کوردستانکوردستان

ڕاپەڕین دەربڕی خواست و باوەڕ و ئیرادەی پتەوی گەلی کوردستان بوو لە ‌پێناو ژیان و داھاتوویەکی باشتری ئازاد و سەرفراز و ڕەتکردنەوەی ستەم و زۆرداریدا. بەرھەمی خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە و گەل و جەماوەری ڕاپەڕیو و یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکان و پێکھاتەکانی کوردستان بوو.

ڕاپەڕین دەروازەی واڵای گەلی کوردستان بوو بۆ قۆناغی نوێی خۆبەڕێوەبردن و دامەزراندنی دامەزراوە شەرعی و فەرمییەکانی ھەرێمی کوردستان کە پاش ئازادیی عێراق لە دەستووردا جێگیر کران، لە نێوخۆ و دنیای دەرەوەشدا بە فەرمی ناسران و مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.

لەم یادەدا دووپاتی دەکەینەوە کە پاراستنی ئازادی و دەسکەوتەکانی ڕاپەڕین و مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان، ئەرک و بەرپرسیاریەتیی ھاوبەشی ھەموو کوردستانییانە و وەفادارییە بۆ گیانی پاکی شەھیدان و ھەموو قوربانیانی ڕێگەی ئازادی.

با ئەم یادە ھاندەرمان بێت بۆ پتەوکردنی زیاتری گیانی تەبایی، پێکەوەیی، یەکڕیزی و قووڵکردنەوەی پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردن و لێبوردەیی و کارکردن لە پێناو ئەو ئامانجانەدا کە شەھیدانی ڕاپەڕین و تەواوی شەھیدانی کوردستان گیانیان لەسەر دانا.
وێڕای دووپاتکردنەوەی پابەندیمان بە ئامانجەکانی ڕاپەڕینەوە، بە ھیوا و ئومێد، بە بڕوا و گەشبینییەوە بۆ داھاتوویەکی باشتر دەڕوانین و بە ڕێز و شکۆوە یادی شەھیدانی ڕاپەڕین و تەواوی شەھیدانی کوردستان دەکەینەوە.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان
٢٠٢٢/٣/٥

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاماژەی بەوەشدا، شەھیدەکانمان خوێنی خۆیان لە پێناو داھاتوویەکی پرشنگدار و سەقامگیر بۆ خەڵکی سەربەرزی کوردستان ڕشت. بەڵام بە داخەوە ھەڵە و کەموکورتی لە نێو جومگەکانی حکومڕانی، خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات، پشتکردنە داخوازییە ڕەواکانی خەڵکی خۆشەویستی کوردستان و نەبوونی خزمەتگوزاری، نیگەرانی ھاووڵاتییانی گەیاندووەتە شوێنێک کە بوترێت (ڕاپەڕینمان نەکرد بۆ ئەوەی دۆخەکە بەمشێوەیەی لێبێت).

وتیشی، دەزانین کەموکورتیمان ھەبووە و ھەموو داواکارییەکانی خەڵک ڕەوایە و لە جێگەی خۆیدایە. بەڵام بەڵێنتان پێدەدەین یەکێتی خوێنی شەھیدان، تێکۆشان و خۆڕاگری خەڵک لەبیر ناکات، بەرامبەر ئەم ئەرکە مێژوویی و نیشتمانییە وەفادار دەبێت و لە خەبات بۆ ژیانێکی ئارامتر بەردەوام دەبێت.
 
دەقی پەیامەکە ...


کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان
تێکۆشەران، پێشمەرگە، زیندانیانی سیاسی و کەمئەندامانی سەنگەر

بە بۆنەی یادی پیرۆزی ڕاپەڕینە مێژووییەکەی گەلی کوردەوە پیرۆزباییەکی گەرمتان ئاڕاستە دەکەم، شانازی بە خەبات و خۆڕاگریتانەوە دەکەم و سوپاسی پشوودرێژیتان دەکەم.

