کوردستانکوردستان

پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، رووداوەکە لەناو فەرمانگەی باری شارستانی ناحیەی گردەسێن لە سنوری قەزای ئاکرێ روویداوە و ژنێک تەقەی لە کەسێک کردووە.

نێچیرڤان فەخرەدین لێپرسراوی راگەیاندنی تەندروستی ئاکرێ بە کوردسات نیوزی راگەیاند، نزیکەی سەعات ١٠ی سەرلەبەیانی بریندارێک گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتی گوڵان لە ئاکرێ، کە شوێنەواری چوار فیشەک بە جەستەوەیە بووە و بۆ چارەسەر نێردراوە بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ھەولێر.

بەپێی زانیارییەکان، ھۆکاری ئەو رووداوە دەگەرێتەوە بۆ کێشەیەکی کۆنی نێوان ھەردوولا و لەسەر داوای کەسوکارەکەی بریندارەکە گواستراوەتەوە ھەولێر.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە دوو کاروان ھاوکاری سەربازی رەوانەی بنکەی "خراب جبیر" کردووە لە ریفی رمێلان لە باکوری حەسەکە، کە ٦٠ بارھەڵگری لەخۆگرتووە و چەک و پێداویستی سەربازی و سوتەمەنی تێدا بووە، ئەو ھاوکارییە ھاوکات بووە لەگەڵ نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی بارھەڵگری سەربازی کە کەلوپەلی سەربازی پێشکەوتوو و پاتری و دژە فڕۆکەی تێدا بووە.

ھاوکات گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران ھێرشێکی مووشەکییان کردە سەر بنکەی ئەمریکا لە کێڵگەی غازی کونیکو لە باکوری دێرەزوور، بەڵام ھیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە.

بەپێی ئامارێک کە روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە، لە ١٩ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە، ھێزەکانی ئەمریکا لەناو خاکی سوریا روبەڕووی ١٢١ ھێرش بوونەتەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵی، رۆژی سێ شەممە، دادگا لەسەر سکاڵایەکی وەھاب ھەڵەبجەیی بەڕێوەبەری گشتی دژەتیرۆر کۆدەبێتەوە کە تێیدا داوایکردووە دادگا بڕیار لەسەر نادەستوری بوونی جێبەجێکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ئەو بڕیارانە بدات کە لەلایەن دادگاکانی ھەولێرەوە و بەو یاسایە لەدژی دەرکراون.

دادگای فیدراڵی پێشتر چەند جارێک ئەو سکاڵایەی تاوتوێکردووە، بەڵام ھێشتا بڕیاری کۆتایی لەبارەوە نەدراوە.

پێشتر پارێزەرانی وەھاب ھەڵەبجەیی بە کوردسات نیوزیان راگەیاندبوو، بەڵگەی زیاتر دەخەنە بەردەم داگای فیدراڵی عێراق بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی دادگای ھەولێر.

ئەگەر سکاڵاکە لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە پەسند بکرێت، سەرجەم ئەو بڕ‌یارانەی کە لە ساڵی ٢٠١٨ بەدواوە لە دادگاکان بەگوێرەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەرکراون، ھەڵدەوەشێندرێنەوە، بەو پێیەی یاساکە دوای چەندینجار درێژکردنەوەی ماوە یاساییەکەی لە ساڵی ٢٠١٨ ەوە بەسەرچووە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پەری نوری راوێژکاری سەرۆکایەتی کۆمار بۆ کاروباری ئەنفال بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لەسەر داوای شاناز ئیبراھیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عێراق، لە داھاتوویەکی نزیکدا پڕۆسەی وەرگرتنی سامپڵی خوێن و زانیاری تەواو لە کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال لە ناوچەی گەرمیان وەردەگیرێت.

