"زیاد جەبار" سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ھەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران بەردەوامە، چونکە ماوەی نزیکەی ٨ ساڵە بە نایاسایی بەھۆی قەیرانی داراییەوە پلە بەرزکردنەوە راگیراوە و زیانی زۆری بە مووچەی فەرمانبەران گەیاندووە، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی خانەنشین بوون.
وتیشی، چەند یاداشتێکیان سەبارەت بەو بابەتە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کردوە و لەیادشتێکدا داوایان کردوە وەزیری دارایی لە پەرلەمانی کوردستان وەڵامی پرسیارەکانی سەبارەت بە پلە بەرزکردنەوە بداتەوە، چونکە لەئێستادا رەوشی دارایی ھەرێم زۆر باشە و سەرچاوەکانی داھات لە ئاستێکی باشدان.
ئەوەش لە کاتێکدایە ھەفتەی رابردوو دەستپێکردنەوەی پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەران و پێشمەرگە لە وەزارەتی پێشمەرگە راگەیەنرا.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای ھەولێر لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ھێزەکانیان ئاگادارکرانەوە لە بوونی دوو تەرم لە کۆمەڵگەی شاوێس، دوای گەیشتنیان دەرکەوت کەوا دوو ھاوسەر بە چەقۆ کوژراون.
راشیگەیاند، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوت کەوا ھەردووکیان لەسەر کێشەیەک لەنێوان خۆیان بووەتە دەمەقاڵیان و پیاوەکە بە چەقۆ لە ژنەکەی داوە و چەقۆکە بەر ڕانی خۆشیی کەوتووە و تووشی خوێن بەربوونبووە و لە شوێنی ڕووداوەکە ھەردووکیان گیانیان لەدەستداوە.
پۆلیسی پارێزگای ھەولێر ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، پۆلیس سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە بۆ گەیشتن بە ھۆکاری ڕاستەقینەی ڕووداوەکە و لە داھاتوویەکی نزیکدا زانیاری زیاتر دەخەنەڕوو.
مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی گشتیی ھەسەدە رایگەیاند، تورکیا لەکاتی ئامادەکاری بۆ ھێرشی سەربازیی، ھێزەکانی لە مەنبج و تل رەفعەت کۆدەکاتەوە و کاتێک دەرفەتی بۆ ھاتە پێشەوە، دەست بە ئۆپراسیۆنی سەربازی دەکات.
وتیشی، ئامانجی تورکیا لە ئۆپراسیۆنەکە، تەسفیەکردنی پرسی کورد و دابەشکردنی سوریایە، جگە لەوەی گورزێک لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ھەسەدەش دەدات.
لەبارەی ھەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ئاماژەی بەوەکرد، ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەبارەی ئەو ئۆپراسیۆنەی تورکیاوە ھەڵوێستی ھەیە، بەڵام ئەوە بەس نییە بۆ راگرتنی ھێرشە چاوەڕوانکراوەکەی تورکیا و روسیاش دەیەوێت ھێرشەکەی تورکیا رابگرێت و توانای ئەو کارەشی ھەیە و ئێستا ھەسەدە لەگەڵ روسیا و ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کار دەکەن بۆ راگرتنی ھێرشەکەی تورکیا.
وەزارەتی کارەبای ھەرێم لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، پێوەری زیرەک بەھیچ شێوەیەک سەرپێچی لەسەر ناکرێت و ئەو سەرپێچیکارانەش کە لە دەرەوەی پێوەرەکە سەرپێچیان کردووەتە سەر تۆڕی نیشتمانیی کارەبا و زیان بە بەرژەوەندیی ھاووڵاتیان و دادپەروەریی لە دابەشکردنی کارەبا دەگەیەنن، راستەوخۆ لە رێگەی داتا سەنتەری پێوەری زیرەکەوە شوێنەکەیان دیاریکراوە.
ئاشکراشیکرد، لە ھەفتەی داھاتووەوە ھەڵمەتێکی فراوانی بڕینی کارەبای سەرپێچیکاران و سزادانیان دەست پێدەکات.
شۆرش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە لەبارەی چاکسازییەکان لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو لە وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، بەھۆی چاکسازییەکانەوە ٨ ملیار دینار لە ساڵێکدا بۆ خەزینەی گشتی گەڕێندراوەتەوە. وتیشی، ١٤ ملیار دیناریش بۆ چارەسەرکردنی بریندارانی جەنگ و دانەوەی قەرزەکان خەرجکراوە.
