دوای کوشتنی ئەو ژنە، بکوژەکەی ھەڵاتوە و ھێزە ئەمنیەمان بە دوایدا دەگەڕێن.
ناگەھان ئاکارسەر، چالاکوانی بواری ژنان و ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ژنۆلۆژی و ئەندامی ناوەندی ئەکادیمیی ژنۆلۆژی بووە، خەڵکی شاری کۆنیای تورکیایە وبە ڕەچەڵەک کوردە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێ شەمە ٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ لە ھەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا ئێرڤ ھیکس کۆنسوڵی گشتی ئەمریکا ئامادەی بوو، قوباد تاڵەبانی سوپاسی ھاوکارییەکانی ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمریکای کرد بۆ ھەرێمی کوردستان بە تایبەتیش لەڕووی ناردنی راوێژکار بۆ یارمەتیدانی حکومەتی ھەرێم لە بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی ریفۆرم و چاکسازی لە دامەزراوەکانی حکومەتدا.
جێگری سەرۆک وەزیران داواشی کرد لە ھاوکارییەکانیان بەردەوام بن و بە تایبەتیش ھاوکاری گەنجانی خاوەن بیرۆکە و پڕۆژە بکرێت. لەم چوارچێوەیەدا راشیگەیاند حکومەتی ھەرێم لەڕێگەی کەمکردنەوەی رۆتین و چاکسازییەکان و ھەموارکردنەوەی یاسا و رێنماییەکانەوە زەمینەیەکی باشی ئامادەکردوە تا گەنجان ببنە خاوەنی کار و بزنسی خۆیان و بە ھەموو تواناشمانەوە پشتگیریان دەکەین و ھەوڵیش دەدەین بازاڕی پێویستیان بۆ بدۆزینەوە.
لەلایەن خۆیانەوە شاندەکەی (USAID) پشتگیری خۆیان دەربڕی بۆ ھاوکاریکردنی گەنجانی کوردستان و جەختیان کردەوە لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و کاری ھاوبەش لەنێوان حکومەتی ھەرێم و ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمریکا.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا بۆ پێنجەمین ساڵڕۆژی ماڵئاوایی سەرۆک مام جەلالدا رایگەیاند، یادی ئەو کەسایەتییە بەرز و باڵایە بەرز رادەگرن.
وتیشی، سەرۆک مام جەلال کەسایەتیەکی تێکۆشەر بووە کە نزیکەی شەش دەیە بۆ ئازادی گەلی عێراق لە عەرەب، کورد، تورکمان، شیعە، سونی، مەسیحی و یەزیدی خەباتی کرد، پیاوێک کە بە راستی ناونیشانی "مام" شایستەی بەڕێزیان بوو. کەسایەتیەک کە چەندین جار خۆی خستە سەنگەری بەرگری لە گەلی عێراق.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆک مام جەلال یەکێک بووە لە کەسایەتییە کاریگەر و دیار و خێرخواکانی خەڵکی عێراق و ناوچەکە کە تەمەنی خۆی لە پێناو ئازادی، رەسەنایەتی و سەربەخۆیی گەل و وڵات و ھەروەھا پاراستنی یەکێتی خاک و تەبایی نەتەوەیی عێراق بردەسەر.
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵیادی راگەیاندنی فیدڕاڵی لە پەرلەمانی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەم بڕیارە لە ھەلومەرجێکی ھەستیار و تەژی لە تێکئاڵۆزکانی بارودۆخی سیاسی و دژوار دەرچوو.
