مەکتەب رێکخستنی یەکێتی پرۆژەی رێکخستنەوە و پلانی و ھەڵسەنگاندنی کادران رادەگەیەنێت
کوردسات نیوز
٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٣
کوردسات نیوز
٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٣
ئیمزاکردنی دەقی یاداشتی لێکتێگەیشتن بۆ کۆتایهێنان بە شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران.
دەقی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە:
بڕگەی 1: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران و هاوپەیمانەکانیان لەم شەڕە بەردەوامەدا، لە رێگەی ئیمزاکردنی ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنەوە، راگرتنی دەستبەجێ و هەمیشەیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە هەموو بەرەکاندا (بە لوبنانیشەوە) رادەگەیەنن. لەمەودوا بەڵێن دەدەن کە دەستپێشخەری هیچ شەڕ و ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دژ بە یەکتر نەکەن، و خۆیان بەدوور بگرن لە هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز یان بەکارهێنانی دژ بە یەکتر، هاوکات گرەنتی سەلامەتی خاک و سەروەریی لوبنان دەکەن. رێککەوتنی کۆتاییش جەخت لەسەر راگرتنی هەمیشەیی شەڕ لە سەرجەم بەرەکاندا دەکاتەوە، بە بەرەی لوبنانیشەوە، لەگەڵ سەرجەم ئەو حوکمانەی تر کە لەم بڕگەیەدا هاتوون.
بڕگەی 2: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران بەڵێن دەدەن کە رێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی یەکتر بگرن، و دەستوەرنەددەنە کاروباری ناوخۆیی لایەنەکەی ترەوە.
بڕگەی 3: ئەمریکا و ئێران پابەند دەبن بە دانوستان و گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لە ماوەی زۆرترینی 60 رۆژدا، کە ئەم ماوەیەش بە رەزامەندی هەردوولا شایەنی درێژکردنەوەیە.
بڕگەی 4: دەستبەجێ دوای واژۆکردنی ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەست دەکات بە لابردنی گەمارۆ دەریاییەکانی و هەر جۆرە رێگری و ئاستەنگێک کە بەسەر ئێراندا سەپێنراوە، و لە ماوەی 30 رۆژدا گەمارۆ دەریاییەکە بە تەواوی کۆتایی پێدەهێنێت.
لەم ماوەیەدا، قەبارەی هاتوچۆی کەشتییەکان هاوتای ئەو رێژەیە دەبێت کە پێش شەڕەکە هەبووە، کە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەگەڕێنرێتەوە دۆخی پێشوو، هەروەها ئەمریکا بەڵێن دەدات کە لە ماوەی 30 رۆژدا دوای رێککەوتنی کۆتایی، هێزەکانی لە دەوروبەری ئێران بکشێنێتەوە.
بڕگەی 5: لە کاتی واژۆکردنی ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنەدا، ئێران رێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر و تەواوی هەوڵەکانی خۆی دەدات بۆ مسۆگەرکردنی تێپەڕبوونی ئارامی کەشتییە بازرگانییەکان بەبێ وەرگرتنی رسوومات (باج)، تەنها بۆ ماوەی 60 ڕۆژ، لە کەنداوی عەرەبییەوە بۆ دەریای عومان و بەپێچەوانەشەوە.
هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان دەستبەجێ دەستپێدەکات، بە رەچاوکردنی پێویستی لابردنی ئاستەنگە تەکنیکی و سەربازییەکان و پاککردنەوەی مینەکان لەلایەن ئێرانەوە، ئەم هاتوچۆیە لە ماوەی 30 رۆژدا کارا دەکرێت.
ئێران دیالۆگ لەگەڵ سوڵتانییەتی عومان ئەنجام دەدات بۆ دیاریکردنی بەڕێوەبردنی خزمەتگوزارییە دەریاییەکانی داهاتوو لە گەرووی هورمز، بە راوێژ لەگەڵ وڵاتانی تری کەناراوەکانی کەنداوی عەرەبی، بە شێوەیەک کە بگونجێت لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییە کارپێکراوەکان و مافە سەروەرییەکانی وڵاتانی هاوسنووری گەروی هورمز.
بڕگەی 6: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڵێن دەدات، بە هاوکاری لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەکان، پلانێکی کۆتایی هاوبەش دابڕێژێت کە بەهاکەی لە 300 ملیار دۆلاری ئەمریکی کەمتر نەبێت، بۆ سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ئابووری ئێران. میکانیزمی تایبەت بە جێبەجێکردنی ئەم پلانە وەک بەشێک لە رێککەوتنی کۆتایی لە ماوەی 60 رۆژدا تەواو دەکرێت. ئەمریکا سەرجەم مۆڵەت، بەخشین و رێپێدانە داواکراوەکان بۆ ئەنجامدانی مامەڵە داراییە پەیوەندیدارەکان دەبەخشێت.