ڕاپەڕینی کورد وەستانەوە بوو بەرامبەر نادادی و ستەم، ھەوڵدان بوو بۆ گەیشتن بە ژیانێکی سەرفرازانە و شەرەفمەند. شەھیدەکانمان خوێنی خۆیان لە پێناو داھاتوویەکی پرشنگدار و سەقامگیر بۆ خەڵکی سەربەرزی کوردستان ڕشت. بەڵام بە داخەوە ھەڵە و کەموکورتی لە نێو جومگەکانی حکومڕانی، خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات، پشتکردنە داخوازییە ڕەواکانی خەڵکی خۆشەویستی کوردستان و نەبوونی خزمەتگوزاری، نیگەرانی ھاووڵاتییانی گەیاندووەتە شوێنێک کە بوترێت (ڕاپەڕینمان نەکرد بۆ ئەوەی دۆخەکە بەمشێوەیەی لێبێت).. دەبێت ئەمە ئاماژەیەکی مەترسیدار و ڕاچڵەکێنەر بێت بۆ دەسەڵاتدارانی کوردستان کە شانازی و سەروەرییەکانی ڕابردوومان نەکەینە قوربانیی ململانێی تەسکی حیزبایەتی، دەبێت ئامانجەکانی ڕاپەڕین بەدیبھێنین و خەونەکانی لەبار نەبەین. بێباکی بەرامبەر داواکارییە ڕەواکانی خەڵک دەرئەنجامێکی دەبێت کە ھەرگیز ھیوامان بۆ نەخواستووە.

دەزانین کەموکورتیمان ھەبووە و ھەموو داواکارییەکانی خەڵک ڕەوایە و لە جێگەی خۆیدایە. بەڵام بەڵێنتان پێدەدەین یەکێتی خوێنی شەھیدان، تێکۆشان و خۆڕاگری خەڵک لەبیر ناکات، بەرامبەر ئەم ئەرکە مێژوویی و نیشتمانییە وەفادار دەبێت و لە خەبات بۆ ژیانێکی ئارامتر بەردەوام دەبێت. ڕەخنە و گلەییەکانتان وزەمان پێدەبەخشێت و ھەموومان پێکەوە ئەو خەونە بەدیدەھێنین کە ڕاپەڕینمان بۆ کرد.

ھەر شاد و سەرفرازبن

دڵسۆزتان

بافڵ جەلال تاڵەبانی
٥ی ئاداری ٢٠٢٢

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە ساڵیادی ڕاپەڕیندا سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەھیدانی ڕزگاری دادەنوێنین.

چاوەڕوانی کۆمەڵانی خەڵک بۆ ئاسوودەی و خۆشگوزەرانی و دادپەروەری پێویستی بە چارەسەری بنەڕەتییە بۆ کێشە کەڵەکەبووەکان بە ئاڕاستەی بەدیھێنانی حکومڕانی دروست و تەرخانکردنی داھاتی گشتی بۆ خزمەتی خەڵک و ئاوەدانی نیشتمان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حسێن مەحمود قائیمقامی ڕانیە لە وتارێکدا بە بۆنەی یادی ڕاپەڕین ڕایگەیاند، لە ھەلومەرجێکی نالەباردا یادی ڕاپەڕین دەکەنەوە، کە ھەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی سەختی ئابوری و سیاسیدا تێدەپەڕێت. وتیشی، پەرتەوازەیی نێوماڵی کورد، دەستکەوتەکانی ڕاپەڕینی خستووەتە دووڕیانێکی مەترسیدار.

ھیوا قەرەنی سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەڕین لە لێدوانێکدا بۆ کوردسات نیوز ڕایگەیاند، بەھۆی خراپی ڕەوشی ئابوری و پەرتەوازەیی لایەنە سیاسییەکان، لە ناو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە نیگەرانی زۆر ھەیە، بە نیگەرانیشەوە یادی ڕاپەڕین دەکەنەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەیلا عومەر سەرۆكی شارەوانی سلێمانی لە لێدوانێكدا بە كوردسات نیوزی ڕاگەیاند، بەهۆی خەرجنەكردنی شایستە داراییەكانیان لەلایەن حكومەتەوە، كۆمپانیاكانی پاككردنەوەی خۆڵ و خاشاك كارەكانیان ڕاگرتووە، بۆیە تیمەكانی شارەوانی خۆڵ و خاشاكی ناوبازاڕ و گەڕەكەكانی سلێمانی كۆدەكەنەوە تا ئەو كاتەی كۆمپانیاكان دەكەونەوە سەر كارەكانیان.

