دوای ٢١ ساڵ لە بێسەروشوێنبوونی، سەیفوڵا حسێنی ٤٧ ساڵ، لە ئەفریقاوە هەواڵی دایە کەسوکارەکەی لە رانییە، کە زیندووە و لە ژیاندا ماوە و دەگەڕێتەوە ناویان.
سەیفوڵا حسێن، هاوڵاتییەکی شارۆچکەی سەروچاوەیە لە ئیدارەی راپەڕین. سەیفوڵا لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٧ـە، لە ساڵی ١٩٩٦دا بڕیار دەدات بەرەو ئەوروپا بچێت و ئەو رێگایە دەگرێتە بەر، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٣دا لە وڵاتی کینیا بێسەروشوێن دەبێت و سۆراغی نامێنێت.
کەسوکارەکەی باس لەوە دەکەن، لە ساڵی ٢٠٠٣ لە کینیا بێسەروشوێن بوو و دەنگ و هەواڵی نەما.
هونەر برای سەیفوڵایە و دەڵێت، دوێنێ پیان وتراوە کە براکەی لە ژیاندا ماوە و لە ئەفریقا زیندانی کراوە.
هونەر بۆ کوردسات نیوز باسی لەوەکرد، بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆڕتی سلێمانی، دوێنێ یەکشەممە، پێی راگەیاندوون، براکەیان زیندووە و لە ژیاندا ماوە، بەدرێژایی ئەو ٢١ ساڵە لە زینداندا بووە.
ئەمڕۆ دوای ٢١ ساڵ، تەکنەلۆجیا بووە ئەو ئامڕازەی سەیفوڵا و کەسوکارەکەی بۆ یەکەمجار رووخساری یەکتر ببیننەوە و لەرێگای ڤیدیۆوە قسەیان کرد. هەر لەمڕۆشەوە سەرجەم رێکارەکان بۆ گەڕاندنەوەی لە ئەفریقاوە دەگیرێنە بەر.
سبەینێ یەكێتی و پارتی لە پیرمام كۆدەبنەوە و وتەبێژیی یەكێتی دەڵێت، لە كۆبوونەوەكەدا پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت و پێشهاتەكانی سوریا و ناوچەكە تاوتوێدەكرێت.
سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە كوردسات نیوزی راگەیاند، سبەینێ لە پیرمام كۆبوونەوەی هەردوو وەفدی یەكێتی و پارتی بەڕێوەدەچێت.
وتیشی، كۆبوونەوەكە تایبەتە بە تاوتوێكردنی پرسەكانی تایبەت بە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پێشهاتەكانی سوریا و ناوچەكە.
سەعدی ئەحمەد پیرە باسی لەوەشكرد، "ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران بۆ وەفدی یەكێتی زیادكراوە".
كۆبوونەوەكەی سبەینێ دەبێتە دووەم كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی بۆ تاوتوێكردنی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێ لە دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
رۆژی ٣٠ـی مانگی رابردوو، وەفدی یەكێتی و پارتی لە سلێمانی كۆبوونەوە و لە راگەیەنراوێكدا جەختیانكردەوە، كۆبوونەوەكە ئەرێنی بووە و ئامادەیشیان دەربڕی بۆ درێژەدان بە كۆبونەوەكانیان.
کەشناسی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، لە دهۆک و ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان بەفر دەبارێت و پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە. نزمترین پلەی گەرماش بۆ سفر و سێ پلە ژێر سفری سیلیزی دادەبەزێت.
کەشناسیی هەرێم رایگەیاندووە، ئەمڕۆ دووشەممە، ئاسمان بە گشتی لە نێوان پەڵەهەور بۆ نیمچەهەوردا دەبێت و پلەکانی گەرما نزیک دەبنەوە لە تۆمارکراوەکانى دوێنێ.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەی سێشەممە، ئاسمان بەگشتی بەرزەهەوری تەواو دەبێت، لە کاتەکانی نیوەڕۆدا کەمێک بەفر لە پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی هەرێم دەبارێت، پاشان لە کاتەکانی شەودا ئاسمان بەرەو ساماڵ دەڕوات و کەش جێگیر دەبێتەوە.
کەشناسی روونیشی کردووەتەوە، سبەینێ پلەکانی گەرما نزیک دەبنەوە لە تۆمارکراوەکانى ئەمڕۆ، تەنها ناوچە شاخاوییەکان نەبێت ١ بۆ ٢ پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە.
بەپێی نەخشەی پێشبینییەکانی کەشناسی، بەشێوەیەکی گشتی نزمترین پلەکانی گەرما لە هەرێمدا بۆ سفر و سێ پلە ژێر سفری سیلیزی دادەبەزن، بەجۆرێک لە سۆران نزمترین پلەی گەرما سێ پلە لەژێر سفری سیلیزی و لە هەڵەبجە دوو پلە لەژێر سفری سیلیزیەوە دەبێت. جگە لە حاجی ئۆمەران کە بەرزترین پلەی گەرمای بۆ ئەمڕۆ ١ پلە و بۆ سبەینێ سفر پلەی سیلیزی دەبێت.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی :
هەولێر: 11 پلەى سیلیزى
سلێمانی: 10 پلەى سیلیزى
دهۆک: 10 پلەى سیلیزى
کەرکوک: 13 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە: 11 پلەى سیلیزى
زاخۆ: 10 پلەى سیلیزى
حاجی ئۆمەران: 0 پلەى سیلیزى
سۆران: 8 پلەى سیلیزى
گەرمیان: 16 پلەى سیلیزى
دەزگای میدیایی كوردسات روونكردنەوەیەك لەبارەی زانیارییەكی ناڕاست بڵاودەكاتەوە و سكاڵای یاسایش لەسەر ئەو كەسە تۆمار دەكات كە زانیارییە ناڕاستەکەی بڵاوكردووەتەوە.
دەزگای میدیایی كوردسات لە روونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوە كردووە، كەسێك چەندین زانیاری ناڕاستی لەسەر دەزگاكە بڵاوكردووەتەوە، راستەوخۆ پێش بڵاوكردنەوەی بابەتەكە، لە رێگەی راوێژكاری یاسایی دەزگای میدیایی كوردساتەوە پەیوەندی بەو كەسەوە كراوە و روونكردنەوەی تەواوی لەسەر بابەتەكە پێدراوە كە ئەو بابەتە دوور و نزیك پەیوەندیی بە كوردساتەوە نییە و كۆنە و بۆ ساڵێك لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و کێشەکە لە بانکەکەوەیە و هەر ئەو كاتەش ئەو بانكەی ناوی هێنراوە روونكردنەوەی بڵاوكردەوە، بەڵام نازانرێت لەئێستادا كە هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە بە رەوشێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت، مەبەست لە گەرمكردنەوەی بابەتێكی ساڵی رابردوو چییە.
راشیگەیاندووە، بە مافی یاسایی دەزانن كە لە دادگاكانی هەرێمی كوردستان سكاڵای یاسایی تۆمار بكەن لەسەر ئەو كەسە و لە رێگەی پارێزەرانیشەوە ئامادەن لە هەر وڵاتێكی ئەوروپا سكاڵای یاسایی تۆمار بكەن لەسەر ئەو كەسانەی زانیاری هەڵە لەسەر ئەو بابەتە بڵاودەكەنەوە.
دەقی روونكردنەوەكەی دەزگای میدیایی كوردسات
روونكردنەوەیەك لە دەزگایی میدیایی كوردساتەوە لەبارەی بڵاوبوونەوەی بابەتێك لە چەند میدیا و پەیجێكدا
كەسێك چەندین زانیاری ناڕاستی لەسەر دەزگاكەمان بڵاوكردووەتەوە، راستەوخۆ پێش بڵاوكردنەوەی بابەتەكە، لە رێگەی راوێژكاری یاسایی دەزگای میدیایی كوردساتەوە پەیوەندیمان بەو كەسەوە كرد و روونكردنەوەی تەواومان لەسەر بابەتەكە پێدا كە ئەو بابەتە دوور و نزیك پەیوەندیی بە كوردساتەوە نییە و كۆنە و بۆ ساڵێك لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و کێشەکە لە بانکەکەوەیە و هەر ئەو كاتەش ئەو بانكەی ناوی هێنراوە رونكردنەوەی بڵاوكردەوە، بۆیە دەمانەوێت بۆ ئەو كەسە و و سەرجەم رۆژنامەنوسانی رونبكەینەوە كە بابەتێكی لەو جۆرە دوور و نزیك رووینەداوە و ئەو كێشەیە نە دەزگاكەمان و نە كارمەندان لێی بەرپرس نین، ناشزانین لەئێستادا كە هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە بە رەوشێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت، مەبەست لە گەرمكردنەوەی بابەتێكی ساڵی رابردوو چییە، بۆیە بە مافی یاسایی خۆمانی دەزانین كە لە دادگاكانی هەرێمی كوردستان سكاڵای یاسایی تۆمار بكەین لەسەر ئەو كەسە و لە رێگەی پارێزەرانیشەوە ئامادەین لە هۆڵەندا و هەر وڵاتێكی ئەوروپا سكاڵای یاسایی تۆمار بكەین لەسەر ئەو كەسانەی زانیاری هەڵە لەسەر ئەو بابەتە بڵاودەكەنەوە، چونكە سەرەڕای ناوزڕاندنی دەزگاكەمان پێشتر روونكردنەوەمان پێداوە و تەنانەت ئەو بەڵگەیەی بڵاویكردووەتەوە خۆمان بۆمان ناردووە، بۆیە داواكارین هاوڕێیان و هاوكارانیشمان .لە میدیاكارانی بەڕێز بەهەمان شێوە نەكەونە هەڵەی ئەو كەسانەوە
لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە هەوڵدایە بۆ چارەسەركردنی كێشەی نەوت لە نێوان هەرێم و بەغداد و رێكخستنەوەی شێوازی كاركردن لە دەروازە سنورییەكان.
عەتوان عەتوانی سەرۆكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، لەپێناو چارەسەركردنی كێشەی نەوت لە نێوان هەرێم و عیراق و گەیشتن بە رێككەوتن لەبارەی ئەو پێشنیازانەی پێشكەش دەكرێن، لیژنەی دارایی چەند جارێك لەگەڵ وەزارەتی نەوت كۆبووەتەوە، بۆ هەمان مەبەست لەگەڵ وەزارەتی دارایی عیراقیش كۆدەبنەوە.
وتیشی، لەبارەی داهاتە نانەوتییەكانیش جیاوازییەكی زۆر لە ژمارەكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عیراق هەیە، بۆ ئەوەش لەگەڵ هەردوولا لە هەوڵ و گفتوگۆدان بە مەبەستی گەیشتن بە رێككەوتن لەسەر شێوازی رێكخستنەوەی كاركردن لە دەروازە سنوورییەكان.
ئەنجومەنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی دەڵێن، بە وەرگرتنی یەك موچە بایكۆت ناشكێنن.
ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت، پێویستە دەستبەجێ حكومەتی هەرێم دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگەكانی ١٠ و ١١ بكەن و واز لە سیناریۆ و چەواشەكارییەكانیان بهێنن، بۆ لەبیربردنەوەی تەوتینی مووچە و پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران.
دەشڵێن، بۆ ئەوەی ئەزموونی دابەشنەكردنی مووچەی سێ مانگی كۆتایی ساڵی رابردوو دووبارە نەبێتەوە، ناڕەزایەتی و چالاكییەكانیان فراوانتر دەكەن و فشاری نوێ و كاریگەر و سەرتاسەری لە بەغداد و هەولێرەوە دەستپێدەكەن.
ئەنجومەنەكە دەشڵێت، بە كەمتر لە وەرگرتنی مووچەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵ و تەوتینكردنی مووچەكانیان لە رێگەی بانكە فیدراڵییەكانەوە، ئامادەنین بایكۆت بشكێنن.
