ئەمڕۆ سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا سەردانی عێراق و ھەرێمی کوردستان دەکات
لاڤە
٢٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢
جۆرجیا میلۆنی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا لە پەیامێکدا رایگەیاند، ئەمڕۆ لەگەڵ دوو وەزیری حکومەتەکەی سەردانی عێراق و ھەرێمی کوردستان دەکات.
ھاوکات رۆژنامەی "لا ریپەبلیکا"ی ئیتاڵی بڵاویکردەوە، جۆرجیا میلۆنی لەسەردانەکەیدا ھێزەکانی وڵاتەکەی، کە لە چوارچێوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق و ھەرێمن بەسەردەکاتەوە.
جۆرجیا میلۆنی تەمەنی ٤٥ ساڵە و لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو وەک یەکەم سەرۆک وەزیرانی ژن لە ئیتاڵیا ھەڵبژێردرا.
ئیتاڵیا لە ساڵی ٢٠١٤ەوە ئەندامە لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و چەندین ھاوکاری و پاڵپشتی پێشکەشی عێراق و ھەرێم کردووە.
بەپێی راپۆرتی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیش، ئیتاڵیا ٩٠٠ سەرباز و راوێژکاری لە عێراق و ھەرێم ھەیە کە مەشق و راھێنان بە ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەکەن.
ھاوکات ئیتاڵیا ئەندامی دامەزرێنەری یەکێتی ئەوروپایە و سێیەم گەورەترین ئابورییە لە ناوچەی یۆرۆ.