فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، لە دوای رێکەوتنی نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بۆ ناردنی بەنزین بۆ ھەرێمی کوردستان و دابەشکردنی بەسەر ھاوڵاتیان بە نرخی ٦٩٠ دینار لە رێکەوتی ٢٨ی ئابی ٢٠٢١ تاوەکو ٦ی نیسانی ٢٠٢٢ بڕی ١١٧ ملیۆن و ٩٧٤ ھەزار و ٥٢٩ لیتر بەنزین بۆ ھەرێمی کوردستان نێردراوە و دابەشکردنی بەردەوام دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو بڕە بەزینەی بۆ ھەرێمی کوردستان نێردراوە ٥٠,٤٠٤,٣٧٥ لیتر بەسەر پاریزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و ٤١,٧٢١,٤٠٧ لیتر بەسەر پارێزگای ھەولێر و ٢٥,٨٤٨,٧٤٧ لیتر بەسەر پارێزگای دھۆک دابەشکراوە.
دیار غەریب بەرێوەبەری ژینگەی سلێمانی لە بەرنامەی بەیانیانی کوردسات نیوزدا راگەیاند، بۆ بڕیاردان لەسەر ژینگە دەبێت لەسەر ھەر پێنج سێکتەرەکەی ژینگە داتای تەواو زانستی لەبەردستدا بێت، بەڵام نەک تەنھا لە سلێمانی لە سەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراقیش داتای تەواو بەردەست نییە، ئەوەی بە دیدەکرێت رەوشەی ژینگە تائێستا باشە، بەڵام زۆر بەخێرایی بەرەو پیسبوون دەچێت.
وتیشی، گرنگترین ئەو ھۆکارەکان دەبنە ھۆی پیسبوونی ژینگە کارەکانی شارەوانییەکانەنن لەگەڵ سێکتەری کشتوکاڵ و پیشەسازی و وزەو گواستنەوە لە خۆدەگرێت.
دیار غەریب ئاماژەی بەوەشکرد، گۆڕانی کەشوھەوا خراپترین کاریگەری لەسەر عێراق ھەیە و بەپێی وتەی وەزیری ژینگەی عیراق بەھۆی گۆڕانکاری کەشوھەواوە لە ئێستادا عێراق بووەتە گەرمترین وڵاتی جیھان و لەھەمانکاتدا چوار لەو ١٠ ناوچانەی زۆرترین مەترسی بە بیابانبوونیان لەسەرە لە عێراقدایە، بەھۆی دوو ساڵیش لەسەر یەک لە گەرمیان وشکەساڵییە مەترسییەکان لەسەر ئەو ناوچانەش ھەیە.
لوقمان وەردی جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان لە بەرنامەی بەیانیانی کوردسات نیوزدا رایگەیاند، ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن رەھەندی نیشتمانی و سیاسی ھەیە و پێویستە سازانی لەسەر بکرێت، لە کاتێکدا یاسای ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان ٣٠ پێش ئێستا دەرچووە و ھەڵبژاردنی پێنج خولی پەرلەمانی بەم یاسایە کراوە، بەڵام ئەم یاسایە لەگەڵ ھەلومەرجی ئێستادا ناگونجێت بۆیە پێویستە ھەموار بکرێتەوە.
وتیشی، سیستمی یەک بازنەیی لە وڵاتانی دنیاش کاری پێناکرێت و کۆتاییھاتووە، چونکە دادپەروەردی لە نێوان شارەکان دروست ناکات و وا دەکات شارێک لەسەر حسابی شارێکی تر نوێنەر بنێرێتە پەرلەمان، بۆیە بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری و بەرێوەچوونی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد وا داوای ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنمان کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، سێ رێککەوتن ھەیە لەسەر ھەموای یاسای ھەڵبژردن و کۆمسیۆن و دەستور ئەوانیش رێککەوتنی یەکێتی و پارتی و بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی بۆ پێکھێنانی کابینەی نۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و رێککەوتنی تەواوی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان لەسەر ئەوەی پرسی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن دەبێت بە سازانی تەواوی فراکسیۆنەکان لە پەرلەمان تێپەڕێنرێن و نابێت ھیچ ھێزێک بیر لەوەبکاتەوە بە زۆرینە و کەمینە تێیپەڕێنن.
