باڵیۆزی ئەمریکا لەعێراق: ئەمریکا رۆڵی ھەبووە لە چارەسەری ناکۆکییەکانی یەکێتی و پارتی
لاڤە
٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٣
ئەلینا رۆمانۆسکی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە سلێمانی لە وەڵامی پەیامنێری کوردسات نیوزدا وتی، ئەمریکا رۆڵی گرنگی خۆی ھەبووە لە ھێورکردنەوە و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی یەکێتی و پارتی، ھانی لایەنە کوردی و عێراقیەکانیشیدا کە ناکۆکییەکان چارەسەر بکەن و روبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببنەوە.
ھیواشی خواست ھەڵبژاردنێکی پاک و دیموکراسی لە ھەرێم بکرێت و گرنگیشی دەرخست سەبارەت بە پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە بە جۆرێک کە بەرژەوەندی خەڵکی تێدا رەچاو بکرێت.
باڵیۆزەکەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشدا، واشنتۆن نیگەرانی خۆی نەشاردووەتەوە لەبارەی پێشێلکارییە ئەمنییەکان بۆ سەر خاکی ھەرێم و عێراق.
وتیشی، ئەمریکا بەلایەوە گرنگە مافی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەوانی لە ھەرێم پاشەکشە نەکات و زیندانی کردنی رۆژنامەنووسان لەسەر ئازادی رادەربڕین جێی نیگەرانیانە.
ھەروەھا پشتیوانی و ھەماھەنگی بۆ چاکسازی و یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگە دەربڕی.