ئەنجومەنی ئابووری: هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ عێراق بەردەوامە
٥ی ئازاری ٢٠٢٢
ئەنجومەنی ئابووری ھەرێمی کوردستان کۆبووە، بە پێی ڕاگەیەنراوێکی کۆبوونەوەکەش گفتوگۆکراوە سەبارەت بە ڕاپۆرتی لیژنەی سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی ڕێکخستنەوەی باج و ڕسومات لە وەزارەت و دامودەزگا وپارێزگاکان، ھاوکات پوختەی ڕاپۆرتەکە خرایەڕوو کە چەندین پێشنیاری پێویستی بۆ دامەزراوەکانی حکومەتی ھەرێم لەخۆگرتبوو لە پێناوی ڕێکخستنەوەی ئەو ڕسومات و کرێی خزمەتگوزارییانەی وەردەگیرێن لە ھاووڵاتییان، بە جۆرێک ڕەچاوی بژێویی وئابووری ھاووڵاتی سوودمەند لە خزمەتگوزاریی بکرێت.
ھەروەھا دوای گفتوگۆکردن لەسەر پێشنیارەکان، ئەنجومەنی ئابووری پێشنیارەکانی پەسەندکرد و بڕیاردرا بە جێبەجێکردنیان لە چوارچێوەی پلانێکی تۆکمە، بە جۆرێک لایەنی بەرپرسیار و پڕۆسەی جێبەجێکردن و ماوەی پێویست بۆ ھەر پێشنیارێک دیاری بکرێت.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی ڕەوشی ئابووری و دارایی کرا و جەخت لە پێویستیی ڕێکخستنەوەی داھاتی ناوخۆیی و نانەوتییەکان کرا، لە ھەمانکاتدا ھەوڵەکانیش بەردەوامە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، حکومەتی ھەرێم درێغی ناکات لە ھەوڵدانی جدی بۆ دابینکردنی بودجەی ھەرێم و مووچەی مووچەخۆران، وەزارەتی دارایی و ئابوورییش ڕاسپێردرا، ئامادەکاری پێویست بکات بۆ بەردەوامیدان بە پڕۆسەی دابەشکردنی مووچە.