لەبارەی زۆرینەوەی پەرلەمانیشەوە لوقمان وەردی رایگەیاند، ئەو زۆرینەیەی ھەیە واقعی نییە، چونکە ئەو پێنج ھێزە سەرەکییەی داوای ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن دەکەن بە پێی دەنگی بەدەستھاتوو نوێنەرایەتی ٥٣ کورسی پەرلەمانی دەکەن، بەڵام ئەو زۆرینەی باس دەکرێت پێکدێت لە پارتی و پێکھاتەکان، بەرەی ھەموار زۆر لە پێش بەرەی زۆرینەوەن، کە لە راستیدا یاسای ھەڵبژاردن وایکردووە ئەو زۆرینەی پەرلەمانی دروست بێت.
دەشڵیت، "پارتی ناتوانێت زۆرینەی پەرلەمانی بەکار بھێنێت، چونکە بەپێی مادەی ١٨ی پەرلەمانی کوردستان بانگەوازی سازدانی کۆبوونەوە تەنھا لە دەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەماندایە و تاوەکو سەرۆکی پەرلەمان بانگەواز نەکات کۆبوونەوە بەرێوەناچێت، مەگەر پەنا بەرێت بۆ رێگەی نایاسای، بۆ ئەوکاتەش ھەموومان واقعی سیاسی و جوگرافی ھەرێمی کوردستان دەزانین و لێکەوتەی خراپی لێدەکەوێتە و رەنگە کەسمان ئاواتی بۆ نەخوازین، وەکو یەکێتیش یەکڕیزی نیشتمانی و پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان ھێڵی سوورە، ھەر لایەنێکیش بیەوێت پەنا بۆ کاری نایاسیی بەرێت دەبێت لێکەوتەکانی لە ئەستۆ بگرێت.
کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەرنامەی تا یەکی کوردسات نیوزدا رایگەیاند، چەندین چاکسازیان لە وەزارەتەکەیان ئەنجامداوە، پێشتر ئەگەر کە سێک کاری ھەبوایە لە وەزارەتەکەیان دوو تا سێ رۆژ مامەڵەکەی بۆ دەکرا، بەڵام ئێستا ھەر کەسێکی کارێکی ھەبێت ھەمان رۆژ مامەڵەکانی بۆ تەواو دەکرێت بۆ ئەوەی ئەرکی نەکەوێتەسەر و نەمێنێتەوە لە ھەولێر.
وتیشی، پێشتر لەسەرجەم بەرێوەبەرایەتییەکان دۆسێی کەمئەندامان کەموکورتی ھەبوو، بەڵام ئێستا ئەو دۆسێیە رێکخراوەتەوە و دەیانەوێت سەنتەرێکی مەرکەزیش بۆ پشکنینی کەمئەندامان دروستبکەین.
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەشڵێت، "لەماوەی رابردوو دەرگای خۆتۆمارکردنمان بۆ کەمئەندامی کردووە و زیاتر لە ١١ ھەزار کەس ناوی خۆیان تۆمار کردووە و لەئێستادا وەزارەتی تەندروستی سەرقاڵی دروستکردنی لیژنەکانی پزیشکین و ھەرکاتێک ئەوان کارەکانیان تەواوکرد دەستدەکەین بە پشکنینییان و دوای ئەوەی ھەر کەسێک لە پشکنینەکە بە کەمئەندام ھەژمارکرا مووچەی بۆ دەبەسترێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەمئەندامانەی فەرمانبەرن یان خانەنشینن کە ژمارەیان ١١ ھەزارە موچەکانیان نابڕدێت تەنھا راگیراوە و رێکدەخرێتەوە و مووچەی کەمئەندامیەکەیان بۆ دەکرێت بە دەرماڵە و دەخرێتە سەر مووچەی فەرمانبەرییەکەیان یان خانەنشینییەکەیان ئەمەش کارئاسانییە بۆ کەمئەندامان خۆیان.
لەبارەی ئاماری کەمئەندامانیشەوە کوێستان محەمەد ئاشکرایکرد، لە ئێستادا ٨٣ ھەزا کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت و کورتەباڵا مووچە وەردەگرن و نزیکەی ١٢ ھەزاری تر تۆمارکراون و رێژەیەکی تریش ھەیە لە قۆناغی داھاتوودا کە پێشبینی دەکەن زیاتر لە پێنج ھەزار بن ئەوانیش تۆمار دەکرێن.
