نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان روونکردنەوەیەکی بۆ رای گشتی بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوەکرد، دوای بڕیارەکەی سەرۆکی یەکێتی بۆ داخستنی ھەموو ئەو شوێنانەی گەڕەکی سەرچنار کە دوورن لە ئاین، ئاکار و رەوشتی بەرزی کۆمەڵگەی کوردییەوە، سەرۆک بافڵ بڕیاریشیداوە سەرجەم پێداویستییە خزمەتگوزارییەکان کە پێویست و گونجاون بۆ سەیرانگەی سەرچنار و رەخساندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ خێزانەکان دابینبکات.

 رونیشیکردۆتەوە، خزمەتگوزارییەکان رووناککردنەوەی شەقامەکان، ناشتنی نەمام و سەوزکردنی زیاتر و جوانترکردنی باخچەکان، پاککردنەوەی سەیرانگەکان، دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام بۆ خەڵک لە رووی ئاسایش و ئارامییەوە ھەروەھا دروستکردنی شوێنی یاریی منداڵان لە خۆدەگرێت.

نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی راشیگەیاندوە، ئەم ھەنگاوەی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی دەستپێکی راگەیاندنی پرۆژەیەکی گەورەترە بەناوی (ئاشتکردنەوەی سلێمانی) و لە سەیرانگەی سەرچنارەوە وەک سیمایەکی مێژوویی و گرنگی شارەکە دەستپێدەکات و لەپێناو ئاوەدانکردنەوە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر بۆ سلێمانی بەردەوام دەبێت.