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی پەرلەمان:
ئەمڕۆ (٣٠) سی ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر بڕیاردان و ڕاگەیاندنی فیدڕاڵی لە پەرلەمانی کوردستان، بڕیاری ژمارە (٢٢)ی ساڵی ١٩٩٢. دەرچوواندنی ئەم بڕیارە مێژووییە لە ھەلومەرجێکی ھەستیار و تەژی لە تێکئاڵۆزکانی بارودۆخی سیاسی و دژوار، جگە لەوەی دەستپێشخەری و ئایندەبینییەکی زۆر گەشاوە و پڕ لە ئومێدی قۆناغەکە بوو بۆ بەدیھێنانی ماف و خواستە دیموکراسییەکانی میللەتەکەمان، ھاوکات دەست بۆبردنێکی سیاسییانەی پڕ لە دانایی و بوێریی سەرکردایەتیی سیاسی و پەرلەمانی کوردستانیشە، وەک دەستکەوت و بەرھەمی خەبات و تێکۆشانی درێژخایەنی گەلەکەمان. بەتایبەت کە لەدوای پرۆسەی ئازادیی عێراق بەکردەیی ئامانجە نەخشە بۆکێشراوەکە و ڕەھەندە دەستوورییەکانی سەرکەوتووانە بەدی ھات، وەک یەکێک لە چارەسەرە دیموکراسییە ھەرە گونجاوەکان لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراق، ھاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتوو و خاوەن یەکێتیە فیدڕاڵییەکان. ئەمەش دووبارە ئیرادە و خۆڕاگریی گەلەکەمانی بەرامبەر پرسە چارەنووسسازەکان و پێداگریی سەرکردایەتیی کوردی بە جۆش و خرۆش خستەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، بەدیھێنانی ویست و داخوازییە ڕەواکانی گەلەکەمان، لە چوارچێوەی دەستوور و یاسا و ڕێسا فیدڕاڵییە کارپێکراوەکان بەپێی پەیماننامە جیھانییە پیادەکراوەکان.
پیرۆزبێت ساڵیادی ڕاگەیاندنی بڕیاری فیدڕاڵی، سەرکەوتن و سەرفرازی بۆ خەڵکی کوردستان.
د. ڕێواز فائق
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
شاھۆ عوسمان قائیمقامی قەزای شارباژێر، بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، درۆنێک لەسەر پردی شێخەڵ مارێن لە نزیک ناحیەی زەلان لە سنووری قەزای شارباژێر بۆردومانی ئۆتۆمبێلێکی کردووە، راشیگەیاند،مووشەکێکی تر ئاڕاستەی نزیکی رووداوەکە لە ناحیەی زەلان کراوە و تائێستا درۆن بەسەر ئاسمانی ناوچەی زەلاندا دەسووڕێتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، دوو کەس لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون و بەھۆی بۆردومانەکەوە کەسێکیان بریندار بووە، تیمە تەندروستییەکانیش رەوانەی شوێنی رووداوەکە کراون.
لە دانیشتنێکدا دوا پێشھات و گۆرانکاریەکانی عیراق و ناوچەکە گفتۆگۆیان لەبارەیەوە کرا، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری دانوستان ھەوڵەکانی حکومەتی ھەرێمی بۆ وەفدی میوان خستە روو کە لایەنگیری زوو پێکھێنانی حکومەتی تازەی عیراق دەبن و لەگەڵ کۆی لایەنەکان لە گفتووگۆو دانووستاندان بۆ چارەسەری گرفت و ناکۆکیەکان و زەمینە خۆشکردن لەپێناو پێکھێنانی حکومەتی تازە.
ھەروەک شوانی روونیشی کردەوە کار بۆ ئەوە دەکەن لە پێناو بەرەو پێشەوە چوونی گفتووگۆکانیشیان لەگەڵ حکومەتی تازەی عیراق و دەستووری عیراقیشی بە بنچینە زانی بۆکۆی دەسکەوت و ماف و داواکاریەکانی حکومەتی ھەرێم و خەڵکەکەی.
کۆلین لەیک ھەموو پشتیوانیەکی ووڵاتەکەی بۆ بەرەوپێشەوە چوونی گفتووگۆکان وکۆبوونەوەو دیداری لایەنە ناکۆکەکان لەو پێناوە خستە روو، ھەروەک ناوچە جێناکۆکەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستانیش تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە بوو، لەمبارەیەوە د.خالد شوانی سەرنج و تێروانینەکانی خستە روو سەبارەت بە ئاسایی کردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانەو کێشەو گیروگرفتی کەڵەکە بووی سەرجەم ناوچەکان پرکردنەوەی بۆشایی ئەمنی بە ھێزی ھاوبەشی بە گرنگ زانی لە پێناو رێگە گرتن لە گۆرینی دیموگرافیای ناوچەکە.
دەقی راگەیانراوەکە ...
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێ شەمە ( ٢٠٢٢/١٠/٤) ئاگادارکراین لە ڕووداوێکی کوشتنی ژنێک بەناوی ( ناگەھان کمال ئاکارسێڵ ) لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی ، دەستبەجێ ھێزەکانمان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و دەست بە لێکۆڵینەوە کرا و پاش بەدواداچوونی وورد لەماوەی چەند کاتژمێرێکی کەمدا لە ژێر ڕێنمایی بەڕێز سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێم و بە ھەماھەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژھەڵاتی ھەولێر- کۆیە توانرا تۆمەتبارانی ئەم کردەوەیە دەستگیر بکەین و لە ئیستا لەسەر فەرمانی بەڕێز دادوەر ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە ، لێرەوە سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاڕاستەی ھاوڵاتیانی دڵسۆز و نیشتیمان پەروەر دەکەین کە ھاوکارمان بوون لە دەست خستنی زانیاری لەسەر تۆمەتباران .
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی
رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پەیامێکی بۆ ساڵرۆژی ماڵئاوایی سەرۆک مام جەلال بڵاوکردەوە کە تێیدا ھاتووە ، لە پێنجەمین ساڵرۆژی ماڵئاوایی سەرۆک مام جەلال، سەرکردەی ناوازە و ڕابەری گەورەی گەلەکەمان، بە دەرفەتی دەزانین کە ڕوانگەی سەرۆک بۆ دەسپێشخەریی ئازایانە لە چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان و حیکمەتی دانسقەیان لە لێکترنزیککردنەوەی ڕەوت و لایەنە سیاسییە جیاواز و دژبەرەکان بە بیری ڕای گشتیی عێراق و کوردستان بھێنینەو ، لەم سۆنگەیەشەوە ئێمە پابەندیی خۆمان بە ڕێباز و فەلسەفەی میانڕەوانەی سەرۆک مام جەلال دووپات دەکەینەوە و ئیلھام لە دانایی و لێھاتووییان لە کردنەوەی گرێ ئاڵۆزەکانی ژیانی سیاسی و گشتیدا وەردەگرین.
لە پەیامەکەی سەرۆکی پەرلەماندا ھاتووە ، سەرۆک مام جەلال ڕاستگۆیانە دیالۆگی بونیادنەرانەی وەک گونجاوترین بژاردە پیادە دەکرد و ڕەگەز و فاکتەرەکانی سەرکەوتنی گفتوگۆی بەکردەوە فەراھەم ئەکرد، لە ڕێگەی لەخۆبووردوویی و بەرجەستەکردنی پرەنسیپی سازشکردن لەپێناو بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییە باڵاکان و یەکلاییکردنەوەی پرسە چارەنووسسازەکان بە سازان و چەمکی چەپکەگوڵەکە ، ھاوکات ئەو بوێرییەی کە لە قبووڵکردنی ڕەخنە و پێویستیی بەخۆداچوونەوە و پاراستنی ماف و ئازادییە گشتییەکان و پشتیوانیی داخوازییەکانی ژنان کە لای مام ھەبوو، ھێندە کەم وێنەیە کە دووبارەبوونەوەی تەواو ئەستەمە و کەلێنێکە ھەرگیز پڕ نابێتەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کردوە، کاریزمای کارەکتەری سیاسی سەرۆک مام جەلال رۆڵی گەورەی ھەبوو لە پێشخستنی دۆزی رەوای گەلی کورد لە سەر ئاستی ھەرێمی و نێودەوڵەتی، دەشلێت" بە لەدەستدانی سەرۆک مام جەلال حزبی دیموکراتی پێشکەوتنخوازی کوردی سوریا و گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان دۆستێکی ھەرە مەزنی لە دەستدا، بە تایبەت ئەو دۆستایەتییە بەھێزەی کە مام و خوالێخۆشبوو حەمید دەروێش بەردی بناغەیان بۆ دانابوو و زیاتر لە پەنجاساڵیش خەباتیان لە پێناویدا کرد بۆ بەدەستێھانی مافی رەوای گەلی کورد.
کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە پێنجەمین ساڵڕۆژی ماڵئاوایی سەرۆک مام جەلال، سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق و سکرتێری گشتی پێشووی یەکێتی، پەیامێکی ئاڕاستەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و مەکتەبی سیاسی یەکێتی کرد و ڕایگەیاند، ھیوادارین، یاد و بیرەوەری سەرۆک مام جەلال ببێتە ھۆی پتەوترکردنی یەکێتی نەتەوەیی.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا ھاتووە، کەسایەتی نیشتمانی و تێکۆشانی مام جەلال نەک تەنیا لە باشوری کوردستان، بەڵکو لە ھەموو بەشەکانی دیکەی کوردستان خاوەن ڕۆڵ و کاریگەر بووە، بە تایبەت ھاوڕێیەتی و دۆستایەتی نێوان سەرۆک مام جەلال و عەبدوڵا ئۆجەلان و مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد رێگەی لەبەردەم زۆر دەستکەوتی نەتەوەیی و نیشتمانی کردووەتەوە و بووەتە ھێمایەک بۆ یەکێتی نەتەوەیی کورد لە ھەر چوارپارچەی کوردستان.
لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردوە، لەکاتێکدا یادی پێنج ساڵەی ماڵئاوایی سەرۆک مام جەلال دەکەنەوە میرات و بەخششەکانی بە بیر دەھێننەوە کە ھەموو ژیانی تەرخانکردبوو لە پێناو مافی گەلی کورد و لە پێناو دیموکراسی لە کوردستان و عێراق
بەناوی سەرکردایەتی و کادری پارتەکەیان پارتی چەپی کورد لە سوریا، پرسەو سەرەخۆشی لەناخی دڵەوە ئاراستەی سەرۆکی یەکێتی و سەرجەم ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و کادرانی یەکێتی کردووە و جەختی کردووەتەوە لەسەر گرنگی پەرەپێدان و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی ھەردوو حزب لە پێناو بەدیھێنانی ئامانجەکانی گەلی کورد لە ھەموو بەشەکانی کوردستان.
باڵیۆزی ئێران لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە ساڵیادی ماڵئاوایی سەرۆک مام جەلال سەرەخۆشی لە گەلی عێراق بەگەشتی و گەلی کورد بەتایبەتی دەکەن.
دەشڵێت، سەرۆک مام جەلال خاوەنی خەباتێکی گرنگ و مێژوویەکی پڕ لە ھەڵوێستی گەورە بووە و بە کەسایەتییەکی میانڕەو ناسرابوو.
محەمەد کازم ئال سادق ھیواشی خواستووە عێراق بەردەوام بێت لە ڕێگەی پێکەوەژیانی برایانە وەک چۆن سەرۆک مام جەلال کاری بۆ دەکرد.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی و نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێکدا بەبۆنەی ساڵیادی ماڵئاوایی سەرۆک مام جەلال رایگەیاند، باوکی ئازیزم پێنج ساڵە لێرەنیت، دەمەوێت بە ئەوپەڕی راستگۆیی، لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ئەمدواییەی یەکێتی و کوردستان و عێراقەوە بۆت بنووسم.
لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا دەڵێت، پاراستنی یەکێتی ناو یەکێتی و دەستگرتن بە سیاسەتی چەپکەگوڵەکەوە خەمی گەورەی تۆ بوو، دەتویست یەکێتی سەنگەرێک بێت بۆ بەرگری لە دۆزە رەواکانی گەلی کورد و وێستگەیەک بێت بۆ کۆکردنەوەی جیاوازییەکان، بەڵام لەم دواییەدا کەسانێک رێگەکەیان ونکرد و چەپکەگوڵەکەیان بەرەو وشکبوون دەبرد، بەڵام لەکۆتاییدا یەکێتی بەرەو ڕێگە راستەقینەکە ئاڕاستەکرا، رێگە لە بەھەدەردانی سامانی گشتی گیرا و بەکارھێنانی پلە و پۆست بۆ بەرژوەندی تایبەت و دەستبردن بۆ مافی گشتی قەدەغە کردووە. یاساشکێنان دراونەتە دادگا و ئارامی و ئاسایش لەپێشینەی ئەرکەکانە.