لە ڕۆژی ژینگەی کوردستان، دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی ھەرێم بە ھاوکاری ژمارەیەک لە ڕیکخراوەکانی ژینگەپارێز و ئاژەڵدۆستان، لە بەرزایەکانی کەسنەزان لە ھەولێر ھەڵمەتێکی چاندنی نەمام و پاککردنەوەی ژینگەی ناوچەکە و ئازادکردنی ژمارەیەک باڵندەی کێویان ئەنجامدا.
بە پێی زانیاریەکانی کوردسات نیوز لە ناوچەی "بەرمیزەـ کانی بۆگەن" لە نێو خاکی ھەرێمی کوردستان سووپای تورکیا دەستڕێژی گولـلەی لە سێ ھاوڵاتی کردووە و ھاووڵاتیەک بە ناوی تەحسین عومەر شەھید بووە.
بە وتەی دانیشتوانی گوندی بەرمیزە ئەو ھاووڵاتیەی شەھید بووە، تەمەنی ٢٠ ساڵە و خەڵکی باکوری کوردستانە لە گوندی ماوانی سەر بە قەزای شەمزینان نیشتەجێیە و چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ژیانی ھاوسەرگیری پێکھێناوە.
شەوی ڕابردووش سوپای تورکیا لە سنووری برادۆست ١٢ ھاوڵاتی گوندی دیلان و مالماڵۆک و شاپان و میدانی لە سنوری برادۆست دەستگیر کرد و ئەشکەنجەی زۆریدان.
وەفدی یەکێتی لە یەکەمین ڕۆژی "سێیەمین کۆنگرەی حزبی سیریزا ھاوپەیمانی پێشکەوتووخواز"، بەشداریی کرد و لیژنەی سەرۆکایەتی کۆنگرەکەش بە بایەخەوە لە بەشداریی وەفدی یەکێتیان ڕوانیی و ڕۆڵی یەکێتییان لە پرۆسەی سیاسی ھەرێم و عێراق بەرزنرخاند.
لە پەراوێزی کۆنگرەکەدا وەفدی یەکێتی بە سەرۆکایەتی ڕەوا محەممەد کەریم، نوێنەری یەکێتی لە یۆنان لە دیدارێکدا لەگەڵ سەزای تەمەلی، ھاوسەرۆکی ھەدەپە لە باکووری کورستان، جەختیان لە یەکخستنی تواناکان بۆ سەرخستنی پرسی کورد کردەوە.
ئەمڕۆش ھەینی، دووەم ڕۆژی کۆبوونەوەکەیە و وەفدی یەکێتی، چەندین کار و چالاکی دەبێت.
(ئەمین بابە شێخ) ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان (سەرکەوت محمد غفور) ئەندامی سەرکردایەتی و لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییەکانی دەرەوە، سەرۆکایەتی بەشداریی تیمێکی کادیرانی پێشکەوتووی (ی.ن.ک)ی کرد لە پانێڵێک دەربارەی گەشەپێدانی دیموکراسییەت لە جیھاندا.
لە سەرەتای پانێڵەکەدا کە لە ڕێی پرۆگرامی زوومەوە سازکرابوو، ئەمین بابە شێخ وتاری (ی.ن.ک)ی پێشکەش کرد و باسی لە پەرۆشی و کۆششی ھەردوولا کرد لە پاراستن و پەرەپیدانی پەیوەندیی مێژوویی نێوان ھەردوولا کە جێگەی شانازین. لەو میانەیەشدا بە گرنگییەوە باسی لە ڕۆلی (ی.ن.ک) کرد بە سەرۆکایەتی خوالێخۆشبوو سەرۆک (جەلال تاڵەبانی) کە چوارچێوەیەکی فراوان و پتەوی داناوە بۆ ھەماھەنگی حزبی و حکومیی و گفتوگۆیەکی سوودبەخش لە پێناو پێشخستنی پەیوندییە حزبیەکانی ھەردوولا، سەرباری پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری عێراق و کۆماری چینی میللی و ھەرێمی کوردستان.