وتیشی، لە دوای تەواوبوونی پڕۆسەی وەرگرتنی زانیاری لە چەمچەماڵ، لەسەر داوای خامی یەکەمی عێراق، پلانی نیشتمانی ھاوبەشی پزیشکی دادی بەغداد و ئەمیندارێتی گۆڕبەکۆمەڵەکان لە دەزگای شەھیدانی عێراق و تیمی نێودەوڵەتی"ئای سی ئێم پی" زانیاری و سامپڵی خوێن لە کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال لە ناوچەی گەرمیان وەردەگیرێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری ھەرێم رۆژی یەکشەممە لەگەڵ وەفدێکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و ھەرێم کۆبووەوە و رایگەیاند، دەرگای وەزارەت و سەرجەم بەڕێوبەرایەتی و گەنجینەکان کراوەیە بۆ ھەر وردبینی و بەدواداچونێک لەلایەن تیمە ھاوبەشەکانی دیوانی چاودێری داراییەوە.     

وەزارەتی دارایی لەبارەی کۆبوونەوەکە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، سەردانی وەفدی دیوانی چاودێری دار وەفدێکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق لە ھەولێرن و لەگەڵ چاودێری دارایی ھەرێم وردبینی لە خەرجی و داھات و لیستی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم دەکەن.

پێشتر ھونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی ھەرێم بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاندبوو، وەفدەکەی دیوانی چاودێری دارایی عێراق دوای وردبینکردن لە خەرجی و داھاتی شەش مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردووی ھەرێم، راپۆڕتێک پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەکەن.

وەفدەکەی دیوانی چاودێری دارایی عێراق کە رۆژی شەممە گەیشتە ھەولێر، بۆ ماوەی چەند رۆژێک دەمێنێتەوە و جگە لە دۆسیەی خەرجی و داھاتەکانی ھەرێم، ھاوکات وردبینی بۆ لیستی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمیش دەکات، ھەروەھا جگە لە وەزارەتی دارایی لەگەڵ چەند وەزارەتێکی دیکەش دیدار و کۆبوونەوەی دەبێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئێوارەی رۆژی شەممە ٢٤ی ٢ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بە بانگھێشتێکی رەسمی گەیشتە واشنتنی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. 

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆکی حکومەت بە سەرۆکایەتی وەفدێکی حکومی، چەندین کۆبوونەوە ئەنجامدەدات و تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکان، پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتی عێراق و ناوچەکەیە . 

راشیگەیاند، وەفدی یاوەری سەرۆکی حکومەت لە وەزیری پێشمەرگە و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و چەند بەرپرسێکی دیکەوە پێکھاتوون.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی سلێمانی لەبارەی کەشی پێشبینیکراوی ٤٨ سەعاتی داھاتوو رایگەیاند: ئەمڕۆ رۆژی یەکشەممە، ئاسمان بە گشتی ساماڵ و پەڵەھەور دەبێت و لە ھەندێک کاتدا دەگۆڕێت بۆ نیمچە ھەور، لە کاتەکانی شەویشدا بارستە ھەوایەکی ساردی سێبیری روو لە ناوچەکەمان دەکات و لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانیش بەفرێکی کەم دەبارێت، خێرایی با (١٠– ٢٠) کم دەبێت لە سەعاتێکدا.

سەبارەت بە پێشبینیی بۆ کەشوھەوای سبەینێ، کەشناسیی سلێمانی رایگەیاند: سبەی رۆژی دووشەممە، ئاسمان بە گشتی ساماڵ و پەڵەھەور دەبێت، کاریگەریی بارستەھەوایەکی سارد لەگەڵ زیادبوونی خێرایی با لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ھەڵەبجە و کەرکووک، کە ھەندێک جار دەگاتە سەروو ٣٥ کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا.

کەشناسیی سلێمانی پێشبینی ئەوە دەکات؛ سبەینێ پلەی گەرما روو لە نزمبوونەوە بکات بە نزیکەیی (٥-٧) پلەی سیلیزی و لە ناوچە شاخاوییەکانیش بۆ سفر پلە دابەزێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ھونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، وەفدێکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق گەیشتوونەتە ھەولێر و لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی ھەرێم کۆدەبنەوە، بۆ وردبینکردن لە خەرجی و داھاتی شەش مانگی کۆتایی ساڵی رابردووی ھەرێم، دواتر وردبینییەکان دەکەنە راپۆڕتێک و پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی دەکەن.

ھاوکات، پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، وەفدەکەی دیوانی چاودێری دارایی عێراق، بۆ ماوەی چەند رۆژێک لە ھەولێر دەمێنێتەوە و جگە لە دۆسیەی خەرجی و داھاتەکانی ھەرێم، ھاوکات وردبینی بۆ لیستی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمیش دەکات، ھەروەھا جگە لە وەزارەتی دارایی لەگەڵ چەند وەزارەتێکی دیکەش دیدار و کۆبوونەوەی دەبێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

"ئەبوبەکر تەیب"سەرپەرشتیاری شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی رایگەیاند، بەھۆی نەبوونی نەختینە لە بانکەکانی سلێمانی پڕۆژەکە بەسستی بەڕێوەدەچێت، لە کاتێکدا ٧٠%ی کارەکانی پرد و ئەندەرپاس و ئۆڤەرپاسەکان تەواوکراوە، ھەروەھا ٧ کیلۆمەتر لە شەقامەکە قیرکراوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، کۆی گشتی پرۆژەکە ٥٢% تەواوکراوە، ساڵی رابردووش کۆمپانیای جێبەجێکار بەبەھای ٢٢ ملیار دینار کاریکردووە.
شەقامی ئۆتۆبانی بابان ناسراو بە شەقامی ١٠٠ مەتری، لە تەموزی ٢٠٢٠ بەردی بناغەی دانرا و گوژمەی پرۆژەکە ٤٠٠ ملیار دینارە و بڕیاربوو لە ٣٠-٨-٢٠٢٣ تەواو بکرێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، سوپای تورکیا بەردەوامە لە بۆردومانکرنی سنوری قەزای ئامێدی لەو چوارچێوەیەشدا چیای خێرێ لە سنوری ئامێدی بۆردومانکرد.

راشیگەیاند، دوو رۆژی رابردووش سوپای تورکیا بۆردومانی پرۆژەی ئاوی ھەردوو گوندی گوھەرز و بلاوەی بوردومان کردووە، ماوەی چەند مانگێکیشە بەبەردەوامی سوپای تورکیا سنوری ئامێدی بوردومان دەکەن و بەردەوام ترس و دڵەراوکێ لە نێو ھاووڵاتیان و دانیشتوانی ئەو سنورە دروست دەکەن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ دوو مێرد منداڵ بەناوەکانی دادیار قاسم و ئەیمەن ھەڵکەوت تەمەن ١٣ ساڵ، لە گۆلێکی گەورەی ئاودا کە بەھۆی کۆبوونەوەی ئاوی باراناو ماوەی چەند ساڵێکە دروستبووە خنکان.

بەوتەی چەند شایەتحاڵێکیش، مێرمنداڵەکان بەمەبەستی راوە ماسی چونەتە ئەو شوێنە، بەڵام کەوتونەتە نێو ئاوەکە، دانیشتوانی سنورەکەش بەھانایانەوەچوون، بەڵام بە خنکاوی ھەردوو مێرد منداڵەکەیان دەرھێناوەتەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، دوای ئەوەی ژمارەیەک ھاووڵاتی سکاڵایان تۆمار کرد کە لەناو بازاڕی شاری سلێمانی کڕین و فرۆشتن بە ئاژەڵ و باڵندەی کێوییەوە دەکرێت، ئەمڕۆ ھەینی مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی سەرا و بەشی پۆلیسی رێکاریی، ھەڵمەتێکیان لە ناوبازاڕی شارەکە ئەنجامدا بەمەبەستی رێگریکردن لە کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لەھەڵمەتەکەدا دەستگیرا بەسەر ژمارەیەک باڵندەی کێوی، سێ تۆمەتباریش بە تۆمەتی مامەڵەکردن بەو باڵندانە دەستگیرکران و لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەر راگیراون و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیاندا دەستیپێکردووە.  

پۆلیسی سلێمانی ئاشکراشیکرد، دواتر باڵندەکان لەلایەن ھێزەکانیانەوە ئازاد کران و گەڕێندرانەوە بۆ نێو سروشت.