ئاشکراشیکردووە، ھەر لەچوارچێوەی چاکسازییەکان، ٢٨ ھەزار پێشمەرگەی یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ گەڕێندراوەنەتەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و ئەژماری بانکییش بۆ ٣٣ ھەزار و ٣٨٢ پێشمەرگە کراوەتەوە.
لەبەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، داشکاندنی رێژەی ١٥% پێشینانەکانی "ھاوسەرگیریی و قەرزی بچووک و پێشینەکانی بانکی کشتوکاڵی و پێشینەی پرۆژەکانی پیشەسازی و گەشتیاری" دەگرێتەوە، ھەروەھا داشکاندنی رێژەی ١٥% لە بڕی پابەندی دارایی کەڵەکەبووی شارەوانییەکان و گەشتوگوزار و ئاو"، بەمەرجێک کەس و لایەنی بەرپرسیار لەو پابەندییە داراییە ئامادەبن تا ٩٠ رۆژی کاری تەواوی بڕی ئەو پابەندییە داراییانە بۆ حکومەت بگەڕیننەوە.
ھاوکات لێخۆشبوونی تەواوی سزای دواکەوتن و سود لەسەر باج و رەسمی کەڵەکەبوو بە مەرجێک تەواوی باج و رەسم بدرێت بە حکومەت لەو ماوەی ھاتوو، ھەروەھا دەسەڵاتیش دراوە بە وەزیری دارایی بۆ پێشکەشکردنی ھەموو جۆرە ئاسانکارییەک لە چوارچێوەی یاسا بەکاربەرەکان بۆ پێدانی باج و رەسمی کەڵەکەبوو بە مەرجێک داواکاری بۆ سوودمەندبوون لەو ئاسانکارییە پێشکەش بکرێت.
بەرێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان بە گشتی ساماڵ دەبێت لەگەڵ بوونی تۆزێکی سووک، زیاتر لەناوچە کانی باشووری ھەرێمی کوردستان .
راشیگەیاند، سبەی ھەینی ئاسمان بە گشتی ساماڵ دەبێت پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە بە رێژەی جیاواز لەنێوان یەک تا چوار پلەی سیلیزی لەناوچە جیاجیاکاندا بەراورد بە تۆمارەکانی رۆژی پێشوو.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی :
ھەولێر : ٤٦
سڵێمانی : ٤٣
دھۆک : ٤٤
کەرکوک : ٤٧
ھەڵەبجە : ٤٤
سۆران : ٤١
راپەرین : ٤٤
گەرمیان : ٤٨
دەقی پرسەنامەکە...
بەڕێزان سکرتێر و ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان
بەڕێزان خێزان و خانەوادەی تێکۆشەر (کەریم ئەحمەد)
بەبیستنی ھەواڵی کۆچی دوایی (کەریم ئەحمەد) سکرتێری پێشوتری حزبی شیوعی کوردستان، نیگەران و دڵگران بووم.
ھاوڕێ (کەریم) تێکۆشەرێکی دێرین و کەسایەتیەکی نیشتمانپەروەر و کۆڵنەدەری رێگەی رزگاری کوردستان بوو، بۆ کۆچی ئەم سیاسەتمەدارە جوامێرە پرسەو سەرەخۆشی ئاراستەی خۆتان و خانەوادەکەتان دەکەم، خوای گەورە لە کۆچکردوو خۆش بێت، سەبوری و دڵنەواییش بەخۆتان و خانەوادەکەتان ببەخشێت.
بەرێزان خانەوادە و کەس و کاری سیاسەتمەدار و تێکۆشەر مامۆستا کەریم ئەحمەد
دەقی ڕاگەیانراوەکە.....
بەرێزان مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی عێڕاق
بەرێزان مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان
لە ناخی دڵمانەوە ھاوبەشی خەمتانین بۆ کۆچی دوایی سیاسەتمەدار و تێکۆشەری دێرینی کۆڕی خەباتی گۆڕەپانی سیاسی لە عێراق و کوردستاندا مامۆستا کەریم ئەحمەد .
مامۆستا کەریم تێکۆشەرێکی خاکی و جەماھیری بووە وەک سەرۆک مام جەلال لە نوسنێکیدا باسی کردوە و دەڵێت (لە قۆناغی خوێندندا ئێمە خوێندکاری ئەو بووین بەڵام وەک خۆی تەماشای دەکردین ).