دواتر باسی لەو پەیوەندییە سیاسی و ڕۆشنبیری و ئابورییانە کرد کە تا دێت لە پێشکەوتنی زیاتردایە بە ئاڕاستەی خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی ھەردوولا.
لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان، ڕۆشنایی خستەسەر ئەوەش کە سەرباری پانتایی جوگرافیای کۆماری چینی میللی، پەیوەندییە دبلۆماسییەکانی لەگەڵ میللەتی کورد و میللەتانی ھاوشێوەی زۆر پتەوە. لەبەرئەوەی میللەتانی ناوچەکە ھاوبەش بوون لە ڕێگەی ئاوریشمی کۆن، لەسەر ئاستی مێژووی سیاسییش ھەردوو میللەت ھاوڕێگا بوون لە پێناو ئازادی و سەربەخۆییدا. جەختیشی کردەوە لەسەر پێویستیی پابەندبوون بە بنەماکانی گفتوگۆی ھاوبەش لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەکان و پشتیوانیکردنی پەیوەندییە سیاسی و ئابوری و ڕۆشنبیرییەکان لە ناوچەکەدا. ھەروەھا بە بایەخەوە باسی پڕۆژەی (ڕێگەی ئاوریشمی)ی کرد کە پڕۆژەیەکی ستراتیژیی نێودەوڵەتییە و ھەوڵدەدەن لەسەرئاستی عێراق و ھەرێمی کوردستان بەشداربن و سوودی لێ ببینن.
لەکۆتاییدا سوپاس و پێزانینی حزبی شیوعی چینی کرد بۆ ئەنجامدانی پانێڵەکەو نوێ بوونەوەی ھاوبەش و ھەماھەنگی نێوان ھەردوو حزب. بە وتەیەکی چینی کۆتایی بە بەشدارییەکەی ھێنا کە دەڵێت: "بەردەوامبوون وا لە بەرد دەکات ببێت بە پشکۆ".
پاشان بەڕێز (زوو ڕووی) یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی کۆماری چینی میللی، سوپاسی (ئەمین بابە شێخ)ی کرد بۆ پێشکەشکردنی ووتەکەی و تەئکیدی کردەوە لەسەر پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییە حزبییەکانی نێوان ھەردوولا. ڕۆڵی خوالێخۆشبوو سەرۆک (جلال تاڵەبانی)شی بەرزنرخاند لە گەشەپێدان و چەسپاندنی دیموکراسیەت و دروستکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری عێراق و کۆماری چینی میللی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. ھەروەھا ئاماژەی کرد بە ئاوەدانکردنەوەی عێراق لە سەرجەم بوارەکان و ھاوکاریکردنی عێراق لە ڕووی تەندروستییەوە کە کۆماری میللی چین یەکەم ووڵات بوو لە ناردنی پێداویستی تەندروستی و ڤاکسین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا.
لە دیدارێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردسات نیوز کە سەعات ٧ی ئێوارەی ھەینی پەخش دەکرێت، موسەننا سامەرائی ڕایدەگەیەنێت، کە لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھاوبەشن، کراوەشن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ھێزە سیاسییەکان بۆ ھاریکاری بە گوێرەی ڕێوشوێنە یاسایی و دەستوورییەکان، بەڵام لایەنێک ھەیە، ھەمیشە ھەوڵدەدات ئەوانی دیکە پەراوێز بخات.
دەشڵێت، لەم بارودۆخەی ئێستادا بە بێ تەوافوق ناکرێت حکومەت پێکبھێنرێت کە زۆرینەی نیشتمانی لە ئارادا نییە، ئەوەی ھەیە پەراوێزخستنە، لایەنێک لایەنەکانی تر پەراوێز دەخات، ئەوەش ڕاستیەکە و ھەیە، لایەنێک دەیەوێت لایەنی سوننە پەراوێز بخات، لایەنێکیش ھەیە دەیەوێت یەکێتیی نیشتمانی پەراوێز بخات، لایەنێکیش ھەیە دەیەوێت چوارچێوەی ھەماھەنگی پەراوێز بخات، ئەوە پرسە ڕاستەکەیە، ئەوە واقیعی حاڵەکەیە. ئەوە ئەو ڕاستیەیە کە خراوەتە بەردەم ئەوانی تر. بەڵام لەسەر چ بنەمایەک لایەنێکی دیکە پەراوێز دەخەیت، کە لایەنێکی سەرەکییە و لە ھەڵبژاردنەکاندا ئەنجامی بەدەستھێناوە و نوێنەرایەتی جەماوەری خۆی دەکات و تۆ دێیت و پێیدەڵێیت نابێت لە لیژنە پەرلەمانییەکان و حکومەتدا بەشداری بکەیت، ئەوە شتێکی لۆژیکی نییە، لە ھیچ شوێنێکی جیھاندا ئەو شتە ڕووینەداوە.
