وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دابەشكردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەكان كۆتاییهاتووە و زیاتر لە 64 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەسەر 321 هەزار و 138 خێزان لەو ناوچانە دابەشكراوە.
راشیگەیاندووە، لە هەنگاوی دووەمدا، دابەشكردنی نەوتی سپی لە ناوچەكانی دەوروبەری شارەكان دەستیپێكردووە و تا ئێستا نزیكەی دوو ملیۆن لیتر بەسەر زیاتر لە هەشت هەزار و 500 خێزاندا دابەشكراوە و پڕۆسەكە بەردەوامە.
دەستپێكردنی پڕۆسەی دابەشكردنی نەوت لە دەرەوەی شارەكان، لە كاتێكدایە كە تائێستا وەزارەتی سامانە سروشتییەكان وادەی دابەشكردنی نەوتی لەناو شارەكان رانەگەیاندووە.
مەڵبەندی ١٨ی رێکخستنی رۆژھەڵاتی کەرکوک یەکێتی رایگەیاند، دوای ئەوەی لەچەند رۆژی ڕابردوودا سوپای عێراق ھەوڵی داگیرکردنی زەوی جوتیارانی کوردیدا لە گوندی تۆپزاوەی سەر بە پارێزگای کەرکوک، لێپرسراوی مەڵبەندەکەیان لە کاتی سەردانیکردنی بۆ ناوچەکەیان بەڵێنی پێدابوون رێگە نادەن ئەو ھەوڵانە سەربگرێت.
دەشڵێت، بۆ رێگریکرن لە داگیرکردنی زەوی جوتیارانی ناوچەکە لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار کرایەوە و بە ھەوڵی خالید شوانی وەزیری دادی عێراق توانرا ئەو کارە رابگیرێت.
مەڵبەندی ١٨ی رێکخستنی رۆژھەڵاتی کەرکوک تەئیکد دەکاتەوە، وەکو یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بەردەوام بەرگریکار و داکۆکیکاری مافەکانی خەڵکی شاری کەرکوک دەبن و ھەمیشە لەسەر ھێڵن بۆ شکستپێھێنانی ئەو جۆرە ھەوڵانە لە داھاتوودا.
لە راگەیەندراوێکدا مەڵبەندی ١٨ی رێکخستنی رۆژھەڵاتی کەرکوک بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی لەچەند رۆژی رابردوودا سوپای عێراق ھەوڵی داگیرکردنی زەوی جووتیارانی کوردیدا لە گوندی تۆپزاوەی سەر بە کەرکوک، لایەنی پەیوەندیدار لەو رووداوە ئاگادارکرایەوە و بە ھەوڵی "خالید شوانی" وەزیری دادی عێراق توانرا رێگری لەو کارە بکرێت و شکستی پێبھێندرێت.
راشیگەیاندووە، یەکێتی بەردەوام بەرگریکار و داکۆکیکاری مافەکانی خەڵکی شاری کەرکوکە و ھەمیشە لەسەر ھێڵن بۆ شکستپێھێنانی ئەو جۆرە ھەوڵانە لە داھاتوودا.
ئەو ھەوڵە خالید شوانی دوای ئەوە ھات کە لە سنوری کۆمەڵگەی تۆپزاوای کەرکوک، سوپای عێراق بە ھەڕەشە دەیویست دەست بەسەر سێ ھەزار دۆنم زەوی جوتیارانی کورد و تورکماندا بگرێت، بۆ ئەو مەبەستەش جوتیارانی کورد و تورکمانی ئاگادارکرانەوە ماڵ و کێڵگەکانیان چۆڵ بکەن.
بڕیارە سبەینێ پێشانگای تێک فێست کە گەورەترین کێبڕکێی تەکنەلۆژییە لەسەر ئاستی عێراق کە بۆ جاری سێھەم بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی بەڕێوەبچێت، لە پێشانگاکەدا ئامادەبووان بە نوێترین بیرۆکە و داھێنانە تەکنەلۆژییەکانی گەنجانی وڵات ئاشنا دەکرێن، پێشانگاکە سەکۆیەک دەبێت بۆ بەیەک گەیشتنی گەنجانی داھێنەر لەگەڵ وەبەرھێنەران و خاوەن کۆمپانیاکان.
ھەروەھا بڕیارە پێشانگای تێک فێست بۆ ماوەی سێ رۆژ لە پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی ئەنجام بدرێت.