مامۆستا کەریم ئەحمەد لەناو کایەی خەباتدا کە لە ناوەراستی چلەکانەوە بە حزبی شیوعی عێراق پەیوەست بووە لە سەرەتا و ناوەراستی پەنجاکاندا چەند جارێک دەستگیرکراوە و تاکو سەرەتای شەستەکانی سەدەی رابوردوو بە ھۆی ھاتنە سەر حوکمی بەعسیەکانەوە خەباتیان لە گەڵ شۆڕشی کوردستاندا گرێ داوە. لەو کاتانەوە دۆستایەتی و کاری پێکەوەیی لەگەڵ حزبە کوردستانیەکان لای مامۆستا کەریم ئەحمەد گرنگی ھەبووە و لە ناوەراستی ھەشتاکانی سەدەی ڕابوردوودا بۆ پێکھێنانی بەرەی کوردستانی مامۆستا کەریم ڕۆڵێکی بەرچاوی بینی لەوەی کە ھەرێمی کوردستانی حزبی شیوعی بەشدارییەکی کارای ھەبێت لەوبەرەیەدا. ئەم ڕۆڵانەی مامۆستا کەریم ئەحمەد بینیویەتی بۆ برەودانی خەباتی سیاسی بووە لە گۆڕەپانی عێراقی و کوردستانیدا دژ بە رژێمی دکتاتۆریی بەعس. ئەمرۆش بۆ کۆچی دوایی ئەو تێکۆشەرە ماندوو نەناسە ، پرسە و ماتەمینی خۆمان بە خانەوادە و گشت ئەندامانی حزبی شیوعی عێراق وحزبی شیوعی کوردستان رادەگەیەنین .
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەولێر لە رۆژانی جەژنی قورباندا ھەشت ھەزار ٤٣٥ نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکانیانیان کردووە و لەو ژمارەیەش ھەزار و ٥٨٣ نەخۆش داخڵی نەخۆشخانە کراون.
لە ئامارەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، رووداوەکان بە گشتی ٩٢١ رووداو بوون و ١٠٣١ حاڵەتی سکچوون رشانەوە تۆمار کراون لەگەڵ ٣١ حاڵەتی ژەھراوی بوون و ٣٨ حاڵەتی پێوەدان و ٢٩ حاڵەتی سوتان.
لە بەشێکی تری ئامارەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو، لە ھەر چوار رۆژانی جەژنی قوربان ٢١٩ منداڵ لە دایکبوون، کە ١٠٩یان لە رەگەزی نێر بوون و ١١٠شیان لە رەگەزی مێ بوون و ھەروەھا ٤٦ نەشتەرگەری ئەنجامدراون.
ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەولێر
لە پێشکەشکردنی خزمەنگوزاری پزیشکی تەندروستی لەڕۆژانی پشووی جەژنی قوربان
ڕێکەوتی: ٩ - ١٠ - ١١ -١٢ /٧/ ٢٠٢٢
سەردانی کردن: ٨٤٣٥
داخلبوون:١٥٨٣
ڕووداوەکان بەگشتی:٩٢١
سکچوون و ڕشانەوە: ١٠١٣
ژەھراوی بوون:٣١
حالەتی پێوەدان :٣٨
حالەتی سوتان:٢٩
لەدایک بوون بەگشتی: ٢٦٧
لەدایک بوون بەنەشتەرگەری :٣٩
کوڕ:١٨
کچ: ٢١
لەدایکبوون بەئاسایی: ١٨٠
کوڕ:٩١
کچ:٨٩
احالەی نەخۆش:٣٥
نەشتەرگەری:٤٦
شوشتنی گورچیلە:٨٠
وەرگرتنی تیشک:٧١٥
پشکنینی تاقیگە:١٣٣٧
پشکنینی سۆنار:٦٩٠
ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەولێر
دەقی پرسەنامەکە....
پرسەنامەی سەرۆک کۆماری عێراق بەبۆنەی ماڵئاوای مامۆستا کەریم ئەحمەد
بەبیستنی ماڵئاوایی کەسایەتی سیاسی و خەباتگێڕی ناسراوی کوردستان و عێراق، سکرتێری پێشوی حیزبی شیوعی کوردستان، ھاوڕێ کەریم ئەحمەد لەدڵەوە خەمبار بووین.
مامۆستا کەریم ئەحمەد، یەکێک لەسەرکردە ئازادیخوازەکانی عێراق و کوردستان بوو، کە ھەموو تەمەنی خۆی بۆ تێکۆشان لەپێناو ئازادی و بەختیاری گەلدا تەرخان کرد و وەک خەباتگێڕێکی پشودرێژ لە پێناوی دادپەروەر کۆمەڵایەتی و ئازادی، بەوەفاوە لەگەڵ بیروباوەڕەکەی بە درێژایی ڕۆژگارە جیاوازەکان وەک نمونەیەکی جوان بۆ کۆڵنەدان مایەوە.