ھاوڕێکانی داوا دەکەن یاسا سەروەربێت و سزای یاسای ئەوانە بدرێت کە ئەو تاوانەیان ئەنجامداوە لەگەڵ ئەوەش رێگری لە کوشتن و توندوتیژی بکەن بەرامبەر ژنان و کچان لەھەرێمی کوردستان.
وتیشی، ساڵ لە دوای ساڵ خەرجی سندوقەکە زیادیکردووە، بەجۆرێک لە ٢٠١٩دا داھاتی سندوقەکە ٢٣ ملیار دینار و خەرجیەکەی ٤٠ ملیار دینار بووە، لە ٢٠٢٠یش داھاتەکەی ٣٦ ملیار دینار و خەرجیەکەی ٧٠ ملیار دینار، لە ٢٠٢١یش داھاتی سندوقە حەوت ملیار دینار و خەرجیەکەی ٤٣ ملیار دینار بووە.
راشیگەیاند، وەزیری تەندروستی بودجەی ساڵانەی بۆ پڕۆژەکان، لەسەر داھاتی سندوقی کۆمەک بۆ تووشبووانی شێرپەنجە پەسەند نەکردووە، بەو ھۆیەوە نەخۆشخانە گشتییەکان تووشی کەمی دەرمان و پێداویستی پزیشکیی بوون و ھاووڵاتیان ناچارن روو لە نەخۆشخانە تایبەتەکان بکەن، نەخۆشخانە گشتیەکانیش بە ناچاری روو لە دەرمانی قاچاغ بکەن.
بە پێی زانیارییەکان، تەنیا رێگە بە ھاوردەکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانە دەدرێت کە ماوەی دوو ساڵە دروست کراون، واتە لەمساڵدا تەنیا رێگە بە ھاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێل ٢٠٢٠ دەدرێت و لەو مۆدێلە خوارتر داخڵی عێراق ناکرێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ھاوتۆچی عێراق پێشنیازێکی پێشکەش بە ئەنجومەنی وەزیران کردووە بە مەبەستی کاراکردنی بڕیاری ٢١٥ تایبەت بە مراندنی ئۆتۆمبێلێکی مۆدێل نزم لە بەرامبەر ئۆتۆمبێلێکی نوێدا ئەوەش بە مەبەستی سنوردارکردنی ئۆتۆمبێلی ھاوردەکراو ھەروەک بۆ پێدانی تابلۆی ئۆتۆمبێل بە ئۆتۆمبێلی نوێ بۆ ھەر پستۆنێک ٥٠٠ ھەزار دینار وەربگیرێت.
پڕۆسەی ئەنفال بە سەرکردایەتی "عەلی حەسەن مەجید" ئەنجامدرا کە زیاتر لە ٥ ھەزار گوند وێرانکران و خەڵکەکەی ئەنفالکران، قۆناغی یەکەمی ئەنفال لە ٢٣ شوبات تا ١٩ی ئاداری ١٩٨٨ لە دۆڵی جافایەتی بوو کە نزیکەی ٣٠ گوندی دۆڵی جافایەتی گرتەوە، قۆناغی دووەم لە ٢٢ی ئادار تا ١ی نیسان گوندەکانی ناوچەی قەرەداغی گرتەوە، قۆناغی سێیەم لە ٧ تا ٢٠ی نیسان ناوچەی گەرمیانی گرتەوە، کە گەورەترین و بەرفراوانترین پەلامار بوو بۆ سەر کوردستان.
