٢١ پەرلەمانتار فشار بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکانی ھەرێم دەکەن
کوردسات نیوز
٤ی ئازاری ٢٠٢٢
لە راگەیاندراوێکدا ٢١ پەرلەمانتاری کوردستان داوا دەکەن، حکومەتی ھەرێم پەلە بکات لە ناردنی شاندێکی باڵا بۆ بەغداد بۆ یەکلاکردنەوەی پرسە ھەڵپەسێردراوەکانی ھەرێم لەگەڵ بەغداد، بەتایبەتی دوای ئەو رەوشەی بەھۆی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییەوە دروستبووە و ھەرێم رووبەرووی قۆناغێکی دیکەی قەیرانی ئابووریی و سیاسیی بوەتەوە.
ئەو پەرلەمانتارانە داواش دەکەن، چیتر خەڵکی کوردستان باجی ناکۆکییەکانی نێوان ھەرێم و بەغداد و ناشەفافییەتی داھات و کێشەی نەگەڕاندنەوەی داھاتەکان بۆ خەزێنەی گشتیی نەدەن و حکومەتی ھەرێم پەلە بکات لە دابەشکردنی مووچە و لە ماوەیەکی دیاریکراودا تەواوی موچەی موچەخۆران بدات.
ئەو پەرلەمانتارانە ئاماژەیان وەشکرد، لە چەند رۆژی داھاتوودا شاندی باڵای حکومەتی ھەرێم بچێتە پەرلەمان و داھاتەکانی کوردستان و کێشەکانی بەردەم کۆکردنەوەی داھاتەکان و شایستە داراییەکانی خەڵک روونبکەنەوە و چیتر نەوت و سیاسەتی نەوتی ھەرێم و ناکۆکییەکان لەگەڵ بەغداد، نەبنە ھۆی نەھامەتیی و دروستکردنی قەیران بۆ خەڵکی کوردستان، بەپێچەوانەوە لە ھەر دانیشتنێکی داھاتووی پەرلەماندا، فشار دروستدەکەن ئەگەر ئەولەویەتی بەرنامەی کارەکەی مووچە و ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان نەبێت.



