ئاسایشی سلێمانی لە كەمتر لە ٤٨ سەعاتدا تۆمەتبارانی رووداوی كوشتنی ئەو هاوڵاتییەی دەستگیركرد كە تەرمەكەی لەئۆتۆمبێلەكەیدا دۆزرایەوە، ئاسایش دەڵێت هاوڵاتییەكە بە ٤ فیشەك كوژراوە و لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكە بەردەوامە


بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە، رۆژی چوارشەممەی رابردوو تەرمی هاووڵاتییەك لەناو ئوتۆمبێلەكەی خۆیدا، لەسەر رێگای (عەربەت - سلێمانی) دۆزرایەوە، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانیش لەسەر رووداوەكە دەستبەجێ لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانیان دەستیپێكرد و شوێنی دوو تۆمەتبار دەستنیشان كرا، لەسەر فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش، توانرا لەماوەی كەمتر لە ٤٨ سەعاتدا دەستگیربكرێن كە تەمەنیان ٢٢ ساڵ ٣١ ساڵن.


راشیگەیاندوە، دوای دەستگیركردن و ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەكان تۆمەتباران دانیان بە تاوانەكەیانداناوە و دەركەوت تۆمەتباری سەرەكی بەچەكی جۆری دەمانچە بە چوار فیشەك لە نزیك گوندی (گڵەزەردە) ئەو هاووڵاتییەی كوشتووە و دواتر تەرمەكەی كردووەتە ناو سندوقی ئۆتۆمبێلەكە و لەسەر رێگای (سلێمانی - عەربەت) ئۆتۆمبێلەكەیان بەجێهێشتووە و هەڵهاتوون، لە ئێستاشدا تۆمەتباران بەماددەی 406 لەیاسای سزادان دەستگیركراون و لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكانیان بەردەوامە.