لەبەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، داشکاندنی رێژەی ١٥% پێشینانەکانی "ھاوسەرگیریی و قەرزی بچووک و پێشینەکانی بانکی کشتوکاڵی و پێشینەی پرۆژەکانی پیشەسازی و گەشتیاری" دەگرێتەوە، ھەروەھا داشکاندنی رێژەی ١٥% لە بڕی پابەندی دارایی کەڵەکەبووی شارەوانییەکان و گەشتوگوزار و ئاو"، بەمەرجێک کەس و لایەنی بەرپرسیار لەو پابەندییە داراییە ئامادەبن تا ٩٠ رۆژی کاری تەواوی بڕی ئەو پابەندییە داراییانە بۆ حکومەت بگەڕیننەوە.

ھاوکات لێخۆشبوونی تەواوی سزای دواکەوتن و سود لەسەر باج و رەسمی کەڵەکەبوو بە مەرجێک تەواوی باج و رەسم بدرێت بە حکومەت لەو ماوەی ھاتوو، ھەروەھا دەسەڵاتیش دراوە بە وەزیری دارایی بۆ پێشکەشکردنی ھەموو جۆرە ئاسانکارییەک لە چوارچێوەی یاسا بەکاربەرەکان بۆ پێدانی باج و رەسمی کەڵەکەبوو بە مەرجێک داواکاری بۆ سوودمەندبوون لەو ئاسانکارییە پێشکەش بکرێت.