لەم بۆنە خەمگینەدا، پرسە و ھاوخەمی خۆمان بۆ ئەندامانی خانەوادەی نیشتیمانپەروەری مامۆستا کەریم ئەحمەد و تەواوی ھاوڕێیانی شیوعی لە کوردستان و عێراق ڕادەگەیەنین، لە خوای میھرەبان نزادەکەین کەجێگای مامۆستا کەریم ئەحمەد بەھەشتی ئاسودەیی بێت و ئارامیش بە خێزان و کەوسوکار و ھاوڕێیانی ببەخشێت.
بەرھەم ساڵح
سەرۆک کۆماری عێراق
دەقی پرسەنامەکە...
بەڕێزان بنەماڵە و کەسوکاری مامۆستا کەریم ئەحمەد..
د. کاوە مەحمود، سکرتێری حزبی شیوعیی کوردستان..
بەڕێزان لە مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی کوردستان..
زۆر بەداخەوە ھەواڵی کۆچی داویی تێکۆشەری دێرین و سکرتێری پێشووتری حزبی شیوعیی کوردستان و عێراق، مامۆستا (کەریم ئەحمەد)_مان پێگەیشت. بەم بۆنە خەمناکەوە پرسە و ھاوخەمیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکار و سەرجەم ھاوڕێ و ھاوسەنگەرانی دەکەین.
مامۆستا کەریم ئەحمەد بۆ ماوەی زیاتر لە نیوسەدە یەکێک بووە لە سیمبولە ھەرە دیارەکانی نێو کایە و خەباتی سیاسیی گەلەکەمان لە ڕووبەڕووبوونەوەی دیکتاتۆریەت و بەگژداچوونەوەی نادادیی کۆمەڵایەتی و تێکۆشان لەپیناو بەدیھێنانی یەکسانی و دادپەروەری.
بە کۆچی دوایی مامۆستا، کوردستان یەکێک لە دیارترین سەرکردە ئازا و داناکانی لەدەستدا، داواکارین لە خوای گەورە سەبر و ئارامی بخاتە دڵی کەسوکار و بنەماڵە و سەرجەم ئازیزان و ھاوخەباتانی.
"انا للە وانا الیە راجعون"
د. ڕێواز فائق
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
١٤ی تەمووزی ٢٠٢٢
ئومێد خۆشناو پارێزگاری ھەولێر بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، ڕۆژی دووشەممەی داھاتوو تەرمی عەلی قازی کوڕی پێشەوا قازی محەمەد لە ئەڵمانیاوە دەگاتەوە ھەرێمی کوردستان و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر ڕێوڕەسمێکی بۆ دەکرێت، پاشان تەرمەکەی دەبرێتەوە بۆ مھاباد، چونکە حکومەتی ئێران ڕەزامەندی دەربڕیوە کە تەرمەکەی عەلی قازی بگەڕێندرێتەوە بۆ ئێران و لە شاری مھاباد بەخاکبسپێردرێت، لە کاتێکدا پێشتر بەھۆی ناڕازیبوونی ئێران، بڕیاربوو تەرمی عەلی قازی لە کەلار بەخاکبسپێردرێت.
عەلی قازی، تاکە کوڕی قازی محەمەد بوو، بەرەبەیانی ڕۆژی ١٠ی تەممووز لە نەخۆشخانەیەکی ئەڵمانیا بەھۆی وەستانی دڵیەوە لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا کۆچی دواییکرد، پێش گیان لە دەستدانی وەسیەتی کرد بوو لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان بەخاکبسپێردرێت.
فەریق ڕوکن عیسا عوزێر، سەرۆک ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ماوەی ڕابردوودا جێگری فەرماندەی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانی ڕاسپارد بۆ خێراکردنی ڕێکارە دارایی و کارگێڕییەکانی پێکھێنانی لیوای ٢٠ی پیادە، لە ئێستاشدا ڕێکارە کارگێڕییەکان بەرەو کۆتایی دەچن و ژمارە و ئاماری پێشمەرگە ڕێکخراوە و تەنھا کاروبارە داراییەکان ماون، کە بڕیارە بەم نزیکانە ڕەوانەی وەزارەتی دارایی بکرێت.
وتیشی، پێکھێنانی لیوای ٢٠ی پیادە سەرەتایەکە بۆ دروستکردنی متمانەی ھاوبەش لە نێوان ھەردوولادا و ڕێگە خۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی لە داھاتوودا کاری ھاوبەش لە نێوان ھەردوولادا زیاد بکرێت و چەند لیوایەکی تری ھاوشێوە کاری لەسەر بکرێت.