ھەروەھا راشیگەیاندوە، ئەو وڵاتەی تۆ سەرۆککۆماری بوویت، بەرەوشێکی ھەستیار و تەنگژەیەکی قووڵی سیاسیدا تێپەڕی، بەڵام بەسوودوەرگرتن لە ئەزموون و گەنجینەی پڕ گەوھەری تۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سیاسەتی حەکیمانەی تۆی پەیڕەوکرد و بەشێک بووین لە چارەسەر نەک ئاڵۆزی.
دەقی پەیامەکە:
باوکی ئازیزم
پێنج ساڵی تەواوە لێرەنیت و دەمەوێت بە ئەوپەڕی راستگۆیی، دڵێکی پڕ لە ھیوا و ویژدانێکی ئاسوودەوە لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ئەمدواییەی یەکێتی، کوردستان و عیراقەوە بۆت بنووسم.
دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ شەست ساڵ لەمەوبەر، ئەوکاتەی بە ورەیەکی پۆڵایین و ھێزێکی لەبن نەھاتووەوە وەک رێبوارێکی رێگای ئازادی و شکۆمەندی، خەمی کورد و کوردستانت کردە کۆڵ و ژیانت کردە قوربانیی ئەو ئامانج و بەھا پیرۆزانەی ھەرگیز سازشت لێنەکرد. ئامانجێک کە خۆی لە بەدیھێنانی مافە رەواکانی گەلی کورد، دادپەروەری، دیموکراسی، تەبایی و پێکەوەژیاندا دەبینییەوە. دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لەگەڵ ھاوخەبات و ھاوڕێکانتدا ھەر لەوپێناوەدا بوو.
لای ھەمووان روون و ئاشکرایە پاراستنی یەکێتی ناو یەکێتی و دەستگرتن بە سیاسەتی چەپکەگوڵەکەوە خەمی گەورەی تۆ بوو. دەتویست یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەنگەرێک بێت بۆ بەرگری لە خاکی کوردستان و دۆزە رەواکانی گەلی کورد. وێستگەیەک بێت بۆ کۆکردنەوەی جیاوازییەکان و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و تەندروست. بەڵام بەداخەوە لەم دواییەدا کەسانێک رێگەکەیان ونکرد و چەپکەگوڵەکەیان بەرەو وشکبوون دەبرد. ئاراممان گرت و پشوومان درێژ، بەڵام لەکۆتاییدا بڕیارە دروست و مێژووییەکەمان دا و یەکێتیمان بەرەو ڕێگە راستەقینەکە ئاڕاستەکرد. بەڵێنمان بە رۆحی تۆ و خەڵکە دڵسۆزەکەماندا یەکێتییەکەت وەک چاومان بپارێزین. ژیانی حزبایەتیمان خستەوە سەر رێچکە تەندروستەکە و ھەموو ئۆرگانەکانمان کردووەتە ناوەندێک بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان. ئەمەش ھەر ئەوەبوو کە تۆ دەتویست.
دەمانەوێت لەگەڵ خوا و خەڵکەکەمان راستگۆبین. لەئاست ئەو بەرپرسیارێتییە نەتەوەیی و نیشتمانییەدا بین کە وەرمانگرتووە. یەکێتی ھەڵگری سیاسەتێکی حەکیمانە و تەندروست بێت وەک ئەوەی خۆت پەیڕەوت دەکرد. بەدیدگایەکی نیشتمانییەوە کار بۆ بەرژەوەندییە گشتی و باڵاکان بکەین و خزمەتی خاک و خەڵکە خۆشەویستەکەمان بکەین. ھەوڵ بۆ بەدیھێنانی دادپەروەری بدەین و پەرە بە گیانی تەبایی و پێکەوەژیان بدەین. رێز لە جیاوازییەکان بگرین و دەرگامان بەڕووی رەخنە و گلەییەکاندا کراوە بێت. دەمانەوێت ژینگەیەک فەراھەم بکەین کە تاکەکان ھەست بە ئارامی و پارێزراوی بکەن. دەزانین رێگەکەمان سەختە و بەربەستەکان زۆرن، بەڵام بەڵێنێکە و داومانە (نەسرەوتن تا سەرکەوتن).