 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حاکم عومەر ئەحمەد سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەت بە کوردسات نیوزی راگەیاند، وەک کۆمیسیۆن ئامادەن بۆ ھەڵبژاردن بە ستانداری نێودەوڵەتی و شەفاف، لەڕووی تەکنیکی و لۆجستیشەوە لەوپەڕی ئامادەباشیدان. 

وتیشی، پێشبینی دەکەن لە ٥ بۆ ١٠ی ٦ رۆژێک بۆ ھەڵبژاردن دیاری بکرێت و چاوەڕوانن سەرۆکایەتی ھەرێم لەو بارەیەوە مەرسومی سەرۆکایەتی دەربکات، نزیکەی ٤ ملیۆن کەسیش مافی دەنگدانیان ھەیە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەقی پرسەنامەکەی سەرۆک بافڵ...

بەڕێز کاک مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان 

‎بەداخ و خەمێکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی خاتوو (زەکیا مەلا مستەفا) خوشکی بەڕێزتانم پێگەیشت.

‎بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆمان بە جەنابتان، بنەماڵە بەڕێزەکەتان و ئازیزانی خوالێخۆشبوو دەگەیەنین و ھاوبەشی خەمتانین.

‎لەخوای گەورە داواکارین ئەمە دواناخۆشی و خەمتان بێت،  کۆچکردوو بە بەھەشتی بەرین شاد بکات و سەبووری بە ئێوە و ھەموولایەک ببەخشێت.

‎ 
‎بافڵ جەلال تاڵەبانی 
‎سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

یەکەی توێژینەوەی سەر بە کۆنگرێسی ئەمریکا لە راپۆرتێکدا چەند پرسێکی سەبارەت بە ئاییندەی مانەوەی ئەمریکا لە عێراق ورووژاندووە کە پەیوەندی بە کاریگەری لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا ھەیە بەتایبەت سنووردارکردنی کاریگەرییەکانی ئێران.

دەشڵێت، کۆبوونەوەکانی ئێستای لیژنەی باڵای سەربازیی نێوان ئەمریکا و عێراق، دەتوانێت گۆڕانکاریی بنەڕەتی دروست بکات، ھەروەھا راپۆرتەکە گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە لەژێر ڕۆشنایی بڕیارەکانی پێشووی کۆنگرێس بۆ درێژکردنەوەی ئەرکی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا لەماوەی ئەمساڵ و بودجەی تەواوکاری بۆیان، چەند ڕاسپاردەیەک لەبەرچاو بگیرێت، لەوانەش: بوونی سەربازی ئەمریکا و ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق تا چەند گرنگە، ھەروەھا ئامادەبوونی سەڕبازی ئەمریکا لە عێراق چۆن دەتوانێت ڕووبەڕووی ململانێکانی ئێران ببێتەوە لەناوچەکە.

ھەروەھا پرسیاری ئەوەدەکات کە گۆڕانکارییەکانی بوونی ئەمریکا و ھاوپەیمانان لە عێراق چۆن دەتوانێت کاریگەری لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا لە سوریاو ئاسایشی باڵیۆزخانەی ئەمریکاو ئەرکی ناتۆ لە عێراق ئاسایشی عێراق و ئاسایشی ناوچەکە دروست بکات.

راپۆرتەکە باسی لەوەشکردووە، پەیوەندی نێوان گروپە عێراقییەکان و حکومەتی عێراق بە ھەرێمی کوردستان و ھێزی پێشمەرگەشەوە کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت، چییان بەسەردێت؟ ھەروەھا گۆڕانکارییە لەناکاوەکان چۆن کاریگەرییان لەسەر تێڕوانینەکان بۆ ئەمریکا ھەیە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کورستان لەشاری ھەولێر لەبارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پێشوازیکرد لە موتسی مونیارادزی بەرپرسی بەشی کاروباری سیاسی لە یونامی نوسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ھەرێمی کوردستان .

لە دیداری نێوان ھەردوولادا بارودۆخی سیاسی و دواین پێشھات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە بەگشتی تاوتوێکرا، بەتایبەتی پەیوەندی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغداد و ئەو کێشە ھەڵواسراوانەی نێوان ھەردوولا کە کاریگەری لەسەر رەوشی سیاسی و ئابوری و ئەمنی ھەیە.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...312313314315316...928