ڕاپەڕین دەربڕی خواست و باوەڕ و ئیرادەی پتەوی گەلی کوردستان بوو لە ‌پێناو ژیان و داھاتوویەکی باشتری ئازاد و سەرفراز و ڕەتکردنەوەی ستەم و زۆرداریدا. بەرھەمی خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە و گەل و جەماوەری ڕاپەڕیو و یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکان و پێکھاتەکانی کوردستان بوو.

ڕاپەڕین دەروازەی واڵای گەلی کوردستان بوو بۆ قۆناغی نوێی خۆبەڕێوەبردن و دامەزراندنی دامەزراوە شەرعی و فەرمییەکانی ھەرێمی کوردستان کە پاش ئازادیی عێراق لە دەستووردا جێگیر کران، لە نێوخۆ و دنیای دەرەوەشدا بە فەرمی ناسران و مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.

لەم یادەدا دووپاتی دەکەینەوە کە پاراستنی ئازادی و دەسکەوتەکانی ڕاپەڕین و مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان، ئەرک و بەرپرسیاریەتیی ھاوبەشی ھەموو کوردستانییانە و وەفادارییە بۆ گیانی پاکی شەھیدان و ھەموو قوربانیانی ڕێگەی ئازادی.

با ئەم یادە ھاندەرمان بێت بۆ پتەوکردنی زیاتری گیانی تەبایی، پێکەوەیی، یەکڕیزی و قووڵکردنەوەی پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردن و لێبوردەیی و کارکردن لە پێناو ئەو ئامانجانەدا کە شەھیدانی ڕاپەڕین و تەواوی شەھیدانی کوردستان گیانیان لەسەر دانا.
وێڕای دووپاتکردنەوەی پابەندیمان بە ئامانجەکانی ڕاپەڕینەوە، بە ھیوا و ئومێد، بە بڕوا و گەشبینییەوە بۆ داھاتوویەکی باشتر دەڕوانین و بە ڕێز و شکۆوە یادی شەھیدانی ڕاپەڕین و تەواوی شەھیدانی کوردستان دەکەینەوە.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان
٢٠٢٢/٣/٥