بافڵ جەلال تاڵەبانی: ھاووڵاتییان دەڵێن ڕاپەڕینمان نەکرد بۆ ئەوەی دۆخەکە بەمشێوەیەی لێبێت
کوردسات نیوز
٥ی ئازاری ٢٠٢٢
ئاماژەی بەوەشدا، شەھیدەکانمان خوێنی خۆیان لە پێناو داھاتوویەکی پرشنگدار و سەقامگیر بۆ خەڵکی سەربەرزی کوردستان ڕشت. بەڵام بە داخەوە ھەڵە و کەموکورتی لە نێو جومگەکانی حکومڕانی، خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات، پشتکردنە داخوازییە ڕەواکانی خەڵکی خۆشەویستی کوردستان و نەبوونی خزمەتگوزاری، نیگەرانی ھاووڵاتییانی گەیاندووەتە شوێنێک کە بوترێت (ڕاپەڕینمان نەکرد بۆ ئەوەی دۆخەکە بەمشێوەیەی لێبێت).
وتیشی، دەزانین کەموکورتیمان ھەبووە و ھەموو داواکارییەکانی خەڵک ڕەوایە و لە جێگەی خۆیدایە. بەڵام بەڵێنتان پێدەدەین یەکێتی خوێنی شەھیدان، تێکۆشان و خۆڕاگری خەڵک لەبیر ناکات، بەرامبەر ئەم ئەرکە مێژوویی و نیشتمانییە وەفادار دەبێت و لە خەبات بۆ ژیانێکی ئارامتر بەردەوام دەبێت.
دەقی پەیامەکە ...
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان
تێکۆشەران، پێشمەرگە، زیندانیانی سیاسی و کەمئەندامانی سەنگەر
بە بۆنەی یادی پیرۆزی ڕاپەڕینە مێژووییەکەی گەلی کوردەوە پیرۆزباییەکی گەرمتان ئاڕاستە دەکەم، شانازی بە خەبات و خۆڕاگریتانەوە دەکەم و سوپاسی پشوودرێژیتان دەکەم.
ڕاپەڕینی کورد وەستانەوە بوو بەرامبەر نادادی و ستەم، ھەوڵدان بوو بۆ گەیشتن بە ژیانێکی سەرفرازانە و شەرەفمەند. شەھیدەکانمان خوێنی خۆیان لە پێناو داھاتوویەکی پرشنگدار و سەقامگیر بۆ خەڵکی سەربەرزی کوردستان ڕشت. بەڵام بە داخەوە ھەڵە و کەموکورتی لە نێو جومگەکانی حکومڕانی، خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات، پشتکردنە داخوازییە ڕەواکانی خەڵکی خۆشەویستی کوردستان و نەبوونی خزمەتگوزاری، نیگەرانی ھاووڵاتییانی گەیاندووەتە شوێنێک کە بوترێت (ڕاپەڕینمان نەکرد بۆ ئەوەی دۆخەکە بەمشێوەیەی لێبێت).. دەبێت ئەمە ئاماژەیەکی مەترسیدار و ڕاچڵەکێنەر بێت بۆ دەسەڵاتدارانی کوردستان کە شانازی و سەروەرییەکانی ڕابردوومان نەکەینە قوربانیی ململانێی تەسکی حیزبایەتی، دەبێت ئامانجەکانی ڕاپەڕین بەدیبھێنین و خەونەکانی لەبار نەبەین. بێباکی بەرامبەر داواکارییە ڕەواکانی خەڵک دەرئەنجامێکی دەبێت کە ھەرگیز ھیوامان بۆ نەخواستووە.
دەزانین کەموکورتیمان ھەبووە و ھەموو داواکارییەکانی خەڵک ڕەوایە و لە جێگەی خۆیدایە. بەڵام بەڵێنتان پێدەدەین یەکێتی خوێنی شەھیدان، تێکۆشان و خۆڕاگری خەڵک لەبیر ناکات، بەرامبەر ئەم ئەرکە مێژوویی و نیشتمانییە وەفادار دەبێت و لە خەبات بۆ ژیانێکی ئارامتر بەردەوام دەبێت. ڕەخنە و گلەییەکانتان وزەمان پێدەبەخشێت و ھەموومان پێکەوە ئەو خەونە بەدیدەھێنین کە ڕاپەڕینمان بۆ کرد.
ھەر شاد و سەرفرازبن
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
٥ی ئاداری ٢٠٢٢