وتیشی، توانای پاككردنەوەی شار لەلایەن تیمەكانیانەوە سنوردارە و وەك پێویست كرێكار و ئۆتۆمبێل و ئامێری پاكردنەوەیان نییە.

 


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەنجومەنی ئابووری ھەرێمی کوردستان کۆبووە، بە پێی ڕاگەیەنراوێکی کۆبوونەوەکەش گفتوگۆکراوە سەبارەت بە ڕاپۆرتی لیژنەی سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی ڕێکخستنەوەی باج و ڕسومات لە وەزارەت و دامودەزگا وپارێزگاکان، ھاوکات پوختەی ڕاپۆرتەکە خرایەڕوو کە چەندین پێشنیاری پێویستی بۆ دامەزراوەکانی حکومەتی ھەرێم لەخۆگرتبوو لە پێناوی ڕێکخستنەوەی ئەو ڕسومات و کرێی خزمەتگوزارییانەی وەردەگیرێن لە ھاووڵاتییان،  بە جۆرێک ڕەچاوی بژێویی وئابووری ھاووڵاتی سوودمەند لە خزمەتگوزاریی بکرێت.

ھەروەھا دوای گفتوگۆکردن لەسەر پێشنیارەکان، ئەنجومەنی ئابووری پێشنیارەکانی پەسەندکرد و بڕیاردرا بە جێبەجێکردنیان لە چوارچێوەی پلانێکی تۆکمە، بە جۆرێک لایەنی بەرپرسیار و پڕۆسەی جێبەجێکردن و ماوەی پێویست بۆ ھەر پێشنیارێک دیاری بکرێت.

لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی ڕەوشی ئابووری و دارایی کرا و جەخت لە پێویستیی ڕێکخستنەوەی داھاتی ناوخۆیی و نانەوتییەکان کرا، لە ھەمانکاتدا ھەوڵەکانیش بەردەوامە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، حکومەتی ھەرێم درێغی ناکات لە ھەوڵدانی جدی بۆ دابینکردنی بودجەی ھەرێم و مووچەی مووچەخۆران، وەزارەتی دارایی و ئابوورییش ڕاسپێردرا، ئامادەکاری پێویست بکات بۆ بەردەوامیدان بە پڕۆسەی دابەشکردنی مووچە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمرۆ حەوتەمین کۆنگرەی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بە بەشداری نزیکەی ھەزار ئەندام لە ھەولێر دەستیپێکرد و لەیەکەم رۆژی کۆنگرەدا ناوی حزبەکە گۆڕدرا بۆ پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان و محەمەدی حاجی مەحمودیش بە سەرۆک ھەڵبژێردرا، ھەروەھا عەبدوڵای حاجی مەحمود بە جێگری سەرۆکی پارتەکە ھەڵبژێردرا.


عادل ساڵح وتەبێژی کۆنگرە لە لێدوانێکدا بۆ کوردسات نیوز رایگەیاند، لە کۆنگرەدا پێداچونەوە بە پەیڕەو و پڕۆگرامی حزبدا دەکرێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە، ڕۆژانە ١٧٥ ھەزار بەرمیل نەوت لە کێڵگەی نەوتی خورمەڵە بەرھەمدێت و "ھیچ کۆمپانیایەکی بیانی لەسەر نیە ٤٣٪ داھاتەکە ببات."


کێڵگەی نەوتی خورمەڵە دەکەوێتە سەر سنوری نێوان کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک و ھەولێر و عەلی حەمە ساڵح دەڵێت کێڵگەکە ئامادەبووە و لە سەردەمی رژێمی پێشووی عێراق دەستیکردووە بە بەرھەمھێنان و ٦٤ بیری ھەبووە.


لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە کێڵگەی نەوتی خورمەڵە بەدەست حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوەیە و بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە لە ئێستادا کۆمپانیای کار کێڵگەکە بەڕێوە دەبات.


عەلی حەمە ساڵح دەشڵێت "ئایا دەکرێ تەنیا داھاتی مانگانەی کێڵگەیەک (٣٦٧ ملیۆن دۆلار)  بێت، داھاتی ھەموو نەوتی کوردستان (٣٥٠ ملیۆن دۆلار ) بێت."

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی زانیارییەکان، ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا گوندی ھرورێ و چەند گوندێکی تری سنووری بەرواری باڵایان لە قەزای ئامێدی سەر بە دھۆک بۆردوومان کرد و تۆپخانەکانیش چەند گوندێکی شارۆچکەی باتیفایان لە زاخۆ تۆپباران کرد. 


ھەرچەندە تۆپێک بەر ماڵێکی گوندی ھرورێ کەوت بەڵام تا ئێستا زیانە مادیی و گیانییەکان نەزاندراون. 


ئەمڕۆ سێیەم ڕۆژە لەسەر یەک کە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بە چڕی بۆردومانی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەن و زیان بە گوندنشینان دەگەیەنن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاسمانی عێراق و ھەرێمی کوردستان خۆڵبارینێکی چڕ گرتوویەتییەوە و ئاستی بینین لە زۆربەی شوێنەکان کەمبووەتەوە و ھەندێک جار ھەورە بروسکە و پڕوشەی بارانیشی لەگەڵدا بووە.

لایەنە تەندروستییەکان داوا لەو ھاوڵاتییانە دەکەن کە نەخۆشی ڕەبو و تەنگەنەفەسییان ھەیە، نەچنە دەرەوە و کاتێکیش چوونە دەرەوە دەمامک بکەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە بارەی گەڕانەوەشی کەسوکاری ڕێوار خۆشحاڵی خۆیان دەردەبڕن و سوپاسی د. ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و (خەلیل عوسمان) پەرلەمانتاری پێشووی یەکێتی دەکەن لە ھەوڵەکانیان بۆ گەڕانەوەی ڕێوار.

مانگی کانونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، بەلەمێک بە نزیکەی ١٠٠ کۆچبەرەوە لە کەناراوەکانی یۆنان ژێرئاو کەوت، زۆرینەی کۆچبەرە خنکاوەکان کورد بوون، خێزانێکی کوردی دانیشتووی شاری کۆیە، کە لە سێ منداڵ و دایک و باوکێک پێکھات بوون لە ناو ئەو کۆچبەرانەدا بوون، بەڵام لە ڕووداوەکەدا چوار کەسیان خنکان و تەنھا ڕێوار ڕزگاری بوو.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وتیشی، بەھۆی بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار، قەبارەی ھاوردەکردن کەمیکردووەتەوە و بەشێک لە بازرگاکان بەھۆی بەرزی نرخەوە کاڵاکانیان بۆ ساغ نابێتەوە و تووشی زیان بوون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بە ناوی ھەرێمی کوردستانەوە ‌و لەسەر داوای قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، کە ھەرێمی کوردستان بە رەسمی بناسێندرێت و کۆدی تایبەت بەخۆی ھەبێت لە مامەڵە جیھانییەکاندا، ئەمڕۆ ٤ی ٣ی ٢٠٢٢، رێکخراوەکە ڕەزامەندیدا لەسەر داواکارییەکە ‌و کۆدی (IQ-KR)ی بۆ ھەرێمی کوردستان دابین کرد.


دوای رەزامەندی رێکخراوی ئایسۆ (ISO) و دابینکردنی کۆدی تایبەت بە خۆی، ھەرێمی کوردستان بەپێی ڕێنماییەکانی رێکخراوی یونیکۆد (Unicode) دەتوانێت ببێتە خاوەنی ئیمۆجی ئاڵای کوردستان. 

