بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵیادی شەهیدبوونی فەرماندە ئاکام دا، پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، "ئەوەی شەهید ئاكام بە خاكی كوردستانی بەخشی كەم نەبوو، ئەو بوو بە تەمەنێكی كەم و ئازایەتییەكی بێوێنەوە لە سەنگەرەكانی پێشمەرگە دژی یەكێك لە دڕندەترین هێزەكانی مێژوو وەستایەوە و پارێزگاری لە خاكی كوردستان و خەڵكەكەی دەكرد".

دەقی پەیامەکە

ئەمڕۆ بە دڵتەنگییەكی قووڵ و وەفاداریی هەمیشەییمانەوە یادی شەهیدبوونی برام فەرماندە ئاكام عومەر دەكەینەوە، یادی سیمبوولێكی ئازایەتی و جوامێرێكی رێگەی ئازادی و دادپەروەری دەكەینەوە.

ئەوەی شەهید ئاكام بە خاكی كوردستانی بەخشی كەم نەبوو، ئەو بوو بە تەمەنێكی كەم و ئازایەتییەكی بێوێنەوە لە سەنگەرەكانی پێشمەرگە دژی یەكێك لە دڕندەترین هێزەكانی مێژوو وەستایەوە و پارێزگاری لە خاكی كوردستان و خەڵكەكەی دەكرد، ئەو كوردستانی لە دڵیدا هەڵگرتبوو و هەموو ئەوەی دەیویست سەرفرازی و سەقامگیریی بوو بۆ خاكەكەی، دواجار هەر لەو پێناوەشدا چووە ریزی شەهیدان و كاروانی نەمرانەوە.

دوای شەهیدبوونی فەرماندە ئاکام عومەر بەڵێنماندا هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان کە بەرهەمی هەوڵ و تێکۆشانی ئەو بوو، بەهێزتر و گەورەتر بکەین. بەڵێنەکەمان بەجێگەیاند و ئێستا ئەو هێزە لەهەمووكاتێك بەهێزتر و پتەوترە. لەهەمووكات زیاتر ئامادەی بەگژداچوونەوەی دوژمنانی كوردستان و یاساشكێنانە، هەموو پێشمەرگەكانی بە رۆحێكی یەكێتییانە و ئازایەتییەك كە لە شەهید ئاكامەوە فێریبوون، زیاتر ئامادەی بەخشینی خوێنی خۆیانن لەپێناو خاكی كوردستاندا. 

دروود بۆ رۆحی شەهید ئاكام و سەرجەم شەهیدانی كوردستان.. سەربەرزی بۆ كەسوكارە خۆڕاگرەكانیان

بافڵ جەلال تاڵەبانی

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان