سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی وەفدی دارایی هەرێم بۆ بەغداد بۆ كاتێكی نادیار دواخرا
لاوان
٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
بەهۆی ئامادەنەبوونی لیستی موچە و جێبەجێنەكردنی داواكارییەكانی وەزارەتی دارایی عیراق، سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی سبەینێی وەفدی دارایی هەرێم بۆ بەغداد، بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، بەهۆی تەواو نەبوون و جێبەجێنەكردنی داواكارییە نوێیەكانی وەزارەتی دارایی عیراق لە حكومەتی هەرێم، لەنێویاندا لیستی موچە و دەرهێنانی لیستی ناوی خانەنشینان، سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی رۆژی یەكشەممەی وەفدی دارایی هەرێم بۆ بەغداد بۆ كاتێكی نادیار دواخراوە.
سەرچاوەیەك لەو وەفدەی هەرێم كە بڕیارە سەردانی بەغداد بكات بە كوردسات نیوزی راگەیاند، داواكارییە نوێیەكانی وەزارەتی دارایی عیراق لە حكومەتی هەرێم، زۆرە و ناتوانرێت لەماوەیەكی كەمدا سەرجەمیان جێبەجێبكرێن، بەو پێیەش نازانرێت سەردانەكە لە رۆژانی داهاتوودا دەبێت یاخود زیاتر دوادەكەوێت.
ئەو سەرچاوەیە وتیشی، هەركاتێك داواكارییەكانی دارایی عیراق لە حكومەتی هەرێم تەواوبوون، بە زووترین كات وەفدەكەی هەرێم سەردانی بەغداد دەكات و لەگەڵ لێپرسراوانی وەزارەتی دارایی عیراق كۆدەبێتەوە.
ئەوەش لەكاتێكدایە، بڕیاربوو یەكشەممە وەفدی داراییەكەی هەرێم سەردانی بەغداد بكات و لیستی مووچەی مانگی یەک رادەستی وەزارەتی دارایی عیراق بكات، دواتریش لەگەڵ لێپرسراوانی ئەو وەزارەتە كۆببێتەوە و تاوتوێی ماف و شایستە داراییەكانی هەرێم بكات و راسپاردەكان لەوبارەیەوە ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بكرێت.