پەیامی شاناز ئیبراھیم ئەحمەد بەبۆنەی ساڵڕۆژی راپەرین
کوردسات نیوز
٤ی ئازاری ٢٠٢٢
راپەڕینە مەزنەکەی بەھاری ١٩٩١، سەرەتای بەگژداچوونەوەی جەور و ستەم و قۆناغێکی نوێ لەمێژووی گەلەکەمان و گۆڕینی وێستگەی خەباتی نھێنی و نەبەردییەکانی شاخ بوو، بۆ گەیشتن بە ئازادی و قۆناغی خەباتی مەدەنی و دیموکراسی.
راپەڕینی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، بەڕێبەرایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئازادی بەخشییە کوردستان و دیموکراسی رەخساند و رۆحیەتی یەکھەڵوێستی و یەکدەنگی لە گەلی کورد دا بەرزکردەوە و ھەمووانی لە سایەی ئامانجێکی پیرۆزدا کۆکردەوە.
ئەو راپەڕینەی لەسایەیدا پەرلەمان و حکومەت پێکھات و دامەزراوەکان کەوتنەسەرپێ و ھەنگاونان بەرەو ئاوەدانی و خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانی بوونە دروشمی سەرەکی، کەئێستا جێی خۆیەتی بپرسین ! چەندیان ھاتونەتەدی و قۆناغی ئایندە چیمان لێ دەخوازێ.
خەونمان ھێنانەکایەی ئایندەیەکی خۆشگوزەران بوو بۆ گەنجەکانمان، خەونمان بەدیھێنانی ئازادی رادەربڕین و یەکسانی و دادپەروەی و سەروەری یاسا و پاراستنی کەلتورو و زمان و دەستکەوت و داب و نەریتی جوانی کوردەواری و گەڕەک و شەقامە کۆنەکان و قەڵا و سەرا و زەوی و زاری باو باپیرانمان بوو، خەونمان یەک دەنگی و یەک دەستیمان بوو، خەونمان بەردەوامی بە کورد و کوردستانی بوونمان بوو، خەونمان گەڕاندنەوەی کەرکوک و ناوچەدابڕێنراوەکان بوو، خەونمان ژیانێکی سەربەرزانە بوو، خەونمان کوردستانی گەورە بوو نەک... لێک ترازان، نەک کاولکاری و نەک پەیڕەوکردنی سیستمی بەعس و خۆخۆری و گەڕانەوە بۆ سەردەمی کۆیلایەتی و تاک پەرستی و گەندەڵی… شەرمە بێدەنگ بین و رێگەبدەین کە بازرگانی بە دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەینێمانەوە بکرێت.
لە ١٩٩١ دا بەیەک دەنگ وتمان راپەڕین پێویستە، لە ٢٠٢٢ دا پێویستە بەیەک دەنگ بڵێین؛ ئازادی، یەکسانی، چاکسازی، خزمەتگوزاری و سەروەری یاسا، نا بۆ قۆرخکاری، نا بۆ بەھەدەردانی سەروەت و سامانی گشتی، نا بۆ کۆڕەوی گەنجانی دواڕۆژی گەلەکەمان، نا بۆ شکاندنی کەرامەتی مرۆڤ، نا بۆ خاک و گەل و نیشتمان فرۆشتن، نا بۆ سەرلەقاندن، تا بڵێسەی راپەڕین ھەرگیز نەکوژێتەوە.
شاناز ئیبراھیم ئەحمەد
کارگێڕی مەکتەبی سیاسی(ی.ن.ک) و سەرپەرشتیاری مەڵبەندی ١ی رێکخستنی سلێمانی



