مەزڵوم کۆبانێ: تورکیا دەرفەتی بۆ بڕەخسێت ھێرش دەکاتە سەر رۆژئاڤای کوردستان
کوردسات نیوز
١٥ی تەمووزی ٢٠٢٢
مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی گشتیی ھەسەدە رایگەیاند، تورکیا لەکاتی ئامادەکاری بۆ ھێرشی سەربازیی، ھێزەکانی لە مەنبج و تل رەفعەت کۆدەکاتەوە و کاتێک دەرفەتی بۆ ھاتە پێشەوە، دەست بە ئۆپراسیۆنی سەربازی دەکات.
وتیشی، ئامانجی تورکیا لە ئۆپراسیۆنەکە، تەسفیەکردنی پرسی کورد و دابەشکردنی سوریایە، جگە لەوەی گورزێک لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ھەسەدەش دەدات.
لەبارەی ھەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ئاماژەی بەوەکرد، ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەبارەی ئەو ئۆپراسیۆنەی تورکیاوە ھەڵوێستی ھەیە، بەڵام ئەوە بەس نییە بۆ راگرتنی ھێرشە چاوەڕوانکراوەکەی تورکیا و روسیاش دەیەوێت ھێرشەکەی تورکیا رابگرێت و توانای ئەو کارەشی ھەیە و ئێستا ھەسەدە لەگەڵ روسیا و ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کار دەکەن بۆ راگرتنی ھێرشەکەی تورکیا.