بەدریە حسێن ئەندامی لیژنەی خوێندنی باڵا لە فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، نوسراوێکی ئاڕاستەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق و ئەنجومەنی راژە کردوە بۆ دامەزراندنی یەکەم و دووەم و سێیەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی ھەرێم بە دەرچوانی ناوچە دابڕێنراوەکانەوە.
وتیشی، لەئێستادا ناوی سێیەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی ھەرێم ئاڕاستەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق کراوە بۆ ئەوەی کار بۆ دامەزراندنیان بکرێت، کە دەرچووەکان بە ناوچە دابڕێنراوەکانەوە ژمارەیان ٩ ھەزار و ٨١٢ دەرچووە.
جەختی لەوەشکردەوە، ھەوڵەکانی لە پێناو دامەزراندنی سێیەکەمەکان بەردەوام دەبێت و لە چەند رۆژی داھاتووشدا بۆ بەدواداچونی ئەو بابەتە سەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق و ئەنجومەنی راژە دەکات.
بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی ھەرێم، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە پەراوێزی کۆنگرەی میونخ بۆ ئاسایش لە ئەڵمانیا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەتەوە و گفتوگۆیان کردووە لەسەر پشکی ھەرێم لە پرۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٣ی عێراق و چارەسەرکردنی کێشەکان و ھەردوولاش ھاوڕابوون لەسەر پێویستی بەردەوامی کۆبوونەوەکانی نێوان ھەولێر و بەغداد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان لەسەر بنەمای دەستوور.
ئاماژە بەوەشکراوە، تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی سەردانەکەی وەفدی عێراق بووە بۆ ئەمریکا و ڕێکارەکانی حکومەتی عێراق بۆ پاراستنی رەوشی ئابووریی.
ماکوان جەمیل"بەڕێوەبەری بانکی ناوەندی ھەرێم لە سلێمانی ڕایگەیاند، کردنەوەی ئەو نوسینگانە ھەنگاوی یەکەمە بۆ ڕێکخستنەوەی سیستەمی دابەشکردنی مووچەی خانەنشیان و لە داھاتوودا خزمەتی زیاتر بەو توێژە دەکرێت و چەندین کارئاسانیان بۆ دەکرێت.
ھەروەھا"ژیان سابیر"بەڕێوەبەری خانەنشینی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەکردوە، لە بەرنامەیاندایە مووچەی ھەموو خانەنشینان لە یەک بانکدا بەناوی بانکی خانەنشینی کۆبکەنەوە و بەسیستەمێکی پێشکەوتوو مووچەی خانەنشینان دابەش بکەن کە ژمارەیان زیاتر لە ٨٦ ھەزار مووچە خۆرە لەو ژمارەیەش نزیکەی ٥٠ ھەزاریان خانەنشینی شارستانین و نزیکەی ٣٦ ھەزاریشیان خانەنشینی سەربازین.
سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێم، لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەتەوە و و دەربارەی دوایین سەردانی شاندی عێراق بۆ واشنتۆن گفتوگۆیان کردووە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ھەردولا ھەروەھا لەبارەی برەودان بە پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژیی نێوانیان و دۆخی عێراق، بیروڕایان گۆڕییەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پابەندیی وڵاتەکەی بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و جەختیکردەوە زۆر گرنگە پەیوەندییەکانی ھەرێم و بەغداد سەقامگیر بێت و کێشەکانیان چارەسەر بکەن.
لە راگەیەندراوێکدا سەرۆکایەتی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا - ئافاد ڕایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدان بە بوومەلەرزەکەی باکوری کوردستان و تورکیا بۆ ٣٨ ھەزار و ٤٤ کەس بەرزبووەتەوە، ژمارەی بریندارانیش گەیشتووەتە ١٠٨ ھەزار و ٦٨ کەس.
راشیگەیاندووە، ٢١٦ ھەزار و ٣٤٧ کەس لە ناوچە زیانلێکەوتووەکانی بوومەلەرزەکە چۆڵکراون.
ئافاد ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دوای بومەلەرزەکەی ٦ی ئەم مانگەوە، زیاتر لە چوار ھەزار و ٧٣٤ بوومەلەرزەی دیکە ڕوویانداوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئافاد ئەوەشی خستووەڕوو، ٢٩ ھەزار و ٩٤٤ کارمەندی فریاگوزاری لە ناوچە زیانلێکەوتووەکاندا کاردەکەن، لەنێویاندا تیمە نێودەوڵەتییەکان و ژمارەی تیمەکانی گەڕان و فریاگوزاریش کە لە وڵاتانی دیکەوە ھاتوون گەیشتووەتە ١١ ھەزار و ٤٨٨ تیم.
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، بەرێوبەری بانکی وەبەرھێنانی عیراقی رایگەیاند: ئامادەن دۆلار بە نرخی رەسمی بانکی ناوەندی و بە ١٣٢ ھەزار دینار بۆ بازرگانانی شاری سلێمانی بگۆڕنەوە، ھاوشێوەی بازرگانانی ناوەراست و باشوری عێراق.
