ئێوارەی رۆژی چوارشەممە بە بۆنەی ھاتنی جەژنەکانی سەری ساڵ، وەزارەتی پێشمەرگە لە شاری ھەولێر ئێوارە خوانێکی بۆ راوێژکارانی سەربازیی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ھەرێم ڕێکخست و کۆڵۆنێڵ دۆنسی یۆست، فەرماندەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە ھەرێم، ھاوکاری و پاڵپشتی ھاوپەیمانانی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتکردەوە و رایگەیاند، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت و ھاوکاردەبن بۆ بەرەوپێش بردنی پڕۆسەی چاکسازی و یەکخستن و رێکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە.

ھاوکات، لیوا روکن بەختیار محەمەد ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەش رایگەیاند، ھێزەکانی ھاوپەیمانان بەشێکی گرنگن لە پڕۆسەی چاکسازی و رێکخستنی ھێزەکانی پێشمەرگە.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە رۆژی سێشەممە ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی ھەڕەشەی راگرتنی ھاوکارییەکانی دەکات بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و پێیانوتوون ئەگەر یەکێتی و پارتی یەکگرتوو و یەکڕیزنەبن ھاوکارییەکان رادەگرن.