

مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر سێ دامەزراوەی ئەتۆمی ئێران، جیهانی سەلامەتتر کردووە، ئەمەش نیگەرانییەکانی کەمکردووەتەوە کە هێرشەکە ئەگەری هەیە ململانێیەکی فراوانتر هەڵبگیرسێنێت.

وتیشی، پێموایە جیهان ئەمڕۆ سەقامگیرترە لە چاو 24 کاتژمێر پێش ئێستا، دەشڵێت، تاران ئەگەر بە بەرنامەیەکی ئەتۆمی "نهێنی" بەردەوام بێت، روبەڕوی لێدانی زیاتر دەبێتەوە.

رۆبیۆ ئاماژەی بە ئامادەیی ئەمریکا بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران کرد و داوای لە ئەوروپا کرد فشارەکان لەسەر تاران زیاتر بکات.

راشیگەیاند، ئەگەر تاران هەر هێرشێک بۆ سەر ئەمریکا لەرێگەی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە خۆیەوە ئەنجامبدات، لێپرسینەوە لە ئێران دەکەن.

لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەرەبەیانی یەکشەممەدا، ئەمریکا هێرشی ئاسمانی دەستپێکرد و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی کردە ئامانج، کە دیارترینیان دامەزراوەی ژێرزەمینیی فۆردۆ بوو.