سەرۆكی داواكاری گشتی هەرێم لە ١٥ی مانگی رابردوەوە خانەنشینكراوە، ئەنجومەنی وەزیرانیش هەوڵدەدات دادوەرێك بكرێت بە سەرۆكی داواكاری گشتی ئەوەش ناڕەزایەتی لێكەوتوەتەوە.
سەرچاوەیەكی تایبەت بە كوردسات نیوزی راگەیاند، سەرۆكی داواكاری گشتی هەرێم لە ١٥/١١ی ئەمساڵ خانەنشینكراوە، وەزارەتی دادیش داوای لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كردووە، تەمەنی خانەنیشنی سەرۆكی داواكاری گشتی درێژ بكرێتەوە، چونكە لە ١٥ی ١١ەوە كاروباری هاووڵاتیان و ژمێریاری وەستاوە، تائێستاش ئەنجومەنی وەزیران وەڵامی داواكارییەكەی وەزارەتی دادی نەداوەتەوە.
وتیشی، ئەنجومەنی وەزیران لە هەوڵی ئەوەدایە دادوەرێك بكات بە سەرۆكی داواكاری گشتی ئەوەش ناڕەزایەتی بەرفراوانی لە نێوان داواكارانی گشتی لێكەوتوەتەوە، لەبەرئەوەی كاری داواكاری گشتی لەگەڵ دادوەر جیاوازن، دادوەر بڕیار دەردەكات و داواكاری گشتیش پارێزەری مافی گشتییە و چاودێری پێشێلكارییە یاساییەكانیش لەسەرجەم دام و دەزگاكاندا دەكات بە دادگاكانیشەوە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، ٢٠٠ داواكاری گشتی لە هەرێم هەیە، دەستنیشانكردنی دادوەرێك بۆ ئەو پۆستە، نیگەرانی داواكارانی گشتی لە پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكان لێكەوتووەتەوە، دەڵێن، كەسێك دەكرێت بە سەرۆك كە ئەندامی ئەو دامەزراوەیە نییە.
وتیشی، لەئێستادا ١٠٧ ئەندامی داواكاری گشتی یاداشتێكیان بەرزكردوەتەوە بۆ سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی دادوەری و وەزیری داد، تێیدا داوا دەكەن هەڵوێستییان هەبێت و لە بەرانبەر ئەو پێشێلكارییە بێنە دەنگ و دەستوەردان لە كاروباری داواكاری گشتیدا نەكرێت.
هاوڵاتییەک لە کۆیە لەبەردەم ماڵی براکەیدا تەقەی لێکرا و بەو هۆیەوە گیانیلەدەستدا
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، هاوڵاتییەک بە ناوی سەرتیپ عەبدوڵا کە پۆلیسی دارستانە لەبەردەم ماڵی براکەیدا تەقەی لێکرا و بەوهۆیەوە گیانیلەدەستدا
راشیگەیاند، لە ئێستادا تۆمەتبار دەستگیرکراوە
حكومەتی هەرێم وادەی دابەشكردنی موچەی مانگی ١٠ی راگەیاند، وەزارەتی دارایی عیراقیش، هەنگاوەكانی خەرجكردنی موچەی مانگی ١١ی فەرمانبەرانی هەرێم دەستیپێكرد.
ئەمڕۆ وەفدێكی هەرێم چونە بەغداد و لەگەڵ وەزیری دارایی و لێپرسراوانی تری وەزارەتی دارایی عیراق كۆبونەوە.
لە بارەی كۆبونەوەكەشەوە حكومەتی هەرێم رایگەیاند، كۆبونەوەی هەردولا ئەرێنی بووە و رۆژی سێ شەممە دەست بە دابەشكردنی موچەی مانگی ١٠ دەكەن، هەركات پارەی تەواوكاریش هات موچەی مانگەكانی تریش دابەشدەكەن.
دواتریش وەزارەتی دارایی عیراق رایگەیاند، هەنگاوەكانی خەرجكردنی موچەی مانگی ١١ی فەرمانبەرانی هەرێم دەستیپێكردوە، رەزامەندیش لەسەر گواستنەوەی ٤٣٠ ملیار دینار بۆ تەواوكاری موچە كراوە، لەماوەی ١٠ رۆژیشدا سەرنج و تێبینییەكان لەسەر لیستی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم چارەسەردەكرێت، حكومەتی هەرێمیش پابەندكراوە موچەی مانگی ١٠ی فەرمانبەران دابەش بكات.