ساڵی رابردوو و لە چوارەمین ساڵیادی کۆچتدا بۆم نووسیت ھەر بڕیارێک داومانە و دەیدەین لەپێناو چاکەی گشتیدا بووە و دەبێت. ئێستاش دوای ساڵێک بەویژدانێکی ئارامەوە بۆت دەنووسم ھەر ئەوەمان ئەنجامدا کە لێمان چاوەڕێدەکرا. رێگریمان لە بەھەدەردانی سامانی گشتی کردووە و رووبەڕووی نایەکسانی و نادادی وەستاوینەتەوە. بەکارھێنانی پلە و پۆستمان بۆ بەرژوەندی تایبەت و دەستبردن بۆ مافی گشتی قەدەغە کردووە. یاساشکێنانمان داوەتە دادگا و ئارامی و ئاسایشمان لەپێشینەی ئەرکەکانمان داناوە. لەبوارەکانی تەندروستی، پەروەردە و ژینگە خزمەتی زۆرمان پێشکەشکردووە و بەردەوامیش دەبین.
لە ماوەی رابردوودا عیراق، ئەو وڵاتەی تۆ سەرۆککۆماری بوویت، بەدۆخێکی ھەستیار و تەنگژەیەکی قووڵی سیاسیدا تێپەڕی. ڕوانینێکی سادە بۆ دۆخەکە ئەو راستییەی دەردەخست کە کۆچی تۆ چ بۆشاییەکی لە گۆڕەپانی سیاسیدا دروستکردووە. بەڵام نائومێد نەبووین، بەسوودوەرگرتن لە ئەزموون و گەنجینەی پڕ گەوھەری تۆ لە ھەوڵەکانمان بۆ تێپەڕاندنی دۆخەکە و کۆکردنەوەی لایەنەکان لەپێناو ھاوبەشیی راستەقینە و سازان بەردەوام بووین. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سیاسەتی حەکیمانەی تۆی پەیڕەوکرد و ھەمووان شاھیدی ئەو راستییەمان بۆ دەدەن کە بەشێک بووین لە چارەسەر نەوەک ئاڵۆزی. بۆ ئەمەش خۆمان بە قەرزار و سوپاسگوزارت دەزانین.
یادت بەخێر شکۆی نەتەوە و نیشتمان
مێژوو بەشانازییەوە ناوت دەھێنێت
کوڕی خۆت
بافڵ
ھەروەھا پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، دوێنێ لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە ناوچەکانی کەپرە و شیلان و بەردەسۆر و ئەستیرۆکان و کونەگورگ لە سنووری باڵەکایەتی و ناوچەکانی بەربزین و بن گوندی پەڕێز و گوندی کەتینە و گوندی دەرھۆڵ لە ناوچەی برادۆست لە سنوری پارێزگای ھەولێر تۆپباران کران.
بەشێوەیەک لە ماوەی تەنھا پێنچ خولەکدا ئێران ٦٣ تۆپی ئاڕاستەی ئەو ناوچانە کرد. وتیشی، لەگەڵ تۆپبارانەکەی ئێران، سوپای تورکیاش لە رێگەی تۆپخانەکانییەوە ناوچەی ڕۆبی و ڕواڵ و گەلی ڕەش و تارستا و کەم کۆڕا-ی لە برادۆست تۆپباران کرد.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە تویتێکدا رایگەیاند، سەربازێکیان بە ناوی "یوسف ئاتاش"، لە چوارچێوەی "ئۆپراسیۆنی چڕنووک-قووفڵ" بریندار بووە و سەرباری ھەوڵەکان بۆ رزگارکردنی ژیانی، بەڵام گیانی لە دەستداوە، ئەو لە کاتێکدایە رۆژی شەممە ھێزەکانی پاراستنی گەل "ھەپەگە" رایگەیاند، لە ھەڵمەتێکی نوێی ھێزەکانیاندا چوار سەربازی تری سوپای تورکیا لە سنوری پارێزگای دھۆک کوژران و سەربازێکی تریش بریندار بووە.
سوپای تورکیا لە رۆژی ١٨ی نیسانی ئەمساڵەوە، ئۆپراسیۆنێکی نوێی لە ناوچەکانی زاپ و ئاڤاشین و باتیان و مەتینا لە سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان دەستپێکردووە.