کێشەی جوتیارانی ناحییەی سەرگەڕان چارەسەر کرا
١٦ی تەمووزی ٢٠٢٢
محەمەد ئەمین، نوێنەری جوتیارانی کورد لە سەرگەڕان بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، کۆبوونەوەیەک لە سەربازگەی کەیوان بەڕێوەچوو کە فەرماندەی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق لە کەرکوک و فەرماندەی فیرقەی ھەشتی سوپا و نوێنەرانی جوتیارانی کورد و عەرەبە ھاوردەکان بەشداربوون چەند بڕیارێکی گرنگ بۆ خزمەتکردنی جوتیارانی کورد دراون.
محەمەد ئەمین وتیشی، لەکۆبونەوەکەدا بڕیاردراوە ئەو زەوییانەی کێڵراون لە" ساورەکە" جوتیارانی کورد بەردەوام بن لەکارکردن تێیاندا و ئەو زەوییانەی کێشەی یاساییان لەسەر نییە بکێڵدرێن و ئەو زەوییانەشی کێشەیان لەسەرە جوتیاران لە دادگا سکاڵای خۆیان تۆمار بکەن و لەبەرژەوەندی کێ یەکلایی بووەوە ئەو لایەنە زەویەکە بکێڵێت.
وتیشی، ئەو کۆبونەوەیە دوابەدوای ئەوە دێت کە فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق داوایان لەفەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی عێراق لە پارێزگای کەرکوک کردبوو کێشەی جوتیارانی کورد لە سەرگەڕان بەزویی چارەسەر بکرێت.