"شۆخان عومەر"بەڕێوەبەری بانکی مەڵکەندی بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، لە ماوەی ڕابردوودا ڕێکارەکان بۆ دروستکردنی کارتی ئەلیکترۆنی بۆ ھەزار و ٤٣ خانەنشین دەستیپێکرد، لە ئێستاشدا ئەو کارتانە تەواو بووە و خانەنشینان دەتوانن سەردانی بانکی مەڵکەندی بکەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتی ئەلیکترۆنی مووچەکانیان، لەمەودوا ئەو خانەنشینانە دەتوانن مانگانە بە کارتی ئەلیکترۆنی مووچەکانیان وەربگرن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بە ھەوڵی"قوباد تاڵەبانی"جێگری سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، بە ئەلیکترۆنیکردنی مووچەی خانەنشینان چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
"عەلی حەمە ساڵح"ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە پەیامێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، ٢٠ پڕۆژەی پرۆژەی گەشتیارو بازرگانی و وەرزشی بە رووبەری ٢٨٠ ھەزار مەتر دەکرێت بە پڕۆژەی نیشتەجێوون، ئەوەش کارێکی مەترسیدارە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ھەولێر ئەو ھەموو پڕۆژەی نیشتەجێبونانەی پێویست نییە، سەرچاوەی ئاوی ئەو پرۆژانە، ئاوی ژێر زەوین مەترسی گەورە لەسەر ئاوی ژێر زەوی دروست دەکات.
جەختی لەوەشکردوەتەوە، کەرتی نیشتەجێبون بە پلانێکی ئابوری کاری تێدا ناکرێت، داڕوخانی گەورەی ئابوری لێدەکەوێتە، چونکە پرۆژەکانی نیشتەجێبون، پێچەوانەی یاسای وەبەرھێنانن، نە بنکەی تەندروستی ھەیە و نە قوتابخانە، دەبوو بە پێی پلان و خواست، مۆڵەت بدرایەتە پرۆژەکانی نیشتەجێبون، ئاو و کارەبا و قوتابخانە، رەچاوبکرایە.
وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردوە، بەمەبەستی ڕێکخستنی بواری چەک و بەسیستەمکردنی بازاڕەکانی بازرگانیی چەک و رێکخستنی کاری کۆمپانیا ئەمنی و ڕاھێنەرییەکانی ئەو بوارە، بۆ دڵنیابونەوە لەجێبەجێکردنی یاسای چەکو یاسای کۆمپانیا تایبەتییە ئەمنییەکان، رێنمایی تایبەتی دەرکردوە.
لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، بۆ ھەر پارێزگاو ئیدارەیەکی سەربەخۆ، دەبێت کۆمەڵگەیەکی تایبەت بەئاڵوگۆڕی چەکی ئاگرین دابمەزرێت، ئەوەش کۆمەڵێک کاری وەکو کڕین و فرۆشتن و چاککردنەوەی چەک و شوێنی ڕاھێنان و سەنتەری مەشقی کارمەندانی کۆمپانیای ئەمنی لەخۆدەگرێت و لەژێر چاودێریی حکومەتدا دەبێت.
ھەر بەپێی رێنماییەکە کۆمەڵگەکە بەسیستەمێکی ئەلیکترۆنییەوە بەوەزارەتی ناوخۆوە دەبەسترێتەوە و زانیارییەکانی تایبەت بەکڕین و فرۆشتنی چەک و راھێنان و مەشقپێکردنی کارمەندی کۆمپانیای ئەمنی، لەژێر چاودێریی وەزارەتی ناوخۆدا دەبن.
بەپێی سەرچاوەکانی ھەواڵ دوای حەوت رۆژ لە راگرتنی کاروانی تانکەرەکانی ئیدارەی خۆسەری لە دەروازەی تایھە لە منبج لە نێوان ھەسەدە و حکومەتی سوریا و بە نێوەندگیری چەند لایەنێک کاروانەکە گەیەنرایە حەڵەب کە بەھۆی بومەلەرزەکانەوە زیانی زۆریان بەرکەوتوە.
سادق خەڵەف ھاوسەرۆکی ئیدارەی گشتی سوتەمەنی رایگەیاندوە، کاروانەکەیان بۆ ھاوکارییکردنی زیانلێکەوتوانی بومەلەرزەکەیە.
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ھەرێم لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، وەزارەتی بازرگانی حکومەتی عێراق پێی ڕایگەیاندوون کە ئەمڕۆ نوێنەرایەتیی حکومەتی ھەرێم لە بەغداد ئامادەبن بۆ وەرگرتنی شایستەی دارایی جوتیاران بۆ ساڵی ٢٠١٥ و ٢٠١٦.
بڕیارە سەعات ١١ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بارەگای کۆمپانیای گشتی بازرگانی دانەوێڵە لە بەغداد، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا چەکی پارەکە رادەستی نوێنەرایەتیی حکومەتی ھەرێم بکرێت کە بڕی پارەکەش ٢٧٢ ملیار دینارە.
