پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، لە رووداوێکی هاتوچۆدا لەسەر رێگای تەکیە- ئاغجەلەر، کەسێک گیانی لەدەستدا و هەشت کەسی دیکەش بریندار بوون.

ئاماژەی بەوەشکرد، رووداوەکە لە نزیک گوندی کانی سپیلکە روویداوە و لەنێوان چوار ئۆتۆمبێلدا بووە.

ئەوەشی خستە روو، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە پیاوێکە تەمەنی لەنێوان ٥٥ بۆ ٦٠ ساڵ دایە و خەڵکی گوندی داڵاوا بووە.

پەیامنێری کوردسات نیوز ئەوەشی خستە روو، لە ئێستادا بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شەهید پێشڕەو لە چەمچەماڵ و لە ژێر چاودێری پزیشکدان.

ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە، هاتوچۆی گەرمیان رایگەیاند، لە رووداوێکی هاتوچۆدا لەسەر رێگای باوەنوور بەرەو کەلار، چوار منداڵ گیانیان لەدەستدا و ژنێکیش بریندار بوو.