ئەم ناساندنەی ھەرێمی کوردستان؛ جگە لەوەی ئاڵای کوردستان دەناسێندرێت وەک ھەرێمێک لە (یونیکۆد Unicode Standard)، کار ئاسانی دەکات بۆ بەستنەوەی دامودەزگاکانی ھەرێمی کوردستان بە دامودەزگا نێودەوڵەتییەکان.

قوباد تاڵەبانی دەربارەی ئەم بڕیارە وتی، "ئەم ناساندنە ھاوکارمان دەبێت لە مامەڵە ئەلیکترۆنییە نێودەوڵەتییەکان و ھەنگاونانی زیاتر بەرەو حکومەتێکی ئەلەکترۆنی، ھەروەھا ئەم ناساندنە یارمەتیدەر دەبێت لە پرۆسەی بازرگانی ئەلەکترۆنی و بەریدی نێودەوڵەتی (پۆستە) و گەشەکردنی کەرتی بانکی لە ھەرێمی کوردستان، جێی دڵخۆشییە کە ئەو ناساندنە رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ دامەزراندنی ئیمۆجی ئاڵای کوردستان بە بە رەسمی".


جێگری سەرۆک وەزیران ستایشی رۆڵی ھەردوو وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی عێراق و حکومەتی ھەرێمی کوردستانی کرد کە ھاوکار بوون لەم پرۆسەیە.

کۆدی ھەرێمی کوردستان لە ئێستادا پارێزگاکانی ھەولێر و سلێمانی و دھۆک لەخۆ دەگرێت و داوای زیادکردنی کۆدی پارێزگای ھەڵەبجەش کراوە کە لە داھاتوویەکی نزیکدا زیاد دەکرێت.

رێکخراوی (ئایسۆ International Organization for Standardization ) رێکخراوێکی جیھانیە تایبەتە بە دانانی پێوەرەکانی مۆڵەتە بازرگانی و پیشەسازییەکان و کارەکانی پەیوەست بە تەکنەلۆجیا و دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان دامودەزگاکانی وڵاتان و تاوەکو ئێستا زیاتر لە ١٦٠ وڵات لەلایەن ئەم رێکخراوە ناسێندراوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

راپەڕینە مەزنەکەی بەھاری ١٩٩١، سەرەتای بەگژداچوونەوەی جەور و ستەم و قۆناغێکی نوێ لەمێژووی گەلەکەمان و گۆڕینی وێستگەی خەباتی نھێنی و نەبەردییەکانی شاخ بوو، بۆ گەیشتن بە ئازادی و قۆناغی خەباتی مەدەنی و دیموکراسی.


راپەڕینی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، بەڕێبەرایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئازادی بەخشییە کوردستان و دیموکراسی رەخساند و رۆحیەتی یەکھەڵوێستی و یەکدەنگی لە گەلی کورد دا بەرزکردەوە و ھەمووانی لە سایەی ئامانجێکی پیرۆزدا کۆکردەوە.


ئەو راپەڕینەی لەسایەیدا پەرلەمان و حکومەت پێکھات و دامەزراوەکان کەوتنەسەرپێ و ھەنگاونان بەرەو ئاوەدانی و خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانی بوونە دروشمی سەرەکی، کەئێستا جێی خۆیەتی بپرسین ! چەندیان ھاتونەتەدی و قۆناغی ئایندە چیمان لێ دەخوازێ.


خەونمان ھێنانەکایەی ئایندەیەکی خۆشگوزەران بوو بۆ گەنجەکانمان، خەونمان بەدیھێنانی ئازادی رادەربڕین و یەکسانی و دادپەروەی و سەروەری یاسا و پاراستنی کەلتورو و زمان و دەستکەوت و داب و نەریتی جوانی کوردەواری و گەڕەک و شەقامە کۆنەکان و قەڵا و سەرا و زەوی و زاری باو باپیرانمان بوو، خەونمان یەک دەنگی و یەک دەستیمان بوو، خەونمان بەردەوامی بە کورد و کوردستانی بوونمان بوو، خەونمان گەڕاندنەوەی کەرکوک و ناوچەدابڕێنراوەکان بوو، خەونمان ژیانێکی سەربەرزانە بوو، خەونمان کوردستانی گەورە بوو نەک... لێک ترازان، نەک کاولکاری و نەک پەیڕەوکردنی سیستمی بەعس و خۆخۆری و گەڕانەوە بۆ سەردەمی کۆیلایەتی و تاک پەرستی و گەندەڵی… شەرمە بێدەنگ بین و رێگەبدەین کە بازرگانی بە دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەینێمانەوە بکرێت. 