بڕگەی 7: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڵێن دەدات کۆتایی بە هەموو جۆرە سزایەکی سەپێنراو بەسەر ئێراندا بهێنێت، بە بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و بڕیارەکانی ئەنجومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، و سەرجەم سزا تاکلایەنەکانی ئەمریکا (سەرەکی و لاوەکییەکان)، بەپێی خشتەیەکی زەمەنی رێککەوتووبەسەردا وەک بەشێک لە رێککەوتنی کۆتایی. ئێران و ئەمریکا داندەنێن بە گرنگیی باڵای پرسی کۆتایهێنان بەو سزایانەی سەرەوە، و خواستی خۆیان دەردەبڕن بۆ چارەسەرکردنی دەستبەجێی ئەم پرسانە لە دانوستانەکاندا بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتنێکی هاوبەش.
بڕگەی 8: ئێران دووبارە جەخت دەکاتەوە کە ههوڵی بەدەستهێنان یان پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی نادات، ئەمریکا و کۆماری ئێران رێککەوتوون لەسەر چارەسەرکردنی پرسی لەناوبردنی ماددە پیتێنراوە کۆگاکراوەکان، ئەمەش بە پشتبەستن بە میکانیزمێک کە لە نێوان هەردوولادا لەسەری رێککەوتن دەکرێت بەپێی ئەو خشتە زەمەنییەی لە بڕگەی 7دا هاتووە، بە مەرجێک کەمترین ئاستی ئەم میکانیزمە بریتی بێت لە کەمکردنەوەی پلەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە پێگەکەدا لەژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمدا، هەروەها هەردوولا رێککەوتوون لەسەر تاوتوێکردنی پرسی پیتاندن و پرسە رێککەوتووەکانی تری پەیوەندیدار بە پێداویستییە ئەتۆمییەکانی ئێران، بە پشتبەستن بە چوارچێوەیەکی گونجاو کە لە رێککەوتنی کۆتاییدا لەسەری رێککەوتن دەکرێت، ئەمریکا و ئێران داندەنێن بە گرنگیی باڵای بابەتە ئەتۆمییەکانی سەرەوە، و خواستی خۆیان دەردەبڕن بۆ چارەسەرکردنی دەستبەجێی ئەم پرسانە لە دانوستانەکاندا بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هاوبەش.
بڕگەی 9: تا کاتی گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی، ئەمریکا و ئێران رێککەوتوون لەسەر هێشتنەوەی دۆخەکە وەک خۆی، ئێران دۆخی ئێستای بەرنامە ئەتۆمییەکەی وەک خۆی دەهێڵێتەوە، و ئەمریکاش هیچ سزایەکی نوێ ناسەپێنێت و هێزی زیادە لە ناوچەکەدا بڵاو ناکاتەوە.
بڕگەی 10: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڵێن دەدات کە دەستبەجێ دوای واژۆکردنی ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە و تا کاتی کۆتایهاتنی سزاکان، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا مۆڵەتی بەخشین (ئەنجامدانی کار بەدەر لە سزا) بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاوی ئێرانی، بەرهەمە پترۆڵییەکان، بەرهەمە لادراوەکان (المشتقات) و سەرجەم خزمەتگوزارییە پەیوەندیدارەکانیان دەر بکات، بە مامەڵە بانکییەکان، دڵنیایی، گواستنەوە و هاوشێوەکانیانەوە.
بڕگەی 11: ئەمریکا بەڵێن دەدات کە دەستبەجێ دوای جێبەجێکردنی ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە، پارە و داراییە بلۆککراوەکان یان سنووردارکراوەکانی سەر بە ئێران بۆ بەکارهێنانی تەواوەتی بەردەست بکات، ئەمریکا و ئێران بە شێوەیەکی هاوبەش لەسەر رێوشوێنەکانی ئازادکردنی ئەم پارانە لە کاتی دانوستانەکاندا رێکدەکەون، هەروەها پێویستە ئەم پارانە، چ لە هەژمارە ئەسڵییەکەیدا بمێننەوە یان بگوازرێنەوە، بە تەواوی بەردەست بن بۆ بەکارهێنان لە سەکردنی (پێدانی) شایستە داراییەکان بە هەر سودمەندێکی کۆتایی کە لەلایەن بانکی ناوەندی ئێرانەوە دیاری دەکرێت. ئەمریکا بەڵێن دەدات سەرجەم مۆڵەت و ڕێپێدانە پێویستەکان بۆ بەدیهێنانی ئەمە دەربکات.