قۆناغی چوارەمیش لە ٨ی نیسان تا ٣ی ئایار ھێڵی زێی بچووک و ھێڵی سنووری ھەردوو پارێزگای کەرکووک و ھەولێری گرتەوە، قۆناغی ٥ و ٦ و ٧ ی ئەنفال لە ١٥ی ئایار تا ٢٦ی ئاب دۆڵی چیاکانی شەقڵاوە و ڕەواندز و دۆڵی بالیسانی گرتەوە، قۆناغی کۆتایی ئەنفالیش قۆناغی ھەشتەم بوو لە ٢٥ی ئاب تا ٦ی ئەیلول لە ناوچەی بادینان ئەنجامدرا.
بە پێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ، لە چوارچێوەی ھەڵمەتەکانی پڕۆسەی ئەنفالدا ١٨٢ ھەزار ھاووڵاتی لەناوبران، زیاتر لە ٥ ھەزار گوند وێرانکران.
لە دوای پڕۆسەی ئازادی عێراقیش دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق بەرپرسیارانی ئەنفالی دادگایی کرد و تاوانەکەی بە جینۆساید ناساند، بەڵام تا ئێستا کەسوکاری ئەنفالکراوان قەرەبوو نەکراونەتەوە و ڕووفاتی ھەزاران ئەنفالکراویش نەدۆزراوەتەوە.
نیگەرانی خۆشیان دەربڕی کە ئێستا تۆمەتبارانی کەیسی ئەنفال دەستگیرنەکراون و پێگەی کۆمەڵایەتیان بەھێز دەکرێت.
قەڵای نوگرە سەلمان ئەو شوێنەی ڕژێمی بەعس ١٨٢ ھەزار کوردی تێدا ئەنفالکرا، دوای تێپەڕبوونی ٣٤ ساڵ بەسەر ئەو تاوانەدا کەسوکاری ئەنفالکراوان لە قەڵاکە ڕێوڕەسمێکیان ڕێکخست و چەند داواکارییەکیان خستەڕوو.
د. رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە پەیامێکدا بۆ ٣٤ ساڵەی بیرەوەری ئەنفال رایگەیاند، ئەنفال برینێکە ٣٤ ساڵە خوێنی لێدەچۆڕێت و لە دەروونی کەسوکار و ھەمووماندا ساڕێژ نابێت، ئەم مێژووە ڕەشە لە یاد و یادەوەریی مرۆڤی کورددا مێژوویەکی ھێندە پڕ لە ئازار و مەینەتییە کە لێکەوت و کاریگەرییەکانی بۆ ھەتا ھەتایە لە ھزر و ویژدانی گەلەکەماندا دەمێنێتەوە، ئەنفال تاوانێکە کە ھەرگیز کاریگەرییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی کۆتایی نایەت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە پرۆسەی ئەنفالدا دوژمنان جیاوازییان نەکرد لەنێوان پێکھاتە جیاوازەکانی گەلی کوردستاندا، لەنێوان ڕەنگ و دەنگە جیاوازەکاندا، گەلی کوردستانیش بە کۆدەنگی و یەکگرتووییەوە توانیی بەسەر ھەموو ئەو تاوان و مەرگەساتە تراژیدییانەدا سەرکەوێت و ئەمڕۆ لەم یادە پڕ لە ئازارو تراژیدیایەدا لە ھەموو کات زیاتر پێویستمان بە جەستەیەکی یەکگرتوو و گوتارێکی نیشتمانی و ھەنگاوێکی عەقڵانییە بۆ سەرکەوتن بەسەر ھەموو ئەو ڕووداو و گۆڕاِنکاری و پێشھاتانەدا کە دێنە پێش، ئەویش لەپێناو بەدیھێنانی ئامانجە ستراتیژی و نیشتمانییەکانی گەلەکەمان و ھێنانەدیی خەون و ئاواتەکانی شەھیدان و ئەنفالکراوان.
سەرۆکی پەرلەمان دەشڵێت، دەبێت یادی ئەنفال بکەینە سەرەتایەکی نوێ بۆ بەخۆداچوونەوە، یەکگرتوویی و ھاوھەڵوێستی بۆ سەرجەم پرسە چارەنووسسازەکان، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوەخۆییشدا جارێکی تر ئەم مێژووە شەرمھێنەرە وەبیر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بھێنینەوە، بۆ شەرمەزارکردن، بە جینۆسایدناساندنی و قەرەبووکردنەوەی مادی و مەعنەویی زیانلێکەوتووانی ئەم تراژیدیایە و کەسوکارەکانیان.