ھەروەھا بانکی وەبەرھێنانی عیراقی روونیکردووەتەوە، پێویستە بازرگانان پشتیگیری ژووری بازرگانی سلێمانی و بەڵگەنامەی یاساییان پێبێت، تا بتوانن سودمەندبن لەو بڕیارە.
ئاوارە کوێخا عەلی بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی راپەڕین بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ماوەی سێ رۆژە ھەڵمەتی کارکردن لە پرۆژەکەدا دەستیپێکردووەتەوە و نزیکەی ٥٠٠٠ گەڵابە تێکەڵە کراوەتەوە دەوروبەی پەردەکە و کاری چیمەنتۆکردنیشی بەم نزیکانە دەستپێدەکات.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بە تەواوکردنی پرۆژەکە رێگەی چونەناو قەڵادزێ دەبێت بە دووساید و وێڕای نزیککردنەوەی رێگەی ھاووڵاتیان، بەو پێیەی بەژێر قەڵای قەڵادزێدا دەڕوات لە رووی گەشتوگوزارییەوە سودی زۆری بۆ ناوچەکە دەبێت و کاریگەریی زۆریشی لەسەر کەمکردنەوەی رووداوەکانی ھاتووچۆ دەبێت، ھەروەک لە رووی شوێنەواریشەوە کاریگەی زۆری لەسەر قەڵاکەدا دەبێت.
ئاوارە کوێخا عەلی راشیگەیاند، لەگەڵ کارکردنی ئامێرەکانی شارەوانی ٧٠ ئامێری دیکەی ھاووڵاتیان و خێرخوازان کاری تیادا دەکەن.
دوای سەردانی وەفدی عێراق بە سەرۆکایەتی فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە بۆ واشنتۆن، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بە باشترکردن و قوڵترکردنەوەی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ھەردوو وڵات کردووە بە تایبەت باشترکردن و بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغداد.
ھەروەھا لە راگەیەنراوەکە ئاماژە بەوەشکراوە، ھەردوولا قسەیانکردووە دەربارەی ئەو ئاڵنگاریانەی کە روبەروی ئابوری عێراق بووەتەوە بە تایبەتیش ئاستەنگەییەکانی بەردەم بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو.
ھەر بەپێی ئەو راگەیەنراوەکە، ئەمریکا پاڵپشتی تەواوی ھەوڵەکانی عێراق دەکات بۆ ئەو چاکسازییانەی کە پەیوەندییان بە ئابوری و دراوەوە ھەیە.
ھەروەھا ئەمریکا پشتوانی دەکات لە پێشخستنی سیستمی دارایی و بانکی لە عێراقدا و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و نەھێشتنی تێکدانی سیستمی دارایی و بەھێزکردنی بازاڕی ئابوریەکەی بەھەموو شێوەیەک.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەروو کە ئەمریکا جەخت دەکاتەوە لەسەر پەرەسەندن و باشترکردنی کەرتی وزە و بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو و گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا لە عێراقدا.
بەپێی دوایین ئامارەکان، لە باکوری کوردستان و تورکیا ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتووەتە ٣٦ ھەزار و ١٨٧ کەس، برینداربوونیش گەیشتە ١٠٨ ھەزارو ٦٨ کەس.
ھاوکات بەپێی دواین ئامارەکانی روانگەی سوریا بۆ مافەمانی مرۆڤ، لە رۆژئاوای کوردستان و سوریا تائێستا زیاتر لە پێنج ھەزار و ٨٠١ کەس گیانیانلەدەستداوە و زیاتر لە حەوت ھەزار کەسیش برینداربوون.
بەوەش ژمارەی گیانلەدەستدان بە بومەلەرزەکەی باکور و رۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سوریا نزیکدەبێتەوە لە ٤٢ ھەزار کەس و ھێشتاش پڕۆسەی گەران لە ھەندێک شوێن بەدوای بێسەروشێنبووەکاندا بەردەوامە.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش تائێستا نزیکەی ٥٠٠ خۆپیشاندەر کوژراون کە زۆربەیان خەڵکی شارەکانی رۆژھەڵات و پارێزگای سیستان و بەلوچستانن، چوار خۆپیشاندەریش لەسێدارەدراون و نزیکەی ١١٠ خۆپیشاندەریش مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە
عەمید سالار عەبدوڵا، بەڕێوەبەری گشتی پاسپۆرتی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، زیاتر لە مانگێک و ١٥ رۆژە بەھۆی نەبوونی دەفتەری پاسپۆرت و چەند گرفتێک لە کارگەی بەرھەمھێنانی دەفتەری پاسپۆرت لە بەغداد، پرۆسەی دەرکردنی پاسپۆرت لە سەرانسەری عێراق و ھەرێمی کوردستان راگیراوە.
وتیشی، وەزارەتی ناوخۆ گرێبەستێکی نوێی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەوروپی کردووە بۆ بەرھەمھێنانی دەفتەری پاسپۆرت و لە ماوەی ١٠ رۆژی داھاتوودا پرۆسەی دەرکردنی پاسیۆت دەستپێدەکاتەوە و ھاووڵاتیان دەتوانن دەست بە مامەڵەی بەدەستھێنانی پاسپۆرت بکەن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، گرفتەکە جگە لە ناوخۆی عێراق باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستانی لە وڵاتان گرتەوە و لە ماوەی ١٠ رۆژی داھاتوودا ئەو گرفتە لە ناوخۆ و دەرەوەش چارەسەر دەکرێت.
لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن دەڵێت، ئەمشەو ساردترین شەو دەبێت تاوەکو ئێستا، هەروەها لەو شوێنانەی تەڕ و شێ دارن، شەختە دروست دەبێت.
لە سەنتەری شارەکان نزمترین پلەکانی گەرما پێشبینی دەکرێ بەم شێوەیەی خوارەوە بێت :-
ھەولێر -٢ پلەی سیلیزی
سلێمانی -٣ پلەی سیلیزی
دھۆک -٣ پلەی سیلیزی
ھەلەبجە -٢ پلەی سیلیزی
کەرکووک و ناوچەکانی گەرمیان لە نێوان (-١ و٠) پلەی سیلیزی دەبێت
بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، مەسعود کوردپور کە بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی سیستمی کۆماری ئیسلامی ئێران و تێکدانی ئارامی وڵات، سزای ١٧ مانگ زیندانیی بەسەردا سەپێنرابوو، لە زیندانی بۆکان ئازاد کراوە.
کوردپور دوای ئازادکردنی رایگەیاندووە، نە بەشێوەی راستەوخۆ و نە لە رێگەی پارێزەرەکەیەوە داوای لێخۆشبوونی پێشکەشنەکردووە.
ھەفتەی رابردوو و بەبۆنەی ساڵیادی شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران، عەلی خامنەئی رێبەری وڵاتەکە بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ ھەزاران زیندانی و لەوانەش دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی چەند مانگی رابردوو دەرکرد، لەچەند رۆژی رابردووشدا زارا محەمەدی مامۆستای زمانی کورد و ژمارەیەک چالاکوانی رۆژھەڵاتی کوردستان بڕیارەکە گرتنیەوە و ئازادکران.
د. یاد نەقشبەندی بەرێوەبەری نەخۆشخانەی ھیوا لە سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە ١٠ ساڵی رابردوو حاڵەتەکانی توشبوون بە شێرپەنجە لە منداڵاندا دەگمەن بوون، بەڵام لە ئێستادا ئامارەکان زیادیانکردووە، لە ساڵی ٢٠٢٢دا زیاتر لە ٢٠٠ حاڵەت لە نەخۆشخانەی ھیوا تۆمارکراون، کە زۆرینەیان لە سنوری پارێزگای سلێمانین.
وتیشی، بەشێک لە ھۆکارەکان بۆماوەین و دەگەڕێتەوە بۆ ژیانی ناتەندروستی دایکان و باوکان، کە پەیوەندی بە کێشانی جگەرە و نێرگەلەوە ھەیە بەتایبەت لەلایەن رەگەزی مێ-وە، کە لەکاتی دوو گیانبوونیاندا زیانی راستەوخۆ بە منداڵەکە دەگەیەنێت و ھەروەھا خواردنی ناتەندروست و درەنگ خەوتنی منداڵیش ھۆکارن بۆ توشبوونی منداڵ بە شێرپەنجە.
بەرێوەبەری نەخۆشخانەی ھیوا ئاشکراشیکرد، دابەزینی کێشی منداڵ، درەنگ خەوتن، نەمانی ھەستی خواردن، گرفتی ھەرسکردن و بوونی تا بۆ ماوەیەکی درێژ و زیاد لە چەند جارێک دروستبوونی پەڵەی شین لە منداڵدا ئەو نیشانانەن گومانی توشبوون بە شێرپەنجەی لێدەکرێت و پێویستە لەکاتی دروستبوونیان ئەو پشکنین بۆ منداڵەکە بکرێت.
بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی ھەولێر رایگەیاند، کەسێکی تەمەن ١٦ ساڵ ھێرشی کردبووە سەر خوێندکارێکی خوێندنگەی ھەولێری نموونەیی ئینگلیزی و بەسەختی برینداری کردبوو، لەلایەن پۆلیسی فریاکەوتنی ھەولێرەوە دەستگیرکرا.
دەشڵێت، تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە و بەپێی ماددەی ٤١٣ لە یاسای سزادان داگیراوە و پەڕاوەکەشی رەوانەی بنکەی پۆلیسی نەوجەوانان کراوە.
رەحمان خانی لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی بەیانی کوردسات نیوزدا راشیگەیاند، حکومەت بودجەی بۆ دروستکردنی بەنداوەکان تەرخان کردووە و گرنگی زۆر بەو بابەتە دەدات، بەڵام لە سنوری سلێمانی بەھۆی نەبوونی سیولەی نەختییەوە کارکردن تێیاندا وەستاوە و لە ھەوڵدان لە رێگەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کێشەکە چارەسەر بکەن.
رەحمان خانی راشیگەیاند، گەشبینن بەوەی لەمساڵدا و بە پاڵپشتی سەرۆک کۆمار، حکومەتی عێراق بودجە بۆ بەنداوەکانی ھەرێمی کوردستانیش دابین بکات.