بەیانی ئەمڕۆ لە پارێزگای کەھرمان مەڕەش لە باکوری کوردستان دوو کەس کە یەکێکیان کوڕێکی تەمەن ١٧ ساڵە بە ناوی محەمەد، لە دوای ١٩٨ سەعات لە مانەوەیان لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکان رزگارکران.
ھەروەھا لە ھاتای دوای ١٨٢ سەعات دایکێک و مندڵەکەی رزگارکران و لە ھەڵمەتێکی تردا لە مەڕەش دوای ١٨٠ سەعات ژنێکی تەمەن ٣٩ ساڵ بە زیندوویی دەرھێندرا.
لە ھەڵمەتێکی تردا لە ھاتای دوای ١٧٨ سەعات ژنێکی ٧٠ ساڵ و لە سەمسور دوو منداڵی تەمەن شەش ساڵ رزگاکران. ھەر لە ھاتای دوای ١٧٧ سەعات کچێکی تەمەن ٢٦ ساڵ رزگارکرا.
ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەسەر داوای ھاووڵاتیان بڕیاریانداوە ماوەی لێخۆشبوونی نەبەستنی پێوەری ئاو تا ٢١ی نیسانی ئەمساڵ درێژبکەنەوە.
وتیشی، ڕێژەی لێخۆشبوونەکە لە سەنتەری شارەکان لە ٨٠ ھەزار دینارەوە دەکرێتە ٢٠ ھەزار دینار و ١٠ ھەزار دیناریش بۆ دەرەوەی شارەکان.
بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێم داواشیکرد، ئەوانەی پێوەری ئاویان نەبەستووە سوود لەو ماوەیە وەربگرن، چونکە ئەگەری زۆرە ماوەکە جارێکی دیکە درێژنەکرێتەوە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ھەرێم رایگەیاند، لە کۆبونەوەیەکدا گفتوگۆ و ھەڵسەنگاندن بۆ پلانی خوێندنی"ماستەر و دکتۆرا و دبلۆمی باڵا"لە زانکۆ حکومییەکانی ھەرێمی کوردستان کراوە و بڕیاردراوە لە مانگی ئاداری داھاتوو پرۆسەی پێشکەشکردن بۆ خوێندنی باڵا لە زانکۆ حکومییەکانی ھەرێمی کوردستان دەستپێ بکات.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، دوای تەواوبونی ئامادەکارییەکان لە داھاتوییەکی نزیکدا قۆناغ بەندی پرۆسەی خوێندنی باڵا لە ڕووەکانی پلان و ژمارەی کورسییەکان و ماوەی پێشکەشکردن و کاتەکانی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی توانستی زانستی و راگەیاندنی ئەنجامەکان و دەستپێکردنی پرۆسەی خوێندن رادەگەیەنرێت.
"بەشدار حەسەن" سەرۆکی تیمی پارێزەرانی دۆسیەی سزادراوانی بادینان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەمڕۆ جارێکی تر ڕێگە نەدرا تیمی پارێزەرانی گیراوانی بادینان، سەردانی دەستگیرکران بکەن بۆ بینینی ھەریەک لە"شێروان شێروانی و شڤان سعید و ئەیاز کرم".
وتیشی، بەپێی یاسا ھەفتانە پارێزەران بۆیان ھەییە یەک ڕۆژ سەردانی بریکاردەرەکانیان بکەن لە چاکسازییەکان، ھەرچەندە رێگەپێدانی بەڕێوەبەری یاسایی چاکسازی ھەولێر وەرگیرابوو، بەڵام لەلایەن ئەفسەرێکی بەرپرسی پاسەوانەکان بەبێ ھیچ ھۆکارێک ڕێگرییان کرا لە بینینی دەستگیرکراوان.
"بەشدار حەسەن" ئاماژەی بەوەشکرد، تیمی پارێزەران دەستەی مافی مرۆڤ و یۆنامی و لایەنەکانی تریان لەو پێشێلکارییە ئاگادار کردوەتەوە.
د.بڕیار ڕشید رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا وەفدی ناوبراو پاڵپشتی و ھاوکارییە بەردەوام و ھەمیشەییەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ کوردانی باکور و ڕۆژئاوای کوردستان بەرزنرخاند و ڕۆڵی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستانیان بە کاریگەر وگرنگزانی بۆ ئێستا و داھاتوو.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا وێرای دەستخۆشیان بۆ ھەموو کەمپینەکان بە تایبەت کەمپینی ھاوخەمتانین کە دەزگای میدیایی کوردسات و چەند لایەنێکی تر، داوایانکرد ھاوکارییە ماددی و مەعنەوییەکانی ھاووڵاتیانی ھەرێم بەردەوامبێت و بەزووترین کات کار ئاسانی بکرێت لە گەیاندنیان بە زیانلێکەوتوان.