بڕگەی 12: ئەمریکا و ئێران رێککەوتوون لەسەر دامەزراندنی میکانیزمێکی جێبەجێکردن بۆ چاودێریکردنی سەرکەوتنی جێبەجێکردنی ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە و پابەندبوونی داهاتوو بە رێککەوتنی کۆتاییەوە.
بڕگەی 13: دوای واژۆکردنی ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە، و بە مەرجی دەستپێکردنی جێبەجێکردنی بڕگەکانی (1، 4،5، 10، 11) و بەردەوامبوونی جێبەجێکردنی ئەم رێوشوێنانە، ئەمریکا و ئێران دانوستانەکان دەستپێدەکەن سەبارەت بە رێککەوتنی کۆتایی تەنها بەو جۆرەی پەیوەندی بە بڕگەکانی تری ئەم یاداشتەوە هەیە.
بڕگەی 14: رێککەوتنی کۆتایی بە بڕیارێکی پابەندکەر لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە پەسەند دەکرێت.
بە نێوەندگیری پاكستان، ئێران و ئەمریكا یاداشتنامەكەی نێوانیان ئیمزا كرد، مەراسیمی ئیمزاكردنەش لە سویسرا هەڵوەشایەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا و مەسعود پزیشكیان، سەرۆكی ئێران، بە جیا یاداشتنامەی لێكگەیشتنی نێوانیان ئیمزا كرد بۆ ئەوەی بە رەسمی بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، لە گرنگترین بەندەكانی ئەم یاداشتنامەیەش، راگرتنی شەڕ و لادانی گەمارۆكان و دەستەبەركردنی هاتوچۆی ئارامە لە گەروی هورمز.
شەهباز شەریف، سەرۆك وەزیرانی پاكستان لەوبارەیەوە رایگەیاند، ئیمزاكردنی یاداشتنامەكە دەستبەجێ دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، وەك هەنگاوی یەكەمیش، ئێران بەبێ دواكەوتن گەروی هورمز دەكاتەوە و ئەمریكاش دەستبەجێ گەمارۆ دەریاییەكە هەڵدەگرێت.
لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ وتی، یاداشتنامەی لێكگەیشتنەكەیان لەگەڵ ئێران بە ئامادەبوونی ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەڕەنسا ئیمزاكردووە،هەروەها سوپاسی چین و روسیاشی كرد بۆئەوەی لە كانی جەنگەكەیان لەگەڵ ئێران بێلایەنیان هەڵبژارد.
هاوكات ئیسماعیل بەقائی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، یاداشتنامەكە بە رەسمی لەلایەن پزیشكیانەوە ئیمزا كراوە، بەڵام مەراسیمی ئیمزاكردنەكە كە بڕیار بوو سبەینێ هەینی لە سویسرا بەڕێوەبچێت، هەڵوەشاوەتەوە.
هەروەها ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا وتی، رێككەوتنەكە رێگا بۆ ئاشتییەكی بەردەوام لە ناوچەكە خۆش دەكات و دەرفەتی دووبارەكردنەوەی گەروی هورمز خۆش دەدات، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی وزە لە ماوەیەكی نزیكدا.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لەگەڵ راگەیاندنی ئیمزاکردنی رێککەوتنی لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ ئەمریکا رایگەیاند موشەکەکانیان هێ؟ڵی سورە و تەنها بۆ هێڕشکردن دروست کراون نەک دانوستان کردن لەسەریان.
لە لێدوانێکی تونددا سەبارەت بە تواناکانی وڵاتەکەی، ئیسماعیل بەقایی رایگەیاند، موشەکەکانی ئێران تەنیا بۆ تەقاندن و بەرگریی دروستکراون نەک بۆ گفتوگۆ و دانوستان.
ناوبراو بە شێوازێکی تەنزئامێز ئاماژەی بەوە کرد کە "موشەکەکانی ئەوان بە هیچ شێوەیەک حەز ناکەن کەس قسەیان لەسەر بکات".
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە بە رەسمی جەختی کردەوە کە لە هیچ پرۆسەیەکدا و لەگەڵ هیچ لایەنێکدا بە هیچ جۆرێک باس لە توانای بەرگریی ئێران ناکرێت و ئەم بابەتە هێڵی سوورە.
ئەمەش لە دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ دوێنێ رایگەیاند، رێگە بە ئێران دەدات هەندێک لە موشەکی باڵیشتیکی هەبێت، چونکە نادادپەروەرییە وڵاتانی دراوسێ موشەکی بالیستیکیان هەبێت و ئێران نەی بێت.