بەپێی راگەیەنراوەكە، وەفدێكی تەكنیكی ژمێریاری سەردانی وەزارەتی دارایی هەرێم دەكات، بۆ ئامادەكاركردنی بودجەی پێداچوونەوەی مووچەی مانگە كێشەلەسەرەكان.
سەرچاوەیەكیش لە كۆبونەوەكەی نێوان وەفدی هەرێم و عیراق بە كوردسات نیوزی راگەیاند، ئەم هەفتەیە عیراق بڕی ٧٦٠ ملیار دینار بۆ موچەی مانگی ١١ رەوانەی هەرێم دەكات، ئەگەر لە ماوەی ١٠ رۆژیشدا، تەرازووی پێداچونەوە تەواو بكرێت، ئەوا هەفتەی داهاتوو دەست بە تەمویلیكردنی موچەی مانگی ١٢ش دەكات.
وتیشی، حكومەتی هەرێمیش بەڵێنیداوە داواكارییەكانی بەغداد جێبەجێبكات و تەرازووی پێداچونەوە رێكبخاتەوە.
جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، فەرمانگەكانی بەشداری پرۆسەی وەبەرهێنانی سلێمانی راسپارد، پلانێكی تۆكمە بۆ گەشەپێدانی وەبەرهێنانی شارەكە ئامادەبكەن و راشیگەیاند، سەرەتای ساڵی داهاتوو پرۆژەی دووسایدی كەلار- دەربەندیخان تەواو دەبێت.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە سلێمانی لەگەڵ بەڕێوەبەر و سەرۆكی فەرمانگەكانی بەشدار لە پرۆسەی وەبەرهێنانی سلێمانی كۆبوەوە و بەشداربووانی كۆبوونەوەكەی راسپارد، بەردەوامبن لە هەوڵ و ئاسانكارییەكان بۆ وەبەرهێنەران، وتیشی، بە هەموو شێوەیەك هاوكار و پشتیوان دەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانی بەردەم وەبەرهێنەران.
هەروەها فەرمانگەكانی بەشداری پرۆسەی وەبەرهێنانی راسپارد، پلانێكی تۆكمە بۆ گەشەپێدانی وەبەرهێنان ئامادەبكەن و تێیدا، شێوازی چارەسەركردنی گرفتەكانی بەردەم پرۆسەكە دەستنیشان بكەن.
هاوكات، قوباد تاڵەبانی لەگەڵ قائیمقام و بەرپرسانی یەكە ئیدارییەكانی قەزای دەربەندیخان كۆبوەوە و رایگەیاند، لەپێناو باشتر خزمەتكردنی دانیشتوانی دەربەندیخان گۆڕانكاری پێویست لە پۆستە ئیدارییەكانی قەزاكەدا دەكرێت، راشیگەیاند، سەرەتای ساڵی داهاتوو دووسایدی كەلار - دەربەندیخان تەواو دەبێت و بەڕووی شۆفێراندا دەكرێتەوە.

نوێنەرانی بەشێك لە مامۆستایانی ناڕازیی، لەرێگای دادگاكانی هەولێر و سلێمانییەوە ئاگاداركردنەوەیان بۆ هەردوو سەرۆكی حكومەتی عیراق و هەرێم و وەزیرانی دارایی نارد، بۆ ئەوەی موچەی فەرمانبەران بە بانكی بكەن.
رەعد رەفعەت نوێنەری بەشێك لە مامۆستایان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، ئەو ئاگاداركردنەوە بۆ بەبانكیكردنی موچەی موچەخۆرانە بەو شێوازەی دادگای فیدراڵی رەزامەندی لەسەر داوە.
وتیشی ئەگەر لەماوەی ٨ رۆژدا وەڵامی ئاگاداركردنەوەكە نەدرێتەوە پرسەكە دەگۆڕێت بۆ سكاڵا و رێوشوێنی یاسایی یكە دەگرنەبەر.