وتیشی، پرسە و ماتەمینی خۆمانمان پێڕاگەیاند بەرامبەر ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە و ھیوای زووچاکبوونەمان خواست بۆ بریندارانی ڕووداوەکە .
ئاماژەی بەوەشکرد، بەڵێنمان پێدان وەک چۆن ھەمیشە یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان لە ڕابردوودا پاڵپشت و پشتیوانی کوردانی پارچەکانی تری کوردستان بووە و بەردەوام دەبێت لەو ھاوکاری و پاڵپشتیانە بۆ خوشک و برا کوردەکانمان لە پارچەکانی تری کوردستان.
"شۆخان عومەر"بەڕێوەبەری بانکی مەڵکەندی بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، لە رۆژی چوارشەممەوە دەوامی نوسینگەکانی سەر بە بانکی مەڵکەندی درێژ دەکرێتەوە، بە جۆرێک کە لە ٨ی بەیانی بۆ پێنجی ئێوارە دەبێت. وتیشی، خانەنشینی شارستانی و سەربازی و ھێزەکانی ٧٠ و ٨٠ کەمئەندامی سەنگەر و کەسوکاری شەھیدان و زیندانیانی سیاسی لە نوسینگەکانی سەربە بانکی مەڵکەندی مووچە وەردەگرن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەو کەسانەی لەو نوسینگانە مووچە وەرگرن، دەتوانن تاوەکو سەعات ٥ ی ئێوارە سەردان بکەن و مووچەکانیان وەربگرن.
خانمی یەکەمی عێراق ڕایگەیاند ، کاری خۆبەخشی دەبێت بەردەوام بێت و نابێت لە ھیچ کات و بارودۆخێکدا بوەستێت، ئەمەش ئەوەیە کە ئێستا لەگەڵ تیمێکی کاری خۆبەخشانە کاری لەسەر دەکات کە ھاوکاری بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزە لە سوریا و تورکیا کۆدەکەنەوە.
خانمی یەکەم باسی لە ئەزموونی خۆی کرد لە کاری خۆبەخشی مرۆیی، کە تێیدا بە یارمەتیدانی خێزانە کەمدەرامەتەکان بەشداری کردووە، ھەروەھا پێداگری خۆی لەسەر بەردەوامبوون لە کارکردن سەرەڕای کەمی ژمارەی تیمی پشتیوانی خۆبەخشی لە قۆناغە سەرەتاییەکانی کارەکەدا، کە یەک لە دوای یەک چەندین ھەنگاوی ئەرێنی بەدوای خۆی دا ھێناوە بۆ خزمەتکردنی ژنان و منداڵانی بەدەستھێناوە ، جا چ بە پشتیوانیکردن لە دامەزراندنی پڕۆژەی بچووک بۆ ژنان یان دۆزینەوەی پاڵپشتی بۆ بەردەوامکردنی ئەو پشتگیرییەی کە سەرکەوتوو بوو لە کۆنتڕۆڵکردن و پەروەردەکردن و چاودێریکردنی منداڵانی بنەماڵەی ئەنفالکراوان و ئەو خێزانانەی کە بەدەست گەمارۆدان لە ڕژێمی پێشوو لە ھەموو ڕوویەکەوە.
شاناز ئیبراھیم ئەحمەد گوێی لە بەرنامەکانی و پرۆژەکانییانی گرت کە لەلایەن ڕێکخراوەکانەوە جێبەجێ دەکرێن و پاڵپشتی خۆی دەربڕی بۆ ئەو پڕۆژە گرنگانەی کە پێشنیاریان کردووە بۆ ھاوکاری ھاوبەش و دۆزینەوەی دەرچەی بازاڕکردن و ھاوبەشی لەگەڵ دامەزراوە حکومییەکانی پەیوەست بە بەرھەمی کار لە خێزانە بەرھەمھێنەرەکان بەپێی بەرنامەکانی ڕێکخراوەکان.
سەرۆک و بەرێوەبەری رێخراوەکان سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ شاناز ئیبراھیم ئەحمەد بۆ ئەو بیرۆکە میتۆدۆلۆژیانەی پێشکەشی گروپەکە کرد دووپاتکردەوە، کە جەخت لەسەر گونجانی مرۆڤایەتی لەگەڵ ھەوڵە کاریگەرەکانی کۆمەڵگا دەکەنەوە بۆ باشترکردنی واقیعی ئابووری بۆ ھەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا.