بە ناوی ھەرێمی کوردستانەوە ‌و لەسەر داوای قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، کە ھەرێمی کوردستان بە رەسمی بناسێندرێت و کۆدی تایبەت بەخۆی ھەبێت لە مامەڵە جیھانییەکاندا، ئەمڕۆ ٤ی ٣ی ٢٠٢٢، رێکخراوەکە ڕەزامەندیدا لەسەر داواکارییەکە ‌و کۆدی (IQ-KR)ی بۆ ھەرێمی کوردستان دابین کرد.


دوای رەزامەندی رێکخراوی ئایسۆ (ISO) و دابینکردنی کۆدی تایبەت بە خۆی، ھەرێمی کوردستان بەپێی ڕێنماییەکانی رێکخراوی یونیکۆد (Unicode) دەتوانێت ببێتە خاوەنی ئیمۆجی ئاڵای کوردستان. 

ئەم ناساندنەی ھەرێمی کوردستان؛ جگە لەوەی ئاڵای کوردستان دەناسێندرێت وەک ھەرێمێک لە (یونیکۆد Unicode Standard)، کار ئاسانی دەکات بۆ بەستنەوەی دامودەزگاکانی ھەرێمی کوردستان بە دامودەزگا نێودەوڵەتییەکان.

قوباد تاڵەبانی دەربارەی ئەم بڕیارە وتی، "ئەم ناساندنە ھاوکارمان دەبێت لە مامەڵە ئەلیکترۆنییە نێودەوڵەتییەکان و ھەنگاونانی زیاتر بەرەو حکومەتێکی ئەلەکترۆنی، ھەروەھا ئەم ناساندنە یارمەتیدەر دەبێت لە پرۆسەی بازرگانی ئەلەکترۆنی و بەریدی نێودەوڵەتی (پۆستە) و گەشەکردنی کەرتی بانکی لە ھەرێمی کوردستان، جێی دڵخۆشییە کە ئەو ناساندنە رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ دامەزراندنی ئیمۆجی ئاڵای کوردستان بە بە رەسمی".


جێگری سەرۆک وەزیران ستایشی رۆڵی ھەردوو وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی عێراق و حکومەتی ھەرێمی کوردستانی کرد کە ھاوکار بوون لەم پرۆسەیە.

کۆدی ھەرێمی کوردستان لە ئێستادا پارێزگاکانی ھەولێر و سلێمانی و دھۆک لەخۆ دەگرێت و داوای زیادکردنی کۆدی پارێزگای ھەڵەبجەش کراوە کە لە داھاتوویەکی نزیکدا زیاد دەکرێت.

رێکخراوی (ئایسۆ International Organization for Standardization ) رێکخراوێکی جیھانیە تایبەتە بە دانانی پێوەرەکانی مۆڵەتە بازرگانی و پیشەسازییەکان و کارەکانی پەیوەست بە تەکنەلۆجیا و دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان دامودەزگاکانی وڵاتان و تاوەکو ئێستا زیاتر لە ١٦٠ وڵات لەلایەن ئەم رێکخراوە ناسێندراوە.