دەقی پەیامەکە...
پەیامی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵیادی مەرگەساتی ئەنفالدا
لە (٣٤)ەمین ساڵڕۆژی ئەنفالدا سەری ڕێز و وەفاداری بۆ سەرجەم شەھیدانی جینۆسایدی ئەنفال دادەنەوێنین، ئەنفال برینێکە (٣٤) ساڵە خوێنی لێدەچۆڕێت و لە دەروونی کەسوکار و ھەمووماندا ساڕێژ نابێت، ئەم مێژووە ڕەشە لە یاد و یادەوەریی مرۆڤی کورددا مێژوویەکی ھێندە پڕ لە ئازار و مەینەتییە کە لێکەوت و کاریگەرییەکانی بۆ ھەتا ھەتایە لە ھزر و ویژدانی گەلەکەماندا دەمێنێتەوە، ئەنفال لە بنەڕەتدا تاوانێکی پلان بۆ داڕێژراوی ھەمەلایەیەنە بوو، بۆ سڕینەوە و جینۆسایدکردنی خەڵکی کوردستان، لەناوبردنی ١٨٢ ھەزار مرۆڤی بێتاوان و سڤیل، وێرانکردنی ھەزاران گوند و سووتاندنی ھەزاران دۆنم ڕەزو باخ و کانی و ئاو و ژینگەی کوردستان، تاوانێکە کە ھەرگیز کاریگەرییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی کۆتایی نایەت.
ئەنفال پرۆسەیەکە ھاوشێوەی سەرجەم ئەو جینۆسایدانەی کە لە مێژوودا بەرامبەر بە میللەتەکەمان ئەنجام دراوە لەلایەن ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێَراقەوە، ئەو تاوانەی کە تەنیا لە مێژوودا نەوەستاوە و ھەمیشە بە فۆرم و شێوازی جۆراوجۆر خۆی دووبارە کردووەتەوە.
لە پرۆسەی ئەنفالدا دوژمنان جیاوازییان نەکرد لەنێوان پێکھاتە جیاوازەکانی گەلی کوردستاندا، لەنێوان ڕەنگ و دەنگە جیاوازەکاندا، گەلی کوردستانیش بە کۆدەنگی و یەکگرتووییەوە توانیی بەسەر ھەموو ئەو تاوان و مەرگەساتە تراژیدییانەدا سەرکەوێت.
ئەمڕۆ لەم یادە پڕ لە ئازارو تراژیدیایەدا لە ھەموو کات زیاتر پێویستمان بە جەستەیەکی یەکگرتوو و گوتارێکی نیشتمانی و ھەنگاوێکی عەقڵانییە بۆ سەرکەوتن بەسەر ھەموو ئەو ڕووداو و گۆڕاِنکاری و پێشھاتانەدا کە دێنە پێش، ئەویش لەپێناو بەدیھێنانی ئامانجە ستراتیژی و نیشتمانییەکانی گەلەکەمان و ھێنانەدیی خەون و ئاواتەکانی شەھیدان و ئەنفالکراوان.
دەبێت یادی ئەنفال بکەینە سەرەتایەکی نوێ بۆ بەخۆداچوونەوە، یەکگرتوویی و ھاوھەڵوێستی بۆ سەرجەم پرسە چارەنووسسازەکان. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوەخۆییشدا جارێکی دیکە ئەم مێژووە شەرمھێنەرە وەبیر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بھێنینەوە، بۆ شەرمەزارکردن، بە جینۆسایدناساندنی و قەرەبووکردنەوەی مادی و مەعنەویی زیانلێکەوتووانی ئەم تراژیدیایە و کەسوکارەکانیان.
پێویستە لەسەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەپیر ئەو ڕاسپاردانەوە بێت کە لە ڕِابردوودا لەلایەن لێژنەی کاروباری شەھیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی، ئاراستەی حکوومەتیان کردووە، بەمەبەستی خزمەتکردنی زیاتری ناوچە زیانلێکەوتووەکان.
نەمری بۆ شەھیدان، نەفرەت لە تاوانکارانی مەرگەساتی ئەنفال و جینۆسایدی خەڵکی کوردستان.
د. ڕێواز فائق
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
٢٠٢٢/٤/١٤