لە ١٩٩١ دا بەیەک دەنگ وتمان راپەڕین پێویستە، لە ٢٠٢٢ دا پێویستە بەیەک دەنگ بڵێین؛ ئازادی، یەکسانی، چاکسازی، خزمەتگوزاری و سەروەری یاسا، نا بۆ قۆرخکاری، نا بۆ بەھەدەردانی سەروەت و سامانی گشتی، نا بۆ کۆڕەوی گەنجانی دواڕۆژی گەلەکەمان، نا بۆ شکاندنی کەرامەتی مرۆڤ، نا بۆ خاک و گەل و نیشتمان فرۆشتن، نا بۆ سەرلەقاندن، تا بڵێسەی راپەڕین ھەرگیز نەکوژێتەوە.

شاناز ئیبراھیم ئەحمەد
کارگێڕی مەکتەبی سیاسی(ی.ن.ک) و سەرپەرشتیاری مەڵبەندی ١ی رێکخستنی سلێمانی 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

تارا ئەنوەر قەرەداغی بەڕێوەبەری گشتی لە دەستەی داواکانی موڵکداری راگەیاند، لە ئەنجامی ھەوڵەکانی دەستەی داواکانی موڵکداری جارێکی تر بڕێک پارە بەسەر زەرەرمەندانی دەستی رژێمی بەعس دابەشدەکرێت و قەرەبووەکەش ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە داواکارییان پێشکەشی دەستەکەیان کردووە. 


ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، پێشتریش پڕۆسەی خەرجکردنی بڕە پارە بۆ زیانلیکەووتوان ھەبووە و بەردەوامیش دەبێت، لە پڕۆسەی ئەمجارەشدا ١١٥ کەس سوودمەند دەبن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە راگەیاندراوێکدا ٢١ پەرلەمانتاری کوردستان داوا دەکەن، حکومەتی ھەرێم پەلە بکات لە ناردنی شاندێکی باڵا بۆ بەغداد بۆ یەکلاکردنەوەی پرسە ھەڵپەسێردراوەکانی ھەرێم لەگەڵ بەغداد، بەتایبەتی دوای ئەو رەوشەی بەھۆی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییەوە دروستبووە و ھەرێم رووبەرووی قۆناغێکی دیکەی قەیرانی ئابووریی و سیاسیی بوەتەوە. 


ئەو پەرلەمانتارانە داواش دەکەن، چیتر خەڵکی کوردستان باجی ناکۆکییەکانی نێوان ھەرێم و بەغداد و ناشەفافییەتی داھات و کێشەی نەگەڕاندنەوەی داھاتەکان بۆ خەزێنەی گشتیی نەدەن و حکومەتی ھەرێم پەلە بکات لە دابەشکردنی مووچە و لە ماوەیەکی دیاریکراودا تەواوی موچەی موچەخۆران بدات. 


ئەو پەرلەمانتارانە ئاماژەیان وەشکرد، لە چەند رۆژی داھاتوودا شاندی باڵای حکومەتی ھەرێم بچێتە پەرلەمان و داھاتەکانی کوردستان و کێشەکانی بەردەم کۆکردنەوەی داھاتەکان و شایستە داراییەکانی خەڵک روونبکەنەوە و چیتر نەوت و سیاسەتی نەوتی ھەرێم و ناکۆکییەکان لەگەڵ بەغداد، نەبنە ھۆی نەھامەتیی و دروستکردنی قەیران بۆ خەڵکی کوردستان، بەپێچەوانەوە لە ھەر دانیشتنێکی داھاتووی پەرلەماندا، فشار دروستدەکەن ئەگەر ئەولەویەتی بەرنامەی کارەکەی مووچە و ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان نەبێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...756757758759760...994