پەیەدە پێشوازی لە وتەكانی محەمەد جۆلانی دەكات لەبارەی پێگەی كورد لە سوریا و دەڵێت بەشداری كورد لە پڕۆسەی سیاسی پێویستی بە گفتوگۆی راستەوخۆیە و پێویستە ئاگربەست لەسەرتاسەری سوریا رابگەیەنرێت.
هاوسەرۆكایەتیی پارتی یەكێتی دیموكرات "پەیەدە" راگەیەنراوێكی لەبارەی وتەكانی ئەحمەد شەرع ناسراو بە محەمەد جۆلانی سەرۆكی دەستەی تەحریر شام و فەرماندەی پڕۆسە سەربازییەكانی سوریا بڵاوكردەوە و جەختی لەوە كردەوە بەشداری كورد لەم قۆناغە راگوزاریەدا بۆ دامەزراندنی سوریای نوێ گرنگە، بەدیهێنانی ئەوەش پێویستی بە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پێكهاتەی كورد بۆ گفتوگۆكردن لەسەر نەخشەڕێگای هاوبەش.
راشیگەیاند، لێدوانەكانی ئەمدواییەی جۆلانی سەبارەت بە كورد و پرسی كورد ئەرێنی و بنیاتنەرە.
پەیەدە ئاماژەی بەوەشكرد، لەكاتی شۆڕشدا كورد پارێزگاری لە یەكێتی خاكی سوریا كردووە و بەشداری كورد لە پڕۆسەی سیاسی پێویستی بە گفتوگۆی راستەوخۆیە.
هەروەها داوادەكات ئاگربەست لەسەرتاسەری سوریا رابگەیەنرێت و هێرشەكانی سەر باكور و رۆژهەڵاتی سوریاش رابگیرێت.
نوێنەرایەتی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ پارتە كوردییەكان كۆبووەوە بەمەمەبەستنی یەكسختنی هەڵوێستەكانیان لە سوریا، ئیلهام ئەحمەد دەڵێت كورد لە دیمەشقەوە رۆڵی گرنگی لە داهاتوی سوریادا دەبێت.
كۆبونەوەی پارتە كوردییەكان لەگەڵ نوێنەری پارت و رێكخراوەكانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا لە برۆكسلی پایتەختی بەلجیكا بەڕێوەچوو لە بەیاننامەیەكی حەوت خاڵیشدا جەخت لە یەكڕیزیی كورد و رۆڵی لە داهاتوی سوریا كراوەتەوە.
ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆكی دەستەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەریی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا لە كۆبونەوەكەدا رایگەیاند: كار دەكەن بۆ پاراستنی دەستكەوتەكانی گەلی كورد لە ئێستا و داهاتوی سوریادا.
وتیشی پێویستە كورد بە یەكڕیزیی و لێكتێگەیشتن لە ناوخۆیاندا ئامادەكاریی بكەن بۆ ئەوەی لە دیمەشقی پایتەخت رۆڵی گرنگ لە داهاتوی سوریادا ببینن.
ئیلهام ئەحمەد جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە پارتە كوردییەكان لە باكور و رۆژئاوی كوردستان ناكۆكییەكانیان بۆ پاراستنی دەستكەوتەكان چارەسەر بكەن و بە یەكڕیزیی رۆڵیان لە بونیادنانەوەی سوریا هەبێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان کاتی دابەشکردنی موچەی راگەیاند و دەڵێت، "سێشەممە دەست بە دابەشکردنی موچە دەکەین".
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، "وەفدێکی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدادیان کرد بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە وشایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆکان ئەرێنی بوون ولەیەکتێگەیشتنی هاوبەش هاتووەتەدی بۆ دابینکردنی شایستەکانی مووچەخۆرانی هەرێم".
لە راگەیەندراوەکەشدا هاتووە، "لەڕۆژی سێشەممەوە ١٧ـی ١٢ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ١٠ دەکرێت و لەگەڵ گەیشتنی تەواوکارییەکانی مووچە، مووچەی مانگەکانی تریش بە زووترین کات دابەش دەکرێت".
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، " سوپاسی خۆڕاگری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکەین و دڵنیایان دەکەینەوە کە بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری مافەکانیان نابین".
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران سەردانی قەزای دەربەندیخانی کرد و لەگەڵ قایمقام و بەرپرسانی یەکە ئیدارییەکانی قەزاکە کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی یەک شەمە (15/12/2024) بەڕێوەچوو، باس لە دۆخی خزمەتگوزارییەکانی قەزای دەربەندیخان و گرفت و کەموو کوڕییەکان کرا. لەو بارەیەوە قوباد تاڵەبانی رایگەیاند؛ لەگەڵ تیمی حکومەت و بەرپرسانی قەزای دەربەندیخان بەردەوام لەسەر هێڵ دەبێت و هەموو هەوڵێک دەدەن تا کەموکوڕییەکان چارەسەر بکەن تاکو باشتر خزمەتی دەڤەرەکە و هاوڵاتییان بکرێت.
هەروەها جێگری سەرۆک وەزیران داوای لە بەرپرسانی قەزاکە کرد هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بگرنەبەر بۆ کارئاسانیکردن و راپەڕاندنی کاروباری هاوڵاتییان. وتیشی: لەپێناو باشتر خزمەتکردنی دانیشتوانی دەربەندیخان گۆڕانکاری پێویست لە پۆستە ئیدارییەکانی قەزاکەدا دەکرێت.
دواتر قایمقام و بەرپرسانی ئیداری قەزاکە راپۆرتێکیان لەبارەی ئەو پڕۆژانە خستەڕوو کە لە پێشینەی داواکارییەکانی هاوڵاتییانی دەڤەرەکەن و لای خۆییەوە جێگری سەرۆکوەزیران جەختی لەوە کردەوە کە خۆی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەو داواکارییانە دەکات تاوەکو زۆرترین خزمەت بە ناوچەکە بکرێت.
لە کۆتاییدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا کە سەرەتای ساڵی داهاتوو دووسایدی کەلار - دەربەندیخان تەواو دەبێت و بەتەواوەتی دەکرێتەوە بەڕووی شۆفێران کە ئەوەش یەکێکە لەداواکارییە گرنگەکانی دەڤەرەکەیە، هەروەها وتی؛ بەم نزیکانە کار لە پڕۆژەی تۆڕی ئاوی دەربەندیخان دەکرێت بۆ ئەوەی ئەو گرفتەش کە یەکێکە لە داواکارییەکانی هاوڵاتییان، چارەسەر بکرێت.
جەختیشکردەوە کە پێویستە گرنگی زیاتر بە گەشتوگوزار بدرێت و هانی وەبەرهێنەران بدرێت لەم بوارەدا وەبەرهێنان بکەن تا ئەو کەرتەش وەک پێویست گەشە بکات و دەرفەت و هەلی کار بۆ دانیشتوانی سنوورەکە دابین بکات.
وەفدێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەردانی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان یان کرد و لەلایەن ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی حزبەکەوە پێشوازییان لێکرا.
لەدیدارێکدا، د.مەجید حەمەدئەمین ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی پیرۆزبایی یادی ٣٩ساڵەی دامەزراندنی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان ی لێکردن و ڕایگەیاند، حزبی زەحمەتکێشان لە ١٩٨٥/١٢/١٢ هاوشانی لایەنەکانی تری کوردستان خەباتی سیاسی و سەربازی لەهەرێمی کوردستان دەستپێکردوو چەندین شەهیدوقوربانی لەپێناو ڕزگاری وئازادی کوردستان بەخش.
لەبەرامبەردا هاوڕێ بێکەس قادر بەناوی مەکتەبی سیاسی حزبی زەحمەتکێشان سوپاس و خۆشحاڵی بەوەفدی یەکێتی ڕاگەیاندو بوونی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ی بەزەرورەت زانی بۆ هەوڵ دان لەپێناو مافەبەدەست نەهاتووەکانی گەلی کوردو کەهەمیشە قوربانی داوە بۆ ئازادی و دیموکراسی و مافی